رۆژنیوز – ڕێزان محەمەد
لە شاری سلێمانی ئەنجامی تویژینەوەیەک بەناوی (ئاوارەیی گرفت و دەرفەت) پێشکەشکرا و گفتوگۆیەکی کراوەی لەسەر کرا، بەپێی توێژینەوەکە، %80ی ئاوارەی عێراقیەکان نیشتەجێی شارەکانن و لە دەرەوەی کامپەکاندان.
ئەمڕۆ لە هۆتێلێکی شاری سلێمانی توێژینەوەیەک بەناوی (ئاوارەیی گرفت و دەرفەت)، کە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی ئاماری شاری سلێمانی و بەهاوکاری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان UNCHER لەسەر ئاواراکەنی دەروەی کەپمەکان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان ئەنجامدرابوو، پێشکەشکرا و پاشان گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
توێژینەوەکە، تەنها تایبەت نەبوو بە ئاوارەکان بەڵکو تایبەت بوو بە کەسی خانەخوێش واتە (دانیشتوانی ناوچەکە خۆشی وەک شاری سلێمانی)، پێشکەشکاری توێژینەوەکە باسی لەوەکرد: توێژینەوەکە و ڕاگەیاندنیشی بۆ ئەوەیە کە چارەسەرێک بۆ کێشەکان بدۆزینەوە.
ئاماژەشی بە گرنگی توێژینەوەکە کرد و لە چەند خاڵێکدا خستیە ڕوو، کە بریتین لە:
1-ڕەوشی دانیشتوانی ئاوارە و پەنابەران کە لە هەرێمی کوردستاندان، وە لە ئێستاشدا کە هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی نەخوازراودایە و دۆخی قورس تێپەڕ دەکات.
2-مانەوە و گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئەوانەی تر کە لە پارێزگاکانی تری هەرێمی کوردستان هەن، پێویستە قسەی جدیان لەسەر بکرێت کە لە پێناوی چی بڕیاری گەڕانەوە دەدەن.
دواتر، مەحمود عوسمان، بەڕێوبەری ئاماری سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی:" ئەم توێژینەوەیەی کە ئەنجامانداوە لەسەر ئاوارەی شارەکانمان، واتە شارنشینەکانمان نەک ئاوارەی کەمپەکان، لەبەرئەوەی زۆرێک لە ڕێکخراوەکان و حکومەتیش زیاتر گرنگی دەدا بە ئاوارەی کەمپەکان".
مەحمود عوسمان، وتیشی: ئەم توێژینەوەیەی ئێمەش بۆ ئەوە بوو، کارێکی قورستر و گرانتر هەیە کە توشی شارەکان بووە، پێویستە ئێمە دیراسەی بکەینەوە بۆئەوەی گرفتەکان بخەینە بەردەست و بتوانین پلانی ڕاست و ڕەوانی لەسەر دابڕێژین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.
ناوبراو، باسی لەوەشکرد: لە توێژینەوەکەدا سێ جۆر خێزانمان بەشداری پێکردووە، جۆرێکیان خێزانی خانەخوێی نیشتەجێی شاری خۆمانن، جۆرێک خێزانەکانی ئاوارەی نیشتەجێی ئێرە و جۆرەکەی تریش خێزانی پەناهەندەکان، کە لە دەرەوەی وڵات هاتوون و لێرە نیشتەجێن.
مەحمود، ڕاشیگەیاند: لە توێژینەوەکەدا بۆمان دەرکەوت %80ی ئاوارەی عێراقیەکان نیشتەجێی شارەکانن وە %75ی پەناهەندەکان نیشتەجێ شارەکانن، لە توێژینەوەکەماندا تێکەڵاوبوونی هەرسێ توێژەکەمان خستەڕوو، وە بۆمان دەرکەوتووە %18ی دانیشتوانی سلێمانی بووە بە ئاوارەی عێراقی.
مەحمود، وتێشی: زیاتر لە 250 هەزار ئاوارە بەسەر شار و شارۆچکەکاندا دابەشبون و زۆربەشیان کرێنشینن و شارۆچکەی کفریش بەپلەی یەکەم دێت کە 50% دانشتوانەکەی لەئاوارەکان پێکهاتوە و دوای ئەویش شارۆچکەی دوکان 33% و شاری سلێمانی 19% و کەلار و چەمچەماڵ 17% و دەربەندیخان 15% و شارەزوور 13% بەپلەی دووەم تا حەوتەم دێن.
بەڕێوبەری ئاماری سلێمانی، ڕاشیگەیاند:" بەگوێرەی بەدواداچوونەکان ڕێژەیەکی زۆر لەئاوارەکان گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان ڕەتکردۆتەوە".
29-11-2016