فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران لەکەرکووک ڕایدەگەیەنێت، 33 هەزار خێزانی ئاوارە ڕویان لەکەرکووک کردوه و له و ژمارەیەش هەشت هەزاریان تەنها لەماوەی 24 کاتژمێردا گەیشتونەتە شارەکە.
کەرکووک، ئاوێنەنیوز: سایتی مەداپرێس لەسەر زاری، عەمار سەباح، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، تەنها لەماوەی ڕۆژانی شەممە تا یەکشەممە هەشت هەزار خێزانی ئاوارە لەپارێزگای سەلاحەدینەوە ڕوی لەکەرکووک کردوە کە ئەم ڕێژە زیادبونە بۆ یەکەمجارە لە 10ی حوزەیرانی ڕابردوەوە ڕوبدات.
ئاشکراشیکرد، بەمەش ژمارەی ئاوارەبوان بۆ کەرکووک لەسەرەتای ڕوداوەکانی حوزەیرانەوە گەیشتوەتە 33 هەزار خێزان.
عەمار سەباح، وتیشی، فەرمانگەکەی تائێستا مینحەی یەک ملیۆن دیناری بەسەر زیاتر لەسێ هەزار و 500 خێزانی ئاوارە دابەشکردوە.
پێشتر کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە 19ی تەمموزی ئەمساڵ ڕایگەیاند، یەک ملیۆن و 250 هەزار ئاوارەی لەناوخۆی عێراق تۆمارکردوە کە بەدەست گرفتی جیاجیاوە دەناڵێنن، هۆشداریشیدا لەزیادبونی ژمارەیان.
لە 10ی حوزەیرانی ڕابردوەوە چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر شاری موسڵ و ناوچەکانی دەوروبەریدا گرت، پاشان چەند ناوچەیەکی سەر بەپارێزگاکانی کەرکووک و دیالە و سەلاحەدینیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، بەهۆی ترسی هاوڵاتیانیش لەکارە توندوتیژ و دڕندانەکانیان شەپۆلی ئاوارەبون ئه و ناوچانەی گرتەوە.
- 04-08-2014