دواڕۆژ، ئاوارە حەمید
بەهۆی #قەیران#ی و سیستەمی پاشکەوتی مووچە زیاتر لە 200 خێزانی خاوەن پێداویستی تایبەتی هەڵوەشاندۆتەوە و سەرۆکی کۆمەڵەی کورتە باڵایانیش دەڵێت ژمارەکە بەردەوام لە هەڵکشاندایە.
عومەر جەبار، سەرۆکی #کۆمەڵەی کورتە باڵایانی کوردستان# بە دواڕۆژی ڕاگەیاند قەیرانی دارایی و سیستمی پاشکەوتی مووچە کاریگەریی زۆر خراپی کردۆتە سەر خاوەن پێداویستی تایبەت و چەندین خێزانی خاوەن پێداویستی تایبەتی هەڵوەشاندۆتەوە.
وتیشیلە ماوەی قەیرانی دارایییەوە شەش مانگ جارێک نزیکەی هەشتا خێزانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەڵدەوەشێتەوە و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە دووسەد خێزانی خاوەن پێداویستی تایبەت هەڵوەشاونەتەوە.
124 هەزار کەس مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەتی لە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، بەڵام لەم کابینەیەی حکومەتدا ژمارەکە کەمبۆتەوە بۆ 107 هەزار کەس و لە ئێستاشدا دووبارە پشکنین دەکرێتەوە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و چاوەڕێ دەکرێت ژمارەکە کەمبێتەوە بۆ 75 هەزار کەس ئەمەش بە پێی قسەی هەمزە خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی.
هەمزە خۆشناو، وتەبێژی وەزارەتی کارو #کاروبای کۆمەڵایەتی# بە دواڕۆژی ڕاگەیاند نۆ ملیار و چوار سەد هەزار دینار وەزارەتی دارایی دەداتە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت.
وتیشی مووچەی خاوەن پێداویستی تایبەت 150 هەزار دیناربوو پێش قەیرانی دارایی، بەڵام بەهۆی سیستەمی پاشکەوت مووچەکەیان کەمبووەتەوە بەجۆرێک ئەو خاوەن پێداویستی تایبەتیانەی کە مووچەی تریان لە حکومەت نییە کەمبۆتەوە بۆ 90 هەزار دینار و ئەوانەشەی مووچەی تریان هەیە 60 هەزار دیناریان پێ دەدرێت.
رونیشکردەوە، کە لە ئێستا پشکنین لە زۆر لە ناوچەکان تەواو بووە لە ئایندەیەکی نزیک پشکنین تەواو دەبێت و چاوەڕێ دەکەین ژمارەی خاوەن پێداویستی تایبەت کەمبێتەوە بۆ 75 هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت.
08-06-2017