دواڕۆژ، #زریان محەمەد#
#سەنتەری میترۆ# بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان لەژێر ناوی یاسا نامانپارێزێت ئاماری پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان بۆ ساڵی 2017 خستەڕوو.
رەحمان غەریب ڕێکخەری سەنتەری میترۆ بەدواڕۆژی وت لەساڵی 2017 سەنتەری میترۆ بەپشتبەستن بەمادە و بڕگەکانی یاسای ڕۆژنامەگەری لەهەرێم کۆمەڵێک سەرپێچی و یاسا شکێنی و پێشێلکاری تۆمارکردووە.
وتیشی 419 پێشێلکاری بەرامبەر بە 338 ڕۆژنامەنوس و دەزگاکانی ڕاگەیاندن تۆمارکراوە.
بەپێی لێدوانەکەی غەریب لەساڵی 2017 چوار ڕۆژنامەنووس کوژراون کە دوانیان تیرۆرکراوە و 14 برینداریشیان هەبووە لەکاتی ڕوماڵکردندا کە 10 یان برینداری بەرەکانی جەنگن.
رێکخەری سەنتەری میترۆ ئەوەشی ئاشکرا کرد، 206 ڕێگری هەبووە و 12 حاڵەتی شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی هەبووە.
هاوکات 25 حاڵەتی دەستبەسەراگرتنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی هەبووە کە 33 یان بەبێ بڕیاری دادگا هەبووە و 10 دەستگیرکردن و فەرمانی دەستگیرکردن بەبڕیاری دادگا هەبووە.
هەر لەئائمارەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، 58 هێرش و لێدان هەبووە و 18 هەڕەشە کراوە 2 تەقە لێکردن هەبووە و 2 پڕکردنەوەی بەڵێننامەش ئەنجامدراوە و 3 تەشویش و هێرشی ئەلکترۆنی و 8 هێرش و تاڵانکردن و سوتاندنی ئۆفیسی دەزگای ڕاگەیاندن و 7 ڕاگرتنی پەخش و 5 داخستنی نوسینگەی دەزگای ڕاگەیاندن ڕوویانداوە.
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی ڕۆژنامەنوسان ئاماری ساڵانەی خۆی بڵاو دەکاتەوە و تیایدا لایەنە پەیوەندیدارەکان بانگهێشتی گوێ لێبون لەو پێشێلکارییانە دەکرێن.[1]
#13-01-2018#