ئەمڕۆ دووشەممە گەنجێکی دیکەی کورد کە خەڵکی هەڵەبجەی شەهیدە لە سوریا کوژرا، کە ئەمە دووەم گەنجی کوردی شاری هەڵەبجەیە لەماوەی ئەم هەفتەیەدا لە سووریا دەکوژرێن.
بەپێی هەواڵێکی سایتی دووربین، نزیک لە مەلا کرێکار، ئەمیری پێشووی ڕێکخراوی ئەنسارولئیسلام، ئەمڕۆ گەنجێکی دیکەی هەڵەبجەیی لە ڕیفی قامیشلی له ڕۆژئاوای کوردستان کوژراوە، بەمەش لەساڵی نوێدا دوای ڕابەر هەڵەبجەیی دووەم گەنجی شاری هەڵەبجەیە لە شام دەکوژرێت.
هەر بەپێی زانیارییەکانی هەواڵی ئەو سایتە، مەروان ساڵح هەڵەبجەیی نازناوی ئەبو تەڵحەی کوردی بوە ولەگەڵ ڕابەر هەڵەبجەییدا پێکەوە لەسەرەتای ڕەمەزانی 2013 گەشتوونەتە شام و لەدایکبوی ساڵی 1992یه.
هەروەها هاتووە: ناوبراو ئەندامی دەوڵەتی ئیسلامی عیراق وشام بوەو لەشەڕی سوپای ئەسەددا کوژراوە، ماوەی 15 ڕۆژە لە لایەن ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە هێرشێکی بەرفراوان کراوەتە سەر بارەگاکانی سوپای سووریا لە ڕیفی قامیشلی و لەهەوڵی دەست بەسەرداگرتنی فرۆکەخانەی قامیشلین.
سایتی دووربین ئەوەشدەڵێت: "مەروان و ڕابەر پێکەوە گەشتنە شام و شەهید بونیان تەنها دوو ڕۆژی نێوان بووە".
بەمەش کوژرانی گەنجانی کورد لە سووریا بۆ 18 کەس بەرز دەبێتەوە، کە ژمارەیەکیان خەڵکی هەڵەبجەی شەهیدن.
- 13-01-2014