وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن)، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو لە بودجەی ساڵی 2019 دا بودجەی تایبەتی بۆ مەشق و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە تەرخانکرد. بودجەکەش 850 ملیۆن دۆلارە. ئەمە لەکاتێکدایە بۆ هەمان ساڵ بڕی 550 ملیۆن دۆلاری بۆ هەسەدەش تەرخانکردووە.
بەگوتەی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا شەڕی دژی داعش نە لە عێراق و نە لە سووریا کۆتایی نەهاتووە، بۆیە دەبێت هاوکارییەکان بۆ هاوپەیمانەکانیان بەردەوامبن.
پێشمەرگە بەو هێزە ناسراوە لە 2014ەوە بەردەوام لەبری جیهان شەڕی دژی تیرۆر دەکات. بۆ ئەم مەبەستە ئەمریکا بە جیاو لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش پشتگیری لە پێشمەرگە کردووە.
ئەمجارە پشتگیرییەکان زیادیانکردووە و لە ڕاگەیاندنی پلانی بودجەی ساڵی 2019دا پنتاگۆن بڕی 850 ملیۆن دۆلاری بۆ پێشمەرگە تەرخانکردووە.
ئەم بڕە پارەیە لە کۆی ئەو ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە دێت کە ئەمریکا بۆ پڕچەککردن و مەشقپێکردن بەو هێزانەی تەرخانکردووە، کە لە عێراق و سووریا شەڕی گرووپە چەکدارە تووندئاژۆکان دەکەن.
بەراورد بە 2018 ئەمریکا بڕی بودجەی بۆ پێشمەرگە زیادکردووە. لە 2018 دا بڕی 365 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە تەرخانکرابوو، ئێستا بڕەکەی بۆ 850 ملیۆن دۆلار زیادکراوە، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی ئەمریکا هێشتا پێیوایە گرووپە چەکدارە تووندئاژۆکان مەترسین لەسەر ئاسایشی ناوچەکە.
جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت: یەکەمجار با ئاماژە بە کۆتاییهێنان بە خەلافەتە فیزیکییەکەی داعش بکەین، ئەمە هێشتا بەردەوامە، ئەوانەی لەگەڵ من لەنێو ئەم فڕۆکەیەن ئەمەیان بیرە کە گوتم شەڕی دژی داعش کۆتایی نەهاتووە.
دۆناڵد ترەمپ پێشتر بە قارەمان و جەنگاوەری بەتوانا وەسفی پێشمەرگەی کردووە، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە بەباشی زانیوە پشتگیرییەکانیان بۆ پێشمەرگە زیادبکەن.
ترەمپ پێشتر لە وەڵامی پرسیارێکدا ڕایگەیاندبوو: ناوی کوردت هێنا؟ پێویستە لەگەڵ کورد کاربکەین و پێویستە پڕچەکیان بکەین، ئەوان سەلماندوویانە باشترین جەنگاوەرن، بەڕاستی سەلماندوویانە بۆ ئێمە وەفادارن. پێویستە پشتگیرییان بکەین، خاوەنی دڵی گەورەن، جەنگاوەری بەجەرگیشن، پێویستە زیاتر لە هەموو کاتێک هەماهەنگیمان لەگەڵیاندا هەبێت.
ئەم بڕە بودجەیەی پێنتاگۆن دەچێتە کۆنگرێسی ئەمریکا و پێویستە تاوەکو 1ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ پەسەندبکرێت.
هاوکات لەگەڵ پێشمەرگە، ئەمریکا بودجەی پێویستی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەش تەرخانکردووