ئەو بەشەی لە ڕەشنووسی #بودجە#ی 2018ی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکراوە، کەمترە لە نیوەی بودجەی ئیستای هەرێمی کوردستان، #مووچە#کەش ناگاتە نیوەی مووچەی پاشەکەوتی مووچەخۆران.
بریکاری #وەزارەتی دارایی# لە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی و حکومەتەکەی زۆر بە بڕیارەکانی حکومەتی عەبادی ناڕەحەتن، چونکە وەکو هەولێر دەڵێ بەغدا بڕیاری داوە هەندێک پارە وەکو خێر بە کوردستان بدات، ئەمەش لە نییەتی بەغدا لەڕێگەی پرۆژەبودجەی 2018دا دەردەکەوێ، کە چیدیکە عێراق نایەوێت هەرێمی کوردستان بمێنێت.
رابەر سدیق، بریکاری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند (بەغدا) لە داڕشتنی ئەم بودجەیەدا زانیویەتی هەرێمی کوردستان ئەم بودجەیەی قبوڵ نییە، ئەم بودجەیە ئاشکرای کرد نییەتی دانووستاندنی نییە و، نییەتی ئەوەی هەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو شێوازەی هەیە، نەمێنێت.
وەکو ڕابەر سدیق، شیدەکاتەوە بەغدا تەنیا ستەمی لە فەرمانبەرانی کوردستان نەکردووە، بەڵکو لە هێزی پێشمەرگەشی کردووە، بەشێوەیەک سەرووی چوار تریلیۆن دیناری بۆ حەشدی شەعبی و، نزیکەی 10 تریلیۆن دیناریشی بۆ سوپای عێراق داناوە، بەڵام یەک دیناری بۆ پێشمەرگە لەو بودجەیەدا دانەناوە.
رابەر سەدیق ئامارێکی مەترسیداریش لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان ئاشکرادەکات لە بودجەی 2018دا و دەڵێ (بەغدا) تێکڕای مانگانەی ملیۆنێک و 260ی دیناری بۆ فەرمانبەری خۆی هەژمار کردووە، بەڵام تێکڕای مووچە بۆ فەرمانبەرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە 300 هەزار دینار خەمڵێنراوە. ئێمە ئەوپەڕی توانامان دەخەینەگەڕ بۆ پێدانی مووچە و هیچ بڕیارێکیش لەئارادا نییە کە بڵێ مووچە نادرێت.
فازڵ نەبی، 10 ساڵ بریکاری وەزارەتی دارای عێراق بووە، وەکو خۆی دەڵێ تاوەکو لەوێ بووە، شەڕی بۆ بەشە بودجەی کوردستان کردووە، بەڵام عێراق لە 2014ەوە بودجە و مووچەی کوردستانی بڕیوە و نایدات.
فازڵ نەبی داوای دانووستاندنی ڕاستەوخۆی نێوان هەرێمی کوردستان بەغدا دەکات، چونکە وەک خۆی دەڵێ داهاتی ئێستای کوردستان بەهۆی ڕووداوەکانی دوای 16ی ئوکتۆبەر، لەنیوەی کەمتر بووە.
بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق هەروەها ڕایدەگەیەنێت ئەگەر داهاتی هەرێمی کوردستان لەو پرۆژە بودجەیە ئەژمار بکەین، ناگاتە 35% بۆ 40%ی داهاتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێش ئەو ڕووداوانە. بۆیە بەڕای من هیچ چارەسەرێک نییە جگە لەوەی دەبێت ئێستا لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەین، لەسەر ئەوەی چۆن بتوانین لە بودجەی عێراقدا، پارەیەکی باش بۆ هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت، بەجۆرێک حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت مووچەی خەڵکی پێبدات و هەندێک کاروباری حکومەتی پێ ڕاپەڕێنێت.[1]
06-11-2017