بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
ئازادکردنی شنگال لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش لەڕووی سەربازی و سیاسی و مێژووییەوە سەرکەوتنێکی مەزن بوو بۆ گەلی کوردستان کە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەکانمان تۆمار کرا. ئەم سەرکەوتنە بە هەموو لایەک دەڵێت کە ئیتر ئەو ڕۆژە ڕۆییشت داگیرکار و ستەمکاران گەلی کوردستان بچەوسێننەوە. ئێستا گەلی کوردستان سەربەرزانە بەرگری لە خۆی دەکات و دوژمن دەشکێنێ و پارێزەری بەهاکانی مرۆڤایەتیشە.
لەدوای داگیرکردنی شنگال و ئەو کارەساتەی بەسەر خوشک و برا ئێزییدییەکانماندا هات ئامادە بووین هەموو ڕێگەیەک بگرینە بەر و هەموو نرخێک بدەین کە شنگال ئازاد بکرێت بۆ ئەوەی بڕوابەخۆبوون بۆ گەلی کوردستان و خوشک و برا ئێزیدییەکانمان بگەڕێتەوە و دوژمن و تیرۆریستان لە خاکی پیرۆزی کوردستان دەربکرێن.
لە ماوەی ڕابردوودا خوشک و برا ئێزیدییەکانمان دووجار زوڵمیان لێ کراوە، بەهۆی کوردبوونیان ستەمیان لێ کراوە و بەهۆی ئایینەکەیشیان چەوسێندراونەتەوە و ئازار دراون. دەمەوێ خوشک و برا ئێزیدییەکان لەوە دڵنیا بکەمەوە کە هەمیشە گەلی کوردستان پاڵپشتیانن و ئەوان بەشێکی ئازیزی کوردستانن و پێشمەرگە بە خوێن و قوربانیدانی خۆی ئەوەی سەلماند. کوردستانیش وڵاتی پێکەوەژیان و برایەتی و لێبووردەیی ئایین و نەتەوە جیاوازەکانە و دەبێ ئەو فەرهەنگەی گەلی کوردستان وەک خۆی بمێنێتەوە و دەوڵەمەندتر بکرێت.
پیرۆزبایی ئازادبوونی شنگال لە هەموو هاووڵاتیانی کوردستان دەکەم کە بە دەست و بازووی پێشمەرگەی قارەمان هاتەدی. سەرکەوتنێکی گەورە کە هەرگیز مێژوو لەیادی ناکات. لێرەدا بەپێویستی دەزانم سوپاسی ئەمەریکا و هێزە هاوپەیمانەکان بکەم کە بە پاڵپشتیی ئاسمانیی بێوێنە یارمەتیدەری پێشمەرگە بوون لە ئازادکردنی شنگالدا. سوپاسی هەموو ئەو هێزە بەشداربووانەی پێشمەرگە و فەرماندەکانیان دەکەم کە ئەم داستانە مەزنەیان تۆمار کرد. سوپاسی بێ پایانی خۆم ئاراستەی پێشمەرگەکانی فەرماندەیی زێرەڤانی و یەکەکانی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا، فەرماندەیی شنگال، فەرماندەیی دهۆک، فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانیی یەک، فەرماندەیی بارزان، لەشکری تایبەتی یەک، لەشکری گولان، لەشکری تایبەتی دوو، هێزی دژەتیرۆر، هێزی تایبەتی یەک، هێزی 32، هێزی ژینگەی دهۆک، لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، لیوای 4، لیوای 8، لیوای 12، لیوای ـی111ـی سەر بە یەکەی حەفتا و، هێزە خۆبەخشەکان دەکەم کە بە ئیرادەیەکی پۆڵایین بەشداری ئۆپڕاسیۆنی ئازادکردنی شنگال بوون. سوپاسی یەکەکانی سەر بە ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان دەکەم کە ڕۆڵی کاریگەرییان لە بەڕێوەچوونی ئۆپڕاسیۆنەکە و گەیاندنی زانیاریی دروست و هەماهەنگی لەگەڵ هێزی هاوپەیمانان و دانانی پلانی ڕزگارکردنی شنگالدا هەبوو.
ئازادکردنی شنگال داستانی قارەمانێتیی بێوێنەی ڕۆڵەکانی گەلی کوردستانە و کارییگەرییەکی گەورە لەسەر بڕوابەخوون و دواڕۆژی گەلی کوردستان بەجێدەهێڵێت بۆیە پێویست بوو گەلی کوردستان ئاگاداری ڕۆڵی ئەو هێزانە بێت کە بەشداری ئۆپڕاسیۆنەکە بوون و مێژوو یادی بکاتەوە.
لە کۆتاییدا هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدە نەمرەکانمان دەنێرم و داواکارم لە خوای گەورە شیفای تەواو بۆ بریندارەکان بنێرێت و هیوای دواڕۆژێکی گەش بۆ گەلی کوردستان دەخوازم.
مسعود بارزانی
13-11-2015