دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری هاوبەشی قەیرانەکان لە حکومەتی هەرێم دەڵێت، بەهۆی شەڕی موسڵ ژمارەی بریندارانی مەدەنی بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و تا ئێستا زیاتر لە سێ هەزار بریندار لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای هەولێر و دهۆک چارەسەرکراون، زیاتر لە 90 هەزار کەسیش ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون.
ماڵپەری فەرمی حکومەتی هەرێم لەسەر زاری هۆشەنگ محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری هاوبەشی قەیرانەکان ڕایگەیاند، لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ و دەوروبەری لە ڕۆژی 17 کانوونی یەکەمی 2016 سەدان هەزار کەس ئاوارە بوون و زیاتر لە 90 هەزار کەس کە دەکاتە نزیکەی 25000 خێزان ڕوویان لە کەمپەکانی خازر و حەسەن شام و دیبەگە لە پارێزگای هەولێر و کەمپەکانی قایماوە و نەگرزلی لە پارێزگای دهۆک کردووە.
بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری هاوبەشی قەیرانەکان باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێم هەموو پێداویسیتەکانی بۆ ئەو خێزانە ئاوارانە دابینکردووە بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان بەتایبەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.
بەقسەی هۆشەنگ ژمارەی ئاوارەکان لە 10 ڕۆژی ڕابردوو دوو ئەوەندە زیادیکردووە و ڕۆژانە زیاتر لە 3000 کەس ئاوارەبوون و نزیکەی 70% ئەو ژمارەیەش هاتوونەتە هەرێمی کوردستان "بۆیە توانای داڵدەدانی ئاوارەی زیاتر زۆر سنووردار بووە، ئەگەر هەموو کەمپەکان تەواوببن ئەوا دەتوانرێت تەنیا پێشوازی لە نزیکەی 12 هەزار خێزانی دیکە بکرێت".
لە قوناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی موسڵ (29 کانوونی یەکەمی 2016) لە ماوەی دوو هەفتەدا ژمارەی ئاوارەبوون ڕۆژانە گەیشتۆتە زیاتر لە سێ هەزار کەس.
سەبارەت بە ژمارەی برینداران بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری هاوبەشی قەیرانەکان باسی لەوەکرد، ژمارەی بریندارانی مەدەنی بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و تائێستا زیاتر لە 3000 بریندار لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای هەولێر و دهۆک چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
"بەم شێوەیەی ئێستا ناتوانرێت هاوکاری پێویست پێشکەش بە ئاوارەکان بکرێت و دەرئەنجامی زۆر ناخۆشی مرۆیی لێدەکەوێتەوە کە خەرجی ڕاستکردنەوەی زۆر زیاتر دەبێت لە وەڵامدانەوەی فریاکەوتنی سەرەتایی" وەک ئەوەی هۆشەنگ محەمەد ئاماژەی بۆ دەکات.
- 14-01-2017