بەختیار محەمەد (بەختیار پاڵانی- سەرنووسەری ڕۆژنامەی دەنگی مەخموور)
مێژووی ئاوەدانی لەدەڤەری مەخموور بۆ سەردەمانی زوو دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لەدەوروبەری چیای قەرەچووغ ئاسەواری ئاشوورییەکان بەدی دەکرێت، هەروەها لەچەند گوندێکی ئەم ناوچەیە ئاسەواری بەر لەهەزار ساڵ بەدی دەکرێت بەتایبەت لەگوندەکانی وەکو عەوێنەو کوشاف و کەنداڵ.
ناوی مەخموور لە چییەوە هاتووە؟
چەند ڕاووبۆچوونێکی جیاواز لەبارەی ناوی مەخموور هەیە، بەڵام دیارترین سێ بۆچوون لەبارەی ناوی مەخموور دەخەینەڕوو، یەکەمیان پێیانوایە ناوی مەخموو لەوشەی (مەخمەر یان مەخمەل) هاتووە، بەواتای جلێکی ڕەنگاو ڕەنگ یاخود پارچە قوماشێکی جوان، چونکە لەبەهاران ئەم ناوچەیە وەکو پارچەقوماشێکی مەخمەری خۆی دەنوێنێ.
بۆچوونی دووەم لەبارەی ناوی مەخموور ئەوەیە کە مەخموور لە (مەرغ-موور) هاتووە، واتا (تەیروتوار) چونکە ئەم ناوچەیە ژمارەیەکی زۆر باڵندەی کێوی تێدایە. بۆچوونێکی دیکە هەروەک عەزیزی مەلای ڕەش ڕۆماننوسی کورد باسی لێوەدەکات و دەڵێت: یەکەمجار دەبێ ئەوە بزانین کە مەخموور نییە بەڵکو مەغموورە، ئەم وشەیەش لە (غەمر) هاتووە بەمانای (سەراب)ە، چونکە ئەگەر لەسەرچیاو زوورگەکانی نزیکەوە سەیری دەشتی قەراج و کەندێناوە بکەی دەغەمرێنێت.
مەخموورو برایماغای دزەیی
کەسایەتی دیاری دەڤەری مەخموور (برایماغای بایزئاغای دزەیی (1840-1920ز) بۆ یەکەمجار قەڵاتی مەخمووری ئاوەدان کردۆتەوە، دواتر لەلایەن دەسەڵاتدارانی عوسمانییەوە قشڵەی مەخموور لەساڵی 1870 دروستدەکرێت و دوای ملمڵانێیەکی زۆرو بەناچاری برایماغا قەڵاتی مەخموور جێدەهێڵێ و دێتە ئەو شوێنەی کە مەخمووری ئێستایە، دوای ئەوەی برایماغا لەساڵی 1920 کۆچی دوایی دەکات، لەجێگەی ئەو (موشیر ئاغا)ی کوڕی دەبێتە حاکمی مەخموورو بۆ یەکەمجار لەسەردەستی ئەو لەساڵی 1923 قوتابخانە لەمەخموور دروست دەکات، بەڵام بەهۆی نەخۆشییەوە موشیرئاغا لەساڵی 1940 کۆچی دوایی دەکات.
مەخموور کەی و چۆن بووە قەزا؟
بۆ یەکەمجار بەفەرمانی پاشایەتی ئەو سەردەمەی عێراق بەنووسراوی ژمارە (458) لەرۆژی (15-3-1927) مەخموور وەکو قەزا دەستنیشانکراوە، کە ئەوکات مەخموور (75) ماڵی تێدابووە، پێکهاتبوو لە نەتەوەی کوردو جولەکە، بەڵام بەر لەوەی مەخموور بکرێتە قەزا باس لەوەدەکرێت کە مەخموور سەرەتا ناحیە بووەو دواتر کراوەتە قەزا، هەروەها بۆچوونێکی تر هەیە کەوا سەرەتا ناحیەی گوێڕ قەزا بووە دواتر وەکو لە وەقائعی عێراقی تۆمارکراوە کە لەساڵی 1928 قەزاکە لە گوێرەوە گواستراوەتەوە ناو مەخموور. هەروەک لەتابلۆی ناوی قایمقامەکانی قەزای مەخموور کە لەباڵەخانەی قایمقامیەتی مەخموور پارێزراوە، تێیدا هاتووە کە یەکەم قایمقامی قەزای مەخموور بەرێز (عەبدولرەحمان سەعید بابان) بووە، تاساڵی 2016 ژمارەی قایمقامەکانی مەخموور (40) قایمقام گۆراوە، کە زۆربەیان بەرەچەڵەک لە نەتەوەی عەرەب بوونەو لەدوای پرۆسەی ئازادکردنی مەخموور لەساڵی 2003دا بۆ یەکەمجار هاوڵاتییەکی خەڵکی مەخموور وەکو قایمقام بۆ قەزای مەخموور دەستنیشانکرا، ئەویش بەرێز (عەبدولرەحمان بێلاف) بووە کە لەساڵی 2003 تا 2007 قایمقامی قەزای مەخموور بووە.
