نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە عیراق 10 هەزار کەس کوژراون و 20 هەزاری تریش برینداربون.
زەید بن ڕەعد حسێن کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ لەنەتەوە یەکگرتووەکان لەمیانەی دانیشتنێکی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا سەبارەت بە عیراق، ڕایگەیاند، ڕێکخراوی داعش تاوانگەلێکی ئەنجامداوە ڕەتکردنەوەی مەحاڵە.
پێداگریشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئه و تاوانانەی لەعیراقدا ئەنجامدراون، بە قەبارەی پرۆسەی کۆمەڵکوژین، هاوکات ئامادەیی کۆمسیۆنەکەشی نیشاندا لیژنەیەک بنێرێتە عیراق بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە لەتاوانەکانی ڕێکخراوی داعش، بکات.
حسێن وتیشی، تاوانەکانی داعش کوشتن و ئەتککردن و لاقەکردن و فرۆشتنی ژن و کچی منداڵ لەخۆدەگرێت، هەروەک بەمەبەست مافی کەمینەکانی پێشێل کردووە چونکە ئه و گروپە تیرۆریستییە دان بە هیچ مافێکی بنچینیەیی مرۆڤدا نانێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە کچانی خوار تەمەن 12 ساڵ لەلایەن ئه و گروپەوە فرۆشراون و منداڵان ناچارکراون دیمەنی لەسێدارەدان ببینن و بۆ جەنگ نێردراون.
لەلایەن خۆیەوە نیکۆڵای ملادینۆف نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕەوشی ئەم وڵاتە بەره و خراپتر هەنگاودەنێت، پێویستە ستراتیژی لەناوبردنی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی گۆڕانی بەسەردا بکرێت.
هاوکات ملادینۆف پێشوازیکرد لەپەیوەندیکردنی هۆزە عیراقییەکان بە جەنگی دژە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامییەوە.
لەعەرەبییەوە: والی عەلی
19-11-2014