لەسەر ڕێگای مەخموور- هەولێر هەشت پاڵاوگەی نایاسایی گازوایل داخران. پاڵاوگەکان جگە لەوەی مۆڵەتیان نەبووە، زیانی زۆریشیان بە ژینگەی پایتەخت گەیاندووە. بەرپرسێکی ژینگە لە پارێزگای هەولێر دەڵێت، بڕیاری داخستنەکە بۆ ئەو پاڵاوگانە دەرچووە کە نزیکن لە ناوەندی شار.
ئەنوەر محەممەد، بەرپرسی پشکنین و هۆبەی چاودێری ژینگەی هەولێر بە ڕووداوی گوت بە هاوکاری پارێزگاری هەولێر و لیژنەی قائیمقامیەت، لە ئەنجامی سکاڵای زۆری هاونیشتمانیان لەو بۆنە پیسەی پاڵاوگەکان دروستیان دەکرد، بڕیاری داخستنی ئەو پاڵاوگانەمان داوە، کە زۆر نزیکن لە شاری هەولێر.
ئەو پاڵاوگانەی داخراون بێ مۆڵەتن، جگە لە زیان بۆ ژینگە، پاشماوەکانیان زیانی زۆری بە ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی هەولێر گەیاندووە.
رەشید جەرجیس، سەرۆکی کۆمەڵەی پاراستنی ئاو دەڵێت پاشماوەکانیان ماددەی کیمیایی مەترسیداریان تێدایە بۆ ژینگەی هەوا و خاک و ئاو، وەک دەبینن پاشماوەکانیشیان دەچێتە نیو ئاوەڕۆی هەولێر و دەچێتە ژێر خاک، ئەوەش مەترسییە بۆ ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی.
ئەو گازانەی لە پاڵاوتنی ئەو پاڵاوگانەوە بەرزدەبنەوە بریتین لە ئێچ تو ئێس (H2S)، یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و ئەکاسیدی نایترۆجین. بە گوێرەی لێکۆڵینەوە پزیشکییەکان، ئەو گازانە مەترسیدارن بۆ سەر کۆئەندامی هەناسەی مرۆڤ و بە هۆکارێکیش دادەندرێن بۆ تووشبوون بە شێرپەنجە.
هەفتەی ڕابردووش لە سلێمانی هەڵمەتێک لەلایەن لیژنەیەکی قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانییەوە دەستێپێکرد، کە ئامانجەکەی ئەوە بوو لە ماوەی هەفتەیەکدا سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکانی سنوورەکە، کە ژمارەیان 26 پاڵاوگەن، دابخرێن.
لە هەرێمی کوردستان پاڵاوگەی بچووک و نایاسایی هەن، کە زۆربەیان دەکەونە سنووری پارێزگای هەولێر و ژمارەیان زیاتر لە 100 پاڵاوگەیە.
رووداو
20-06-2017