کاریگەری سیاسەتی بەعەرەبکردن لەمەخموور
وەکو باسمان کرد مەخموور لەساڵی 1927 کراوەتە قەزاو سێ ناحیەی بۆ دانراوە ئەوانیش ناحیەکانی (قەراج و کەندێناوە و گوێڕ)ە، هەر لەساڵی 1933 ڕووبەڕووی شاڵاوی تەعریبکردن بووەتەوە، لەوکاتەی ناوی زۆرێک لەگوندو دێهاتەکانی ئەم ناوچەیان گۆڕی، بۆ نموونە گوندی (بندیان)ی گۆڕی بۆ ناوی (مندیان).
هەر لەمیانەی سیاسەتی بەعەرەبکردنی ئەم ناوچەیە، لەساڵی 1975 حکومەتی ئەوکاتی عێراق هەستا بەدەستکاری کردنی دیموگرافیای قەزای مەخموور، ئەمەش لەرێگەی دابڕانی زیاتر لە 20 گوندی سەر بەشارەدێی کەندێناوەی خستە سەر پارێزگای کەرکووک و ناوی لێنا ناحیەی سەرگەڕان. جگە لەمانەش لەساڵەکانی 1963و 1968و 1988 چەندین شاڵاوی تاڵانکردن و بەعەرەبکردن ڕووبەرووی ئەم ناوچەیە بووەتەوە، هەروەها لەبەرواری (2-12-1996) ڕژێمی بەعسی ڕووخاو بەبڕیارێک قەزای مەخمووری خستە سەر پارێزگای مووسڵ، هەروەها بەبڕیارێک ناحیەیەکی دیکەی بۆ مەخموور زیادکرد، کاتێک گوندی (مەلاقەرە)ی سەر بەناحیەی کەندێناوەی کردە ناحیەیەکی سەربەخۆ بەناوی ناحیەی عەدنانیە.
پارێزگا کارتۆنیەکەی مەخموور
ئەگەرچی مەخموور لەراپەرینی بەهاری 1991 ئازادی بەخۆیەوە بینی، بەڵام تەنها بۆ ماوەی 20 ڕۆژ سەربەخۆ بوو، دواتر کەوتەوە دەست ڕژێمی بەعسی ڕووخاو، بەرادەیەک لەشوباتی 1992 پارێزگای هەولێری بەشێوەیەکی کارتۆنی لەمەخموور دامەزراند، کە ئەوکات پارێزگارەکەی (فوئاد مستەفا خورشید دزەیی) بوو، بەجۆرێک هەموو داموودەزگاکانی پارێزگای هەولێری گواستەوە بۆ مەخموور، بەڵام ئەم کارەی زۆری نەخایاند تەنها بۆ ماوەی شەش مانگ بەردەوام بوو، لەدوای هاتنەوەکایەوە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، ئەوەبوو لەکۆتایی مانگی ئابی 1992 پارێزگا کارتۆنییەکەی گواستەوە بۆ شاری موسڵ.
چەند زانیارییەک لەبارەی مەخموور
لەرووی جوگرافییەوە مەخموور کەوتۆتە باشووری ڕۆژئاوای شاری هەولێر، (55)کم لە هەولێر دوورەو (150)کم لەشاری موسڵەوە دوورە، بەپێی دابەشبوونی هێلەکانی گۆی زەوی کەوتۆتە خوارووی هێلی (36)ی پانی و هێلی (43-44)ی درێژی، لەرووی دیاریکردنی شوێن مەخموور (58.43) مەتر بەرزی لەئاستی ڕووی دەریاوە، لەئێستادا مەخموور لە (203) گوند پێکهاتووە، کە (49) گوندیان عەرەبنشینن، ژمارەی دانیشتووانی مەخموور لەساڵی 1990 (85751) کەس بووە، دانیشتووانەکەی لە 60%ی لەنەتەوەی کورد پێکهاتووە بەشێکی نەتەوەی عەرەبن لەناحیەی قەراج و کەمێکیش لەناحیەی گوێڕ هەن. ڕووبەری گشتی مەخموور دەگاتە (1.049.982) دۆنم، لەساڵی 1978 لەلایەن کۆمپانیایەکی ڕووسی دووەم گەورەترین سایلۆی عێراق لەم شارە دروستکراوە.
ماوەتەوە بڵێن ئەگەرچی مەخموور خاوەنی سەدان بیرە نەوتەو ڕۆژانەی 250 هەزار بەرمیل نەوت لەخاکەکەی بەرهەمدێت، بەڵام ئەگەر سەیری سیمای مەخموور بکەی، هەست ناکەی کۆنترین قەزای عێراق بێت، چونکە لەڕووی خزمەتگوزاری تاڕادەیەکی زۆر فەرامۆشکراوە.