خەڵکی خۆڕاگری عیراق!
جەماوەری کۆڵنەدەری کوردستان!
هەروەکو پێشبینیمان دەکرد، دۆخی عیراق دووچاری مەترسی ڕاستەوخۆی تێکچوونی باری ئاسایش و پرۆسەی سیاسی بۆتەوە، هەرمانگێک جاری، پارێزگایەکی عیراق، دەکەوێتە بەر بەربڵاوترین هێرشی تیرۆریستان، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، پارێزگای موسڵ-یش، داگیرکراو داڕما.
ئەی خەڵکی دڵسۆزو تێکۆشەر!
ئەم دۆخەی عیراق، بۆ ئێمەی یەکێتیی، ساڵەهایە، پێشبینی کرابوو؛ لە بەرزترین ئاستی کۆبوونەوە ئاشکراو نهێنییەکانیشدا، لەگەڵ وڵاتان و حکومەتی عیراق، مەترسی دۆخێکی وەکو ئێستای عیراقمان خستبووە بەرچاو، لە کۆبوونەوەی حزبە کوردستانییەکان و، لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و، حکومەتی کوردستانیش، بەردەوام ئەم مەترسیانەو چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەشمان، باسکردووە، بەداخەوە، لە بەرامبەردا، حکومەتی عیراق، بەبیانووی جۆراوجۆرو، بەبێ دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینەی کێشە سیاسییەکان و، تەنگوچەڵەمە ئابورییەکان و، جێبەجێکردنی ماددەی (140) و ئیدارەی شیاوی حوکمڕانی، تەنها بە سیاسەتی ملیتاریستی و ئاسایشی تاک لایەنە، وەڵامی پەرۆشی ئێمەو هەموو لایەکی تری دەدایەوە، هەروەها لایەنی دیکەش هەبوون لە ئۆپۆزسیۆنی کوردستان و عیراقدا، بۆچوونەکانی ئێمەیان بۆ مەترسییەکانی سەر دۆخی سیاسی عیراق و کوردستان و دەوروبەر، بە پڕوپاگەندەی دەسەڵات بۆ پاراستنی دەسەڵاتدارێتی لەم قەڵەم دەدا، بەڵام..
بەداخەوە، گرێی دەست خرایە دەم، وادەرکەوت پاشماوەکانی بەعس، سەلەفییەکان و شۆڤێنییەکان، لە ئامادەباشی و مەڵاسدا بوون، هەتا هەلی شەڕو هەلومەرجی هێرشی فراوان، بقۆزنەوە.
ئێستا کە ئاشکرابوو، عیراقی دیموکراتی فیدراڵ، لە بەردەم چ مەترسییەکی گەورەی پیلانگێڕانی دوژمنانی دیموکراسی و فیدراڵدایە، بێگومان هەموو خەڵک و تەواوی لایەنەکانی دەبێ بزانین، کە ئەم دۆخە مەترسیدارەی عیراق و گۆڕینی ستراتیژی عەسکەری تیرۆریستان، لە تاکتیکی شەڕی لابەلای ڕەشەکوژییەوە، بۆ هێرشی بەرەیی فراوانی کۆنتڕۆڵکردنی پارێزگاکان، ڕووداوی ڕاگوزەر نییەو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە پیلانی فراوانی ناوچەکەو هێزە کۆنەپەرستەکانەوە هەیە، ئاشکراشە، ئەمجۆرە ستراتیژەی شەڕی بەرەیی فراوان، توانای عەسکەری و لۆجستی زۆرو زەبەندی دەوێ، کە بەبێ پشتیوانی دەوڵەتان، لە دۆخێکی وەکو عیراقدا، مەحاڵە ئەو توانایانە، دابینبکرێن.
ئێمەی یەکێتیی، دووپاتیدەکەینەوە، ئەگەرچی پێش لێقەومان هەلی زۆر بۆ ئیحتیاتکردنی عەسکەری و سیاسی و ئەمنی و ئیداری لەدەستدراوە، بەڵام دوای لێقەومانیش، زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە، بۆیە پێویستە:
یەکەم: حکومەتی عیراق، بە تەواوی سیاسەتی سەربازی و ئەمنی و حوکمڕانی خۆیدا بچێتەوەو دەرسیان لێوەربگرێ و بەرنامەیەکی هاوبەشی لەگەڵ هەموو لایەکدا هەبێ، بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەم دۆخەو تێکشکاندنی تیرۆریستان، بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەدا، ئەمەش دەستبەجێ کۆبونەوەی ئاستی باڵاو ڕێکەوتنی دەوی لەسەر وردەکاری ڕاپەڕاندنی ئەرکە هاوبەشەکان.
دووەم: سەبارەت بە کوردستان، بەتایبەتی ناوچە دابڕێندراوەکان لە باشوری کوردستان و هەرێم، لەم دۆخەدا، لە هەموو کاتێک زیاتر ڕووبەڕووی مەترسی بۆتەوە، چونکە دڵنیاین، ئەم لایەنانەی بۆ تێکدانی عیراقی فیدراڵ یەکیانگرتووە، لەگەوهەردا ئەندێشەی شۆڤێنیزم و سەلەفییەت کۆیاندەکاتەوە، کاتێکیش سەلەفیەت و شۆڤێنییەتیش یەکانگیری سیاسی دەبن، لە هەلومەرجی وەکو ئێستای باری دواکەوتووی عیراق و، نەبونی نەریتی دیموکراسی و، زاڵبونی عەقڵییەتی نەتەوەیی تەسک و مەزهەبی و تایفەگەریدا، گەورەترین مەترسی لەسەر دیموکراسی و چارەسەری دیموکراسیانەی کێشەی نەتەوایەتی پەیدا دەکەن، بۆیە، ئەرکی هەموو لایەنە کوردستانییەکانە، بەتایبەتی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم، بەوپەڕی وریایی و تواناوە، ئاگایان لە ناوچە دابڕێندراوەکان بێت و چی پێویستدەکات، پێش ئەوەی شارە کوردستانییە دابڕاوەکانیش، وەکو موسڵ و ئەنبارو فەلوجە بخرێنە گێژاوی شەڕەوە، تەواوی ئیحتیاتی عەسکەری و ئەمنی ئیداریان بۆ بکرێ.
جەماوەری دڵسۆز!
لەکاتێکدا یەکێتیی دڵنیایە، کە عیراق و کوردستان، بەهیممەت و هەوڵی هەموو لایەک، بە بەرنامەو سیاسەتی هەمەلایەنەی هاوبەش، بە دەرس وەرگرتن لە هەڵەکان، لەم دۆخەش ڕزگار دەکرێ؛ هەروەها یەکێتیی، هەروەکو بەناوبانگە لە مێژوودا، هەموو لایەک دڵنیادەکاتەوە، کە هەر هێزە شۆڕشگێڕەکەی ڕۆژگاری تەنگانەو بەرەنگاری و هەڵمەتی دوژمن شکێن دەبێ، لەگەڵ سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم-دا، لە ڕاوێژی پەیتا پەیتاداین، بەتەواوی تواناوە، پشتیوانی هێزی پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیس و دژەتیرۆر دەبین، بۆ پاراستنی کوردو کوردستان و ئەزمونەکەشمان.
بەدڵنییاییەوە، لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانمان درێغی ناکەین، چاوەڕوانیشین، لەسەر ئاستی بەرز، بڕیارو بەرنامەکان، دڵنیایی تەواو بدات بە ڕای گشتی و ئومێدی سەرکەوتنیش ببەخشێتە گەلانی عیراق.
ئیتر بۆ پێشەوە
بۆ پاراستنی عیراقی فیدراڵ و
سەرکەوتنی ئیرادەی دیموکراسی لە بەرامبەر دوژمنانی ئازادی
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
10-06-2014