وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم مانگە هەرێمی کوردستان بە نەوتی کەرکووکەوە دەتوانێت ڕۆژانە بڕی 600 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی بەغداوە هەناردەی دەرەوە بکات.
سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (تۆڕی میدیایی ڕووداو) گوتی: " بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستی ئێمەیە ئێستا هەرێمی کوردستان بەبێ نەوتی کەرکووک، ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەدەکات، بەو پێیە ئیتر بەغدا بیانووی نەماوە و دەبێت بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی لە بودجە هەیە بینێرێت". ئێستا کە هەرێمی کوردستان بەشەکەی خۆی لە ڕێککەوتنەکە جێبەجێکردووە بەغداش دەبێت بەشەکەی خۆی جێبەجێ بکات.
شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە نەوتی کەرکووک گوتی: " بەپێی وتەی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، هەندێ کێشەی تەکنیکی هەیە لە نەوتی کەرکووک، کە هێشتا چارەسەر نەکراوە، بەڵام ئەوە نابێتە بەربەست لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، چونکە نەوتی کەرکووک لە ژێر چاودێریی کۆمپانیای نەوتی باکوور هەناردە دەکرێت و ئەوان ئاگایان لە کێشە تەکنیکییەکان هەیە".
بەپێی ڕاگەیاندنی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بڕیارە بە کۆی گشتی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە تا کۆتایی ئەم مانگە بگاتە ڕۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوت.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، هەرێمی کوردستان بە نەوتی کەرکووکەوە دەبێت ڕۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و لەبەرامبەریشدا لە بودجەی ساڵی 2015-ی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بە لەسەدا 17 جێگیرکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بودجەی هەرێمی کوردستان نەدراوە بە بیانووی ئەوەی نەیتوانیوە ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی بگەیەنێتە 550 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.
- 12-03-2015