دواڕۆژ، ڕێبین حەسەن
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمی #تەماتە# و #شوتی# ئەمساڵ لە سنووری قەزای #پێنجوێن#، بۆ یەکەمجار و بەبەراورد بەساڵانی ڕابردوو، بەرهەمەکانی (#گوێز# و #هەنار#) بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و جووتیارانيش نیگەرانن لە پشتگوێخستنیان لەلایەن حکومەت.
$گوێزی پێنجوێن$
بەهۆی گونجاویی ناوچەکەمان لەرووی کەشوهەواوە، لەناو گوندەکەماندا ژمارەیەکی بەرچاو دارگوێز هەیە دانیشتویەکی یەکێک لە گوندەکان بەمجۆرە باس لە ناوچەکەیان دەکات.
کاوە ئەحمەد، یەکێک لەجووتیارانی گوندی چۆمەڕەسی، بەدواڕۆژی وت، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی پایز، دەستدەکەین تەکاندنی دارگوێزەکان، چونکە دەبێت هەموویان بکەونە سەر زەوی و ناشبێت بگاتە وەرزی زستان، لەبەرئەوەی سەرما زیانی زۆری بۆ گوێزەکان دەبێت.
وتیشی بەرهەمی ئەمساڵی گوێزەکانمان بەبەراورد بەساڵی ڕابردوو باشترە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە ڕێگاوبانەکەمان زۆر خراپە و بەگران بەرهەمەکانمان بۆ دەگاتە بازاڕ تا بیفرۆشین و لەئێستاشدا نرخی یەک کلیۆ گوێز، لەنێوان (2 بۆ 3) هەزار دینارە، ئەوەش نرخێکی زۆر کەمە.
$هەناری پێنجوێن$
لە سنوری پێنجوێن جگە لە بەرهەمی گوێز و سەوزەوات باخێکی زۆری هەناریش هەیە کە جۆرەکەی زۆر بەتام و باشە، بازارێکی باشی هەیە، ساڵ لەدوای ساڵیش ڕووبەری باخەکان زیاد دەکات.
توانا ئیسماعیل، جووتیارانی گوندی تەڕاتەوەن، بۆ دواڕۆژ وتی لە ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانی سنوری پێنجوێن باخی هەنار هەیە، ئەمساڵیش بەرهەمی باشی هەبووە و ئێستاش، ڕۆژانە کە دەخرێتە بازاڕەکانەوە، بەزوویی دەفرۆشرێت و نامێنێت و خواستێکی زۆری لەسەرە.
ئەندازیارێکی کشتوکاڵيش داوادەکات کە پێویستە ساڵانە ڕێنمایی پێویست بە خاوەن باخەکانی هەنار و گوێز بدرێت بۆ ئەوەی بتوانن پەرە بە باخەکانیان بدەن.
داود نوری، ئەندازیاری کشتوکاڵی لە پێنجوێن، بۆ دواڕۆژ، ڕوونیکردەوە ساڵانە بەهۆی جیاوازی کەشوهەوا و بڵاوبوونەوەی هەندێک نەخۆشی و مێرووی زیانبەخش لە ناوچەکە، ڕێژەی بەرهەمی (گوێز و هەنار) گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، بۆیە ئەگەر ساڵانە لیژنەیەکی پسپۆڕ لەلایەن حکومەتەوە بنێردرێنە ناوچەکانی وەک (هەڵەبجە و هەورامان و پێنجوێن)، کە بڕێکی زۆر و داری (گوێز و هەناری) تێدایە و ڕێنمایی بدەنە خاوەن باخەکان، بێگومان سودی زۆری دەبێت بۆ باخەوانەکان و دەبێتە هۆی زیادکردنی بەرهەم.
$ئاماری گوێز$
هاوکات بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پێنجوێن، کە وێنەیەکی تایبەت دراوەتە دواڕۆژ، بەشێوەیەکی گشتی لەسنووری قەزای پێنجوێن و هەردوو ناحیەی (ناڵپارێز و گەرمک)دا، نزیکەی (1000) داری گوێزی هەیە، بۆ ئەمساڵیش مەزەندە دەکرێت هەر دارگوێزێک (1200) کیلۆ بەرهەمی هەبێت، واتە بڕی بەرهەمی گوێزی پێنجوێن، ملیۆنێک و (200) هەزار کیلۆگرام، کە دەکاتە (1200) تەن، بەڵام ساڵی ڕابردوو بڕی بەرهەمیان کەمتر لە (1000) کیلۆ کەمتر بوو واتە (10) تەن، بەوەش بەرهەمی گوێزی ئەمساڵی پێنجوێن بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر بووە.
$ئاماری هەنار$
هاوکات هەر بەپێی ئه و ئامارە، کشتوکاڵی پێنجوێن، لەرووی بەرهەمی هەنارەوە، ئەمساڵ بۆ یەکەمجارە بەبەراوردی ساڵانی ڕابردوو زیادیکردووە، بەجۆرێک ئەمساڵ بڕی (300) دۆنم زەوی هەناری تێداکراوە، هەر دۆنمێکیش بە(2000) کیلۆ دانراوە و بڕی بەرهەم بریتی بووە لە(600) هەزار کیلۆگرام، واتە (600) تەن.
لە ئامارەکەدا، هاتووە ساڵی 2015 ڕووبەڕی (630) دۆنم زەوی هەنار هەبوە و بەرهەمیش بریتیبووە لە(20) هەزار تەن، هەروەها لەساڵی 2015، ڕووبەڕی (500) دۆنم زەوی هەنار هەیە و بەرهەمیش بریتیبووە لە(10) هەزار تەن، بەوپێیە ساڵی ڕابردوو نەخۆشی هەنارێکی زۆری سنوورەکەی لەناوبرد.
پێنجوێن سەرەڕای ئەوەی بەبەرهەمی (شوتی و تەماتە) و بەشێک لەمیوەکانی دیکە ناسراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەزۆربەی گوندەکایدا، ساڵانە لەم وەرزەدا جووتیاران سەرقاڵی چنینەوە و لێکردنەوەی (هەنار و گوێزن) و ئەوەش لەلایەن هاوڵاتییانەوە خواستێکی زۆری لەبازاڕەکانی کوردستان لەسەرە.[1]
13-11-2017