#هەپەگە# ڕایگەیاند، گەریلاکانمان لە شارۆچکەی فارقینی سەر بە ئامەد، یەکینەیەکی سوپای تورکیان کردووەتە ئامانج و 2 سەربازی تورک کوژران و سیانی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاند و چاپەمەنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لەبارەی چالاکییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی گەریلاکانیانەوە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا، هاتووە:سوپای تورکی داگیرکەر لە ڕۆژی 18ی ئۆکتۆبەر لە ناوچەی شەهید کاوە لەنێوان ناوچەی هەزرۆ، پاسوور و فارقینی ئامەد، ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد، لە 38 گوندی سنوورەکە قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاند.
ئەوەش هاتبوو:هێزەکانمان لە ڕۆژی 19ی ئۆکتۆبەر لە نزیک گوندی هندەشێ-ی سەر بە شارۆچکەی فارقین، گروپێکیان لە ئۆپەراسیۆنەکەی دوژمن کۆنترۆڵ کرد، لە کاتژمێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ، لە نزیکەوە هێرشیان کردە سەریان.
هەپەگە، ئەوەشی خستووەتەڕوو:لەو گروپەی دوژمن دوو سەرباز کوژران و سیانی دیکەش برینداربوون، ئۆپەراسیۆنەکەش لە 20ی مانگدا بێ ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن، پاشەکشەیان کرد.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا، هاتووە:لە 17ی ئۆکتۆبەر هێزەکانمان لە ناوچەی قیسلەی سەربە دێرسیم، لە دۆڵی هاکیسێ تاوەکو گوندی مۆزیکێ ڕاست، لەگەڵ یەکینەیەکی سوپای تورکی داگیرکەر ڕووبەڕووی یەک بوونەوە، لەو شەڕەدا ژمارەی کوژران و بریندارەکانی دوژمن نەزانراوە، هێزەکانی ئێمەش بە سەلامەتی گەشتنەوە شوێنەکانی خۆیان.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا، باس لەوەش کراوە:لە 27ی مانگی ڕابردوودا، سوپای تورکی داگیرکەر، بۆ داگیرکردنی باشوری کوردستان، لە هەرێمی بارزان ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکردبوو، هێزەکانمان لەو ئۆپەراسیۆنەدا لە یەکینەیەکیان دا لە ناوچەی عادل بەگ، لەو چالاکییەدا لانیکەم سەربازێک کوژراوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئەوەش ڕاگەیەندراوە:ئەمڕۆ 22ی ئۆکتۆبەر، لە کاتژمێر 06:00-08:30 سەرلەبەیانی، فڕۆکە شەڕکەرەکانی سوپای تورکی داگیرکەر، ناوچەی شەهید ڕۆستەم-ی زاپیان لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆردوومان کرد.[1]
22-10-2017