پاش ئەوەی ژمارەیەک لە پەیامنێران و وێنەگران و کامێرامانەکانی سنووری لقەکەمان، سکاڵاو گلەییان گەیاندە ئێمە سەبارەت بەو ڕەفتارانەی بەڕێز #هاوڕێ تۆفیق# بەڕێوەبەری گشتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی کە ڕۆژی 6 ی حوزەیران لە پرێس کۆنفرانسێکدا نواندوویەتی...
ئێمەش دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی کوڕو کچە ڕۆژنامەنووسە ماندووەکانمان و لەو جۆرە ڕەفتارانە نیگەران دەبین کە هەندێک لەبەرپرسان دەینوێنن..
بۆ ڕای گشتی و شەقامی کوردی ڕووندەکەینەوە کە #یاسای ڕۆژنامەگەریی# ژمارە 35 ی ساڵی 2007 مافی داوە بە ڕۆژنامەنووس کە ڕووماڵی کارو کۆنگرەو چالاکیەکان بکات.. هەروەک لە بڕگەی چوارەمی ماددەی حەوتەمی یاساکەدا هاتوە:
(رۆژنامەنووس مافی ئامادەبوونی لە کۆنگرەو چالاکییە گشتیەکاندا هەیە)
هەروەها لە بڕگەی پێنجەمی ماددەی حەتەمدا هاتوە:
(هەرکەسێک بەهۆی کارەکەیەوە سووکایەتی بە ڕۆژنامەنووس بکا،یان دەستدرێژی بکاتە سەر، ئەوا هەمان ئەو سزایە دەیگرێتەوە کە بۆ دەستدرێژیکردنە سەر فەرمانبەرێک لەکاتی یان بەهۆی بەجێهێنانی ئەرکەکانی دانراوە)
بۆیە ئێمە لەم سۆنگەیەوە وەک سەندیکای شەرعی و ڕێگا پێدراوی بەرگریکار لەمافی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، هیوادارین بەڕێوەبەری گشتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی دڵی ڕەنجاوو زیزکراوی پەیامنێرەکان و بەتایبەت #ئاوارە عەلی حەمە# ئاشت بکاتەوە..
ئەگینا ناچارین پشت ئەستوور بە هەردوو بڕگەکانی چوارەم و پێنجەم لە ماددەی حەوتەمی یاسای ڕۆژنامەگەریی، دادگا بکەینە مەرجەعی گێڕانەوەی ڕێزو پێزانینی ماندووبوونی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە نە دادگاو نە ئێمەش ڕێگا نادەین هیچ کەس و لایەن و بەرپرسێک سووکایەتیان پێبکات..
#لقی سلێمانی#
#سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان#
08-06-2017