لە زاری خۆیەوە:
من ناوم زاهیر باهیرە ساڵی 1952 لە گوندێکی سەر بە ناوچەی قەرەداغی شاری سلێمانی لەدایک بووم، دەرچوی 'خانەی مامۆستایانی سلێمانی'م و لە ڕۆژی 07-11-1985 دا گەیشتۆمەتە لەندەن و تا ئێستاش هەر لێرە دادەنیشم.
وەکو چالاکی ڕامیاری هەر لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیمەوە تێکەڵاوی ڕێکخراوی یەکێتی قوتابییانی باڵی مەکەتەبی ڕامیاری (جەلالی) و پارتەکەیان بووم. لە ساڵی دیراسی 1969/1970 دا لەتەک شەهید ئەمین پۆڵا (حەمەئەمینی حاجی شێخ عەلی کە لەناو مەفرزە سەرەتاییەکانی کۆمەڵەدا بە مامۆستا شەماڵ ناسرا بوو) بەرپرسی یەکێتی قوتابییانی خانەی مامۆستایان و پەیمانگەی مامۆستایانی سلێمانی بووم.
لە ساڵی 1972 دا پەیوەندیم بە گرووپی مارکسی -لینینییەکانی عێراقەوە، کرد. ئەو لە سەروبەندێکی ئاوادا درووست بووبوو کە هەندێک لەو هاوڕێیانە ماوەیەکی کەم بوو کە لە کۆمەڵەی مارکسی -لینینی کوردستانی (کۆمەڵەی ڕەنجدەران) لەسەر ناکۆکی فیکری ئایا: گرووپی مارکسی-لینینی، دەبێت کوردستانی بێت یا عێراقی بێت، جیا بووبوونەوە.
پاش ماوەیەک بەهۆی گومانی جۆرێک لە پەیوەندیبوونی دوو هاوڕێ وە کە لە گرووپەکەدا بوون، لەگەڵ پیاوانی سەر بە دەوڵەتدا، تەنیا چارەیەکمان هەڵوەشاندنەوەی گرووپەکە بوو. هەر پاش تێپەڕبوونی ماوەیەکی کەم ئەوانەمان کە ویستمان یەکبگرینەوە لە پشتی برادەرانی گومانلێکراوە وە، یەکمان گرتەوە و ڕێکخراوێکی تازەمان بەناوی ڕێکخراوی مارکسی-لینینی شیوعیەکانی عێراقەوە درووستکردەوە و ڕۆژنامەیەکمان بەناوی کۆمۆنیستەوە دەردەکرد، هەر بەهۆی ئەوەشەوە دواتر ڕێکخراوەکە بە گرووپی کۆمۆنیستەکان، ناسرا. کارەکان بەو شێوەیەی کە چاوەڕوان دەکرا نەدەچوونە پێشەوە بۆیە هەر لە سەرەتای ساڵی 1976 وە هەندێک لەو برادەرانە بەهۆی هەندێک گیروگرفتەوە لە کارکردن و لە گرووپەکە چونە دەرەوە، بەڵام وەکوو دۆستێکی گرووپەکە و بزووتنەوەی کۆمۆنیستی هەر مانەوە. لە کۆتایی ساڵی 1976 و سەرەتای 1977 دا دوای ئەوەی کە بارودۆخی کارکردن لە شارەکاندا یەکجار گران بوو، هێرش و شاڵاوی گرتن و ئیرهاب دەستی پێ کرد بەتایبەت دوای گیرانی برایم حەسەن، کە ئەندامی ڕێکخراوی ڕەنجدەران بوو، لە ساڵی 1977 دا، کە ناوی خەڵکانێکی زۆرزۆری لە هەموو گرووپ و لایەنەکانی دییش، هێنابوو. ئەو هێرشە ئێمەشی گرتەوە و هاوڕێیەکمان گیرا و دووانی دییشمان دوای ناوهێنانیان ڕایان کردە دەرەوە و من و هەندێکی ترمان بۆ ماوەیەک خۆمان شاردەوە تاکوو زروفەکە نەختێک ئاساییی بووەوە. لەم ماوەیەدا ئێمە پەیوەندیمان لەتەک پاشماوەی حیزبی شیوعی عێراقی (قیادە مەرکەزی) کە بە وەحدە القاعیدە ناودەبران و یەکێتی کارگەران و هەندێک خەڵکی زۆرباشی ناو کۆمەڵە هەبوو.
