دوارۆژ، ئاکۆ حەمەد ڕابی :
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ هەیینی 23 کانونی یەکەم، تەنها لە ماوەی 8 کاتژمێردا زیاتر لە 2000 هەزار گەشتیار سەردانی چیایی کۆڕەکی گەشتیاریان کرد، ئاماژە بەوەش دەکات، هاتنی ئه و ڕێژە گەشتیارە کاریگەریەکی زۆر باشی هەبووە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی گەشتیاری ناوچەکە.
بارزان محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سۆران بەدوارۆژی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ هەینی تەنها لەماوەی 8 کاتژمێردا زیاتر لە 2000 گەشتیاری ناوخۆیی و باشور و ناوەراستی عێراق سەردانی چیایی کۆڕەکی گەشتیاریان کردووە، ئەمەش ڕێژەیەکی باشە کە له و ماوە کەمەدا ئه و هەموو گەشتیارە ڕوویانکردۆتە ناوچەکە".
باسی لەوەشکرد، بەهۆی جەنجاڵی و قەرەباڵغی شوێنەکەش، چەندین گەشتیار گەڕانەوە و نەیان توانی بگەنە سەر چیاکە، چونکە ئه و ناوچە گەشتیارییە جمەی دەهات لە گەشتیاری زستانە.
بەڕێوەبەری گەشتو گوزاری سۆران جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، هاتنی ئه و ڕێژە گەشتیارە کاریگەریەکی زۆرباشی هەبووە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی ئابوری و گەشتوگوزار، چونکە ئەگەر هەر گەشتیارێک لانی کەم تەنها بڕی 20 دۆلاری خەرجکردبێت ئەوە دەکاتە 40 هەزار دۆلار کە ئەمەش بڕە پارەیەکی خراپ نیە لەم بارودۆخەدا.
ئاماژەی بەوەشدا، هاتنی ئه و گەشتیارە زۆرە بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکیان بەهۆی ئەوەی ئەمڕۆ هەینی بوو خەڵک لە پشوودابوو، ئەوەی تریشیان پەیوەندی بە بارین و بوونی بەفرەوە هەبوو کە دیمەنێکی جوانی به و ناوە بەخشیبوو گەشتیاران زۆر حەزیان به و دیمەنە بەفراویانە دەکرد.
بارزان محەمەد وتیشی "پێشتر گەشتیاری زستانە کەم بوو، بەڵام ساڵ دوای ساڵ گەشتیاری زستانە زیاتر دەبێت".
- 23-12-2016