دەوڵەتی تورک یان بە ناوێکی تر دەوڵەتی ڕەجەب تەیب ئاردۆگان. لە کوردستان هەموو پێوەرێکی مرۆیی ژێر پێ خستووە و هێرش بۆ سەر هەموو پیرۆزیەکانی مرۆڤایەتی دەکات.
دوای گەوەر، شەمزینان، گم گم، بسمل، ناوەندی شاری ئامەد (سوور) و جزیرەی بۆتان، ئێستاش بە تانک و تۆپ و جبەخانەی قورسی لەشکەریەوە هێرش دەکاتە سەر شەرناخ، فارقین و نسێبین. وا دیارە کە هەموو کوردستانی کردۆتە ئامانجی سیاسەتی گڵاوی قڕکردن. شار لە دوای شارۆچکە و دێ لە دوای دێیەکانی کوردستان هەنگاو دەنێ. ئەوا بۆ پێنج ڕۆژ دەچێ لە شارەکانی فارقین ونسێبین چوونەدەرەوەی لە هاوڵاتیان قەدەغەکردووە و بە هەموو شێوازێکی دڕندانەی خۆی گوێ بە هیچ ڕەوشتێکی مرۆڤی نادات و بە وەحشیەتگەری هەڵسوکەوت دەکات و زاڵمانە ڕەفتاری نابەجێ پیادە دەکات. لەبەر چاوی ڕای گشتی و جیهان لوولەی چەک دەخاتە سەر سەری ڕۆژنامەوانان بۆ ئەوەی ئەو دیمەنە قێزەونانەیان نەگەیەنرێنە ڕای گشتی.
لە شاری شەرناخیش، ڕووی ڕاستەقینەی فاشیستیانەی خۆی جارێکی تر بەڕووی جیهان نیشان دا، وڵاتپارێزێکی بە ناوی حاجی لوقمان بیرلک، دوای ئەوەی کە بریندار دەکرێ، بە ئەشکەنجە شەهید دەکرێت و لاشەکەی بە دوای ئۆتۆمۆبیلێکی لەشکەری ئەبەستنەوە و بە ئەرزا دەیخشێنن! ئا ئاوا ڕەگی هاری گرتوونی! ئا ئاوا لە مرۆڤایەتیەوە دوورکەوتوون!
بێگومان، گەلەکەمان لەم ڕەفتارە وەحشیەتگەرانەی دەوڵەتی تورک نامۆ و بێ ئاگا نیە، پێش ئێستاش لە زۆر ناوچەی کوردستان هەمان ڕەفتاری نامرۆییان ئەنجام داوە. ڕووداوی ئەکین وان (کەوسەر ئەلتورک) ی شاری مووشیان کرد، چەندە وەحشیگەرایی و بێ ڕەوشتیانە بوو هێشتا بە بەر چاوی هەموومانەوە ئەو وێنانە زیندوون و لە یاد نەکراون.
لە شاری فارقین هەر دوێنێ 5 ی مانگ بینایەی بارەگای (کوردی. دەرێ) لە لایەن پۆلیسەوە سووتێندرا. ئەوانە ڕووداوی ئاسایی نین! بەڵکو دوژمندارێتی بەها پیرۆزیەکانی گەلی کوردە، ئەمە دژایەتیە لەبەرامبەر مێژووی وێژە و زمانی کوردی! ئەم ڕەفتارانە ی دەوڵەتی تورکیا نابێ لەبیر بکرێ و بەسەر گەلی کوردستاندا تێپەڕێ.
ئایا چی جیاوازی لە نێوان ڕەفتارەکانی داعش و دەوڵەتی ئاکپارتی تورکیادا هەیە! جیاوازیەکەیان تەنها ئەوەیە کە یەکێکیان دەوڵتێکی ڕەسمی یە و ئەوەی تریان نا ڕەسمی. بۆیە بە ئاسانی ئەتوانرێ بگوترێ ئاکپارتی و دەوڵەتی تورکیا داعشێکی فەرمی (رەسمی) ن.
بۆ ڕێگرتن و ڕاوەستاندنی ئەم سیاسەتە فاشیستانەی دەوڵەتی تورکیا، بانگی ویژدانی مرۆڤایەتی، هەموو دەوڵەتانی جیهان دەکەین، هەروەها بانگی گشت سازی و دەزگا نێونەتەوەیی، لەسەروویانەوە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین، کە پێویستە بە ئەرکی ڕاستەقینە و پێویستی خۆیان هەڵسن و بە پەلە ڕێ لەبەردەم ئەو فاشیستیەی دەوڵەتی تورک (ئاکپارتی) بگرن.
هەروەها پێش هەموو کەس، ئێمە گەلی کورد و دۆستانمان گەلانی کوردستان، کە ئەمڕۆ ساڵیادی یەک لە نیشانەی بەرخۆدانی کۆبانێ کە قارەمانیەتی ژنی کورد ئارین میرکانە، پێویستە بە گیان و ڕوحیەتی ئەو تێکۆشەرانە هەڵسینە سەر پێ و لە دژی زیهنیەتی فاشیستانەو داعشیانەی دەوڵەتی ئاکپارتی، دەست لەناو دەست ئەم تێکۆشانە مرۆڤایەتیەی لە پێناو ژیانی ئازاد و سەرفرازانەدایە، بەردەوامی پێ بدەین.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ک.ن.ک، پشتگیری خۆمان بۆ بەرخۆدانی گەلەکەمان لە پێناو خۆسەری دیموکراتیک دووپات دەکەینەوە. هەروەها بۆ هەموو هاوکاری وپێویستیەک بۆ شارەکانی فارقین، نسێبین، شەرناخ و سەرانسەری کوردستان ئامادەین.
ئێمە لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان / ک ن ک لەو باوەڕەداین کە زیهنیەت و سیاسەتی دەوڵەتی ئاکپارتی و داعش لەبەرامبەر ئیرادەی گەلەکەمان و مرۆڤایەتی سەرنگوم دەبێ و هەڵدەوەشێ و گەلەکەمان سەردەکەوێ.
کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان. ک ن ک
11-10-2015