ئاڵۆزبوونی زیاتری بارودۆخەکە بووە هۆی کشانەوەی هەندێک لە برادەرانی دیمان و هەندێکی دییشیان ڕویانکردە هەندەران، بەڵام پەیوندی ئێمە لەگەڵ وەحدە القاعیدە، تادەهات زیاتر دەچووە پێشەوە و هارکارییەکی زۆر هەبوو لەنێوانماندا. هەر بە حوکمی ئەم نزیکییەمان لە یەکترییەوە و باشتر ئەوانمان ناسی، بۆمان دەرکەوت کە ئەوان لە فەوزا و ئاڵۆزییەکی زۆر گەورەدا دەژین هەم لە کێشمانکێشی فکری لەسەر ناکۆکی نێوانی ئەلبانیای ئەو کاتەی ئەنوەر خواجە و چیندا، کە خودی ناکۆکییەکەش لەسەر تیوری جیهانی سێیەم بوو، هەم لە لوبنانیش، کە هەندێک لە هاوڕێیان و هەندێک لە سەرانی حیزب لەوێ بوون. کێشەی نێوانی هەندێک لەم هاوڕێیانە لەتەک 'فازیلی مەلا مەحموود' (یادی بەخێر) و 'عادل عەبدولمەهدی'، کە دواتر ڕوی لە ئیسلامێتی کرد و لەم ساڵانەی پێشووشدا ماوەیەک نائیبی جەلال تاڵەبانی، سەرکۆماری عێراق، بوو، کە لای زۆربەمان 'عادل بە ابو امل' ناسرابوو، درووستبووبوو وە کێشەکەیان بەرەو خراپی دەڕۆیشت.
کێشەی نێوانی ئەوان شێوەیەکی زۆر هەرزانە و توندڕەوانەی وەرگرتبوو تاکوو گەیشتبووە چەک ڕاکێشان لەلایەن یەکێک لەو هاوڕێیانەوە لە فازیل و عادل، کە خۆیان پاڵپێوەنەری ئەو کارەی ئەو هاوڕێیە، بوون. هەر لەبەر ئەمانە داوا کرا کە یەکێک لە ڕێکخراوی ناوەوەی 'وەحدە القاعیدە' بچێت بۆ 'بەیرووت' هەم بۆ سوککردنی کێشە شەخسییەکان و هەم بۆ باشتر حاڵیبوونی کێشە تیورییەکان تاکوو هاوڕێیانی ناوەوەشیان، خۆیان لەسەر ئەو کێشەیە، ساغ بکەنەوە.
لەبەر نزیکی ئێمە لەوانەوە و هارکاریکردنی زۆریان، هاوڕێیانی ئەوان داوایان لە من کرد کە بچم بۆ بەیرووت، منیش پاش وەرگرتنی ڕاو پرسی هەندێک لە هاوڕێیانی خۆمان، داواکەی ئەوانم قبووڵکرد. لە 16-08-1978 من چووم بۆ لوبنان و دوو هەفتە من و فازیل بە یەکەوە لە ماڵی عادل لە بەیرووت ماینەوە و بەردەوام هەدوو لام دەبینی بەڵام نەمتوانی کە کێشە شەخسییەکان لابەلا بکەمەوە، بەڵام زۆر بەباشی لە ناکۆکییە تیوریەکەی نێوانیان، تێگەیشتم.
لە گەڕانەوەمدا ڕاپۆرتێکی درێژم لەسەر سەفەرەکەم بە هاوڕێیانی 'وەحدە القاعیدە' پێشکەش کرد و هاوڕێیانی خۆشمانم ئاگادار کردەوە، پێشنیاری ئەوەم بۆ ئەوان کرد کە کار کردنیان لەگەڵ سەرانیاندا لە دەرەوی عێراق، لە دەستدانی وەخت و وزە و ڕووبەڕووبوونەی مەترسی گرتن و تیاچوونە، هەتا بۆ ئێمەش کە زۆر نزیکبووین لەوانەوە. گەرچی پێشتر ورەوری ئەوەمان دەکرد کە وەختی ئەوە هاتووە کە بە یەکەوە کار بکەین لە ڕیکخستنێکی نوێدا، بۆیە لە گەڕانەوەمدا من پێشنیازی درووستبوونی گرووپێکی نوێ کە لە هەردوولامان پێکبێت، بۆ کردن، لە کاتێکیشدا کە ئێمە هەردوولامان دەمێک بوو لەسەر تیوری جیهانی سێیەم، فکرمان ساغکردبووەوە و ڕامان لە زۆربەی مەسەلەکاندا وەک یەک بوو. پاش ئەوەی ئەوان لێدوان و گفتوگۆیەکی زۆریان لەسەر ئەوە کرد و ئێمەش بەجددی لەسەر یەکگرتن لەگەڵ ئەواندا و کارکردن لە ڕێکخراوێکی نوێدا، قسەوباسی زۆرمان کرد.
وەکو وتم مشتومڕێکی زۆر لەلایەن هەردوولاوە لەسەر ئەو مەسەلەیە کرا و سەرەنجام لە ساڵی 1979 دا، پێم وایە لە کۆتایی ئەو ساڵەدا بوو، کە گرووپی مارکسییە -لینینییەکانی عێراقمان درووستکرد و ڕۆژنامەی 'کار' و 'العمل'مان دەرکرد، کە دواتریش ئەو گرووپە بەناوی کار وە ناسرا.
