خوشکان و برایانی ڕۆژنامەنووسم
سڵاوتان لێ بێت و جەژنی ڕەمەزانتان لێ پیرۆز بێت
بەبۆنەی هاتنی جەژنی ڕەمەزانەوە.. پیرۆزبایی گەرمتان لێدەکەم و هیوادارم لەم جەژنەدا ماندوو بوونتان بحەسێتەوە و لەناو خێزان و ماڵ و منداڵانی خۆتاندا پشویەکی باش بدەن..
خوشکانم برایانم
بە پێویستی دەزانم پێتان ڕابگەیەنم کە لقی سلێمانی سەندیکاکەتان لەهەر کات و ساتێکدا ئەرک و پێویستیتان کەوتە ئێمە، ئەوا بێ سڵەمینەوە لەگەڵتان دەبین و لەرێگای پارێزەرە دڵسۆزەکانتانەوە هەموو مافێکی خوراو هەقێکی براوتان بۆ دەگێرَینەوە.. ئەم ڕاستیەش گەر هەموو ئەندامان شایەتیمان بۆ نەدەن ئەوا زۆربەتان ئەو ڕاستیە دەزانن بەتایبەت ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە کەیسی دادگاو پۆلیستان هەبوەو ئێستاش هەتانە..
ماوەیەکە لێرەو لەوێ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسانی سنووری لقەکەمان تەلەفۆنمان بۆ دەکەن تا بەیاننامەیان لەسەر بڵاوبکەینەوە لەسەر ئەو داواکارییانەی کە هەیانە.. بێگومان وەڵامی ئێمە هەمووکات و هەردەم وتومانە: دەبێت سەرەتای هەموو کەیس و کێشەیەک سکاڵای یاسایی لە بنکەیەکی پۆلیس تۆمار بکرێت.. پاشان ئێمە وەک لقی سلێمانی بەهەموو ئەرکەکانی تر هەڵدەسین هەرلە تێچوون و سەردان ودابینکردنی پارێزەرو هەموو تێچوونەکانی تر.. بەڵام مەرجیش نیە هەموو کەیسەکان ڕۆژنامەنووس تیایاندا براوە بێت و دادگاش بەپێی یاسای ژمارە 35 کە یاسای ڕۆژنامەوانیە لە هەرێمی کوردستان ئەو کەیسانە بەڕێوە دەبات..
زۆرمان پێ سەیرە کە ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسەکانمان نایانەوێت بە یاسا مافە خوراوەکانیان (وەک داوایدەکەن) بۆ وەربگرینەوە، بەڵکو تەنها داوای بڵاوەکردنەوەی بەیاننامەیەک دەکەن کە ناویان تیایدا هەبێت و هیچی تر..
بۆیە لێرەوە پێتان ڕادەگەیەنین کە دەرکردنی بەیاننامە بە بێ ڕێوشوێنی یاسایی و بەبێ ئاگاداری پۆلیس و دادگاکان کارێکی ڕۆژنامەوانی و سەندیکایی نیە و ئێمە بە کاری خۆمانی نازانین.. بەڵام لە ڕێگای یاساوە کە یاساش سەروەری هەموانە ناهێڵین هیچ کەسو لایەنێک مافی هیچ کام لە کچ و کوڕە ڕۆژنامەنووسەکانمان بخوات و ماندووبونیان بە هەدەر ببات..
تکایە بەدەر لە یاساو کاری دادگاکان، داوای بڵاوکردنوەی هیچ بەیاننامەو تۆمەتبارکردنی هیچ کەس و لایەکمان لێ مەکەن.. چونکە ڕاستیەکی زۆر سادە هەیە ئەویش(تۆمەتبار بێتاوانە تا تاوانەکەی دەسەلمێنرێت).. زۆربەی بەیاننامەکانیش بنەمایەکی یاساییان نیەو ناتوانن مافی خوراوی کەسمان بۆ بگێرَنەوە..
جارێکی تر هیوای سەرکەوتن و سەلامەتیتان بۆ دەخوازم
کاروان ئەنوەر
سکرتێری لقی سلێمانی
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان
03-07-2016