کامەران عەبدە ساڵح
ڕوداوەکانی خنکانی هاوڵاتیان لە ئاوی زێ و ڕوبارەکاندا بەردەوامە، شارەزایانی ئەو بوارەش، وێڕای ئەوەی هۆکاری دروستبوونی زۆربەی ئەو ڕوداوانە بۆ ناشارەزایی لە مەلەکردندا دەگەڕێننەوە، داوا لە دەزگا پەیوەندیدارەکانیش دەکەن کەرەستە و پێداویستیی پێشکەوتوو بۆ ئەو تیمە فریاگوزارییانە دابینبکرێت کە ئەرکی فریاکەوتنی ئەو کەسانەیان پێسپێردراوە کە دەکەونە ئاوەوە.
نەقیب مستەفا محەمەد، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، بە خەندان-ی ڕاگەیاند: لەمساڵدا 5 هاوڵاتی لە سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، لە ئاوی زێ و ڕوبارەکاندا خنکاون.
وتیشی: دوایین قوربانیی خنکان لە ئاودا، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵی دانیشتووی شارۆچکەی حاجیاوا بوو، کە ڕۆژی 14ی ئەم مانگە لە قوڵاییەکانی دەربەندی ڕانیە لەکاتی مەلەکردندا گیانی لەدەستدا.
بەپێی بەدواداچوونێکی خەندان، زۆربەی ڕوداوەکانی خنکان بەهۆی ناشارەزایی یاخود کەمشارەزایی لە مەلەکردندا دروستدەبن، زۆرێک لەو کەسانەی پەنا بۆ مەلەکردن دەبەن، شارەزاییەکی ئەوتۆیان نیە، هەر بۆیەشە لەکاتی هاتنەپێشی بچووکترین گرفتدا توانای ڕزگاربوونی گیانی خۆیان نامێنێت و دەبنە قوربانی، لە هەمانکاتدا دەزگا پەیوەندیدارەکان لەڕووی بڵاوکردنەوەی ڕێنماییەوە بۆ هاوڵاتیان و گەشتیاران بۆ خۆپاراستن لە ڕوداوەکانی خنکان، وەک پێویست هەنگاویان نەناوە، لەڕێی دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە، کەمترین هۆشیارکردنەوە لەوبارەیەوە دەدرێتە هاوڵاتیان.
لای خۆیەوە، محەمەد بڵباس شارەزا لەبواری کارە فریاگوزارییەکان، بۆ خەندان وتی: هەرچەندە تیمی مەلەوانی و تیمەکانی تری فریاکەوتن کە لە نزیک ئاوی زێ و ڕوبارەکان جێگیرکراون، تائێستا توانیویانە هاوکاری زۆرێک لەو کەسانە بکەن کە کەوتوونەتە ئاوەوە و لە مردن ڕزگار کراون، بەڵام پێویستە لەسەر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداویستیی زیاتر بۆ ئەو تیمانە دابینبکات.
محەمەد بڵباس، ڕوونیکردەوە، ئەو تیمانە پێویستیان بە بەلەمی ڕزگارکردن، ئۆتۆمبێل و جلوبەرگی تایبەتی چوونە ناو ئاو و چەندین پێداویستی دیکە هەیە، کە پێویستە بۆیان دابینکرێت، بۆ ئەوەی زیاتر بتوانن ئەرکەکانیان بە ئەنجام بگەیەنن.
- 18-07-2014