لێرەش، لە بریتانیا، هەر بەگەیشتنم لەتەک ئەو هاوڕیانەی کە بەروودوا گەیشتبوینە بریتانیا و لەگەڵ هەندێک هاوڕێی دیدا جۆرێک لە پەیوندیمان درووستکرد. هەروەها هەر لەگەڵ ئەو هاوڕییانەدا کەوتینە گفتوگۆ لەگەڵ 'شۆشیالیست وەرکەر پارتی SWP'دا، کە واماندەزانی ئەوان لە ڕوی فکرییەوە لە ئێمەوە نزیکن. پاش چەند دانیشتنێکی ڕۆڵی لەتەک سەرکردەکانیاندا کە بەردەوام 'تۆنی کلیفی' تێدا بوو کە سەرکردەی یەکەمیان بوو، زانیمان کە لەگەڵیاندا ناگەینە هێج سەر ئەنجامێک بۆیە پاشەکشەمان لێکردن. دواتر لەتەک هەندێک برادەری ئێرانی و کوردی خۆماندا شتێکمان درووستکرد دژی جەنگی ئێرانی و عێراقی بۆ ئەم مەبەستەش چەند چالاکییەکمان لەژێر ناوی دەستەیەک لە شوڕشگێڕانی دەرەوی عێراق، بەرەو دژایەتیکردنی سەرمایەداری، کۆمیتەی پشتگیری لە خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان، دەستەیەک لە بەشداربوانی خۆپیشاندانەکانی شوبات و مارتی، 1988 دژی جەنگ و دژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، چەند گرووپێکی چکۆلەی دی، ئەنجام دا، دوای ئەوە کەوتمە گۆڕینەوەی نامە و نووسینێکی زۆر لەتەک برادەرانی 'فصیل شیوعی عالەمی / گرووپی کۆمونیستی جیهانی' دا، چەندجارێکیش بینیمن، بەڵام لەگەڵ ئەوانیشدا نەگەیشتمە خاڵێکی ناوکۆیی بۆ کردنی چەشنێک لە چالاکی.
لە سەرەتای نەوەدەکاندا لەپاڵ ئێشکردن و کاری نیقابییدا کە نمایندەی کرێکارەکانی لای خۆمان بووم و لە هەمان کاتیشدا ئەندامی کۆمیتەی نقابەکەشمان بووم. دەستم کرد بە خوێندنەوەیەکی چڕوپڕ سەبارەت بە لینین و مارکس بەتایبەت تیوری مارکس لەسەر دیکتاتۆری پڕۆڵیتاریا و دەوڵەت. پاش ماوەیەک خوێندنەوە و تێکەڵاوبوون بە بزووتنەوەی کرێکاران لێرە و تێڕامان و بیرکردنەوە و شیکردنەوە، لەم بوارەدا توانیم بەتەواوی فکری خۆم ساغ بکەمەوە، بەردەوامیش بووم لە چوون بۆ کۆبوونەوە کوردییەکان و ناکوردییەکان و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان.
لە سالێ 1996 دا دوای شەهیدکردنی 'حەمە حەلاق' و هاوڕێکانی لەتەک چەند هاوڕێ و برادەرێکدا کە زۆربەیان یا دۆستی یا سەر بە حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری بوون کۆمەڵەیەکمان (جەمعیەک) بە ناوی 'بەرگری کردن لە ماف و ئازادی خەباتی کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان'، درووستکرد و بڵاوکراوەیەکیشمان بەناوی پشتگیری دەرکرد. بەداخەوە ئەمە هەر ساڵێک و کەمێک زیاتری خایاند. پاش ئەوەی کە زۆربەی ئەو بردەرانە خەڵکێکی زۆریان لە دانیشتنەکان تەرەکرد، دواتریش خۆیان لە لیژنەکە کشانەوە، ئەم جەمعیەش وەکوو گەلێکی دی لەوانەی پێشتر بە ئاکامی مەرگی خۆی گەیشت و کۆتایی هات.
ئەمە جگە لەوەی من هەر لەو ماوانەدا بەبەردەوامی بۆ هەندێک لە گۆڤارەکان و ناو بەناویش بۆ یەک دوو ڕۆژنامەیەک وتارم نووسیوە، لەوانە گۆڤاری دواڕۆژ، هەنگاو، ڕۆژنامەی ژینی نوێ و پەیام، دواتریش لەتەک دوو سێ هاوڕێیەکدا گۆڤاری دالیان و ژیڵەمۆمان دەردەکرد، بەڵام لەبەر کێشەی نەبوونی پارە و چاپەمەنی بەناچاری لە دەرکردنیان، وەستاین. کە باوی ئینتەرنێتیش هات و سایتەکان کەوتنە پێشچاو منیش ناو بەناو دەستم کردەوە بە وتار نووسین لەپاڵ کارکردن و نواندنی چالاکی لەنێو چەند گرووپێکی لۆکاڵیدا لە لەندەن.
لە ڕۆژی 19-07-2011 دا خۆم خانەنشینی پێشوادەیی کردووە و تەواوی ژیانی خۆمم بۆ ئەوەی کە باوەڕم پێی هەیە، تەرخانکردووە.
یەکێکە لە چالاکانی گرووپی هاوپشتی هارینگەی (Haringey Solidarity Group (HSG.