پێشنیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 22/10/2017، 32 حزب و لایەنی سیاسیی کوردستان، سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و هاتنەپێشی ئەگەر و پێشهاتەکان لە شاری هەولێر کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان هەڵوەستەی لەسەرکرا و شرۆڤەکرا و بیرو بۆچوونەکانیان لەم قۆناغەدا سەبارەت بە ڕەوشی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە خستووەتەڕوو:.
- هەموو لایەکمان جەختدەکەینەوە سەر یەکڕیزی و یەکدەنگی تەواوی هێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و، هەر ئەوەش بە زامنی سەرکەوتن و تێپەڕاندنی هەموو کێشەکان دەزانین.
- بەتوندی ئیدانەی هێرشی سەربازی و بڕیارە سیاسی و ئابوورییەکانی حکومەتی عێراق دەکەین و ڕەتیاندەکەینەوە، کەوا دەرهەق بە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم ئەنجامدراون، ئەم هێرش و بڕیارانەی عێراق بە نادەستووری و نادیموکراسی و دژی مرۆڤایەتی دەزانین و لەلایەن تەواوی گەلی کوردستان ڕەتکراوەن، ئەو کارە سەربازییانەی عێراق نابنە ئەمری واقیع و کاتین.
- بۆ وەڵامدانەوەی خواستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دۆستەکانمان سەبارەت چارەسەری کێشەکان لەگەڵ حکومەتی عێراق بە ڕێگای دیالۆگ، ئێمە هەموو کات خوازیاری دیالۆک بووین، بەڵام لایەنی عێراق مەنتقی سەربازی هەڵبژاردووە، لێرەوە بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کەوا ئامادەی دیالۆگی بێ مەرجین لەسەر بنەمای دەستوور و دوور لە فەرزکردنی سیاسەتی ئەمری واقیع و هێرش و غرووری سەربازی، پێویستە عێراق لەسەر بنەمای داننان بە مافەکانی گەلی کوردستان بێتەسەر مێزی دیالۆگ، بۆ ئەم بابەتش حکومەتی کوردستان نوێنەرایەتی گەلی کوردستان دەکات.
- ئێمە لایەنەسیاسییەکان یەتوندی هەر هەنگاوو ئاراستەیەک بەمەبەستی زیندووکردنەوەی دوو ئیدارەیی ڕەتدەکەینەوەو، پێویستە هەرێمی کوردستان بە یەکگرتووی بچێتە ناو هەر گفتوگۆیەک لەگەڵ حکومەتی عێراق.
- ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان مافێکی دەستووری و یاسایی گەلی کوردستانە و دەستبەرداری نابین و پێویستە عێراق و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر ئەو مافە گەلی کوردستان سزا نەدەن.
- لێرەوە داوا لە تەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حزبی و سەربەخۆ دەکەین خۆیان دوور بگرن لە زمانی زبر و وروژاندن، پێویستە بە ئەمانەتەوە هەواڵ و ڕووداوەکان بگوازنەوە، پارێزگاری لە یەکڕیزی و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بکەن.
- لەکۆتاییدا سڵاوو دروود بۆ گیانی پاکی تەواوی شەهیدانی کوردستان بەگشتی و قوربانیانی کەرکووک و دووزخورماتوو و خانەقین بەتایبەتی دەنێرین و، بەرخودانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بەرز دەنرخێنین و سڵاوو ڕێزمان بۆیان هەیە و، سڵاوو ڕێزو خۆشەویستی بۆ تەواوی ئەو خوشک و برایانەمان دەنێرین کەوا بەزۆر لەلایەن هێزە عێراقییەکان دەربەدەرکراون.
- سەرکەوێ ئیرادەی هەقخوازانەی گەلی کوردستان.
پارت و لایەنە سیاسییەکان
1- پارتی دیموکراتی کوردستان
2- یەکێتی نیشتمانی کوردستان
3- حزبی شیوعی کوردستان
4- یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK
5- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
6- حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان
7- پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان
8- بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
9- یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
10- پارتی پارێزگارانی کوردستان
11- حزبی پێشکەوتنخوازی دیموکراتی کوردستان
12- بزووتنەوەی ڕزگاری دیموکراتی کوردستان
13- بزووتنەوەی ئاشتیخوازانی کوردستان
14- پارتی پارێزگارانی دیموکراتی کوردستان
15- پارتی نەتەوەیی کوردستان
16- بزووتنەوەی گردبوونەوەی سریان
17- حزبی دیموکراتی بێت نەهرێن
18- یەکێتی بێت نەهرێنی نیشتمانی
19- حزبی دیموکراتی کلدان
20- ئەنجوومەنی نەتەوەیی کلدان
21- ڕابتەی کلدانی جیهانی
22- حزبی نیشتمانی ئاشووری
23- بزووتنەوەی مەسیحی دیموکراتی سەربەخۆ
24- پارتی گەشەپێدانی تورکمان
25- پارتی دیموکراتی تورکمان لە کوردستان
26- کۆمەڵەی لیبرالی تورکمان
27- کۆمەڵەی ڕۆشنبیری تورکمان لە کوردستان
28- پارتی نیشتمانی تورکمان
29- یانەی ئۆچاغی تورکمان
30- بزووتنەوەی دیموکراتی تورکمان
31- پارتی چاکسازی تورکمان
32- بەرەی شەرعی تورکمان
22-10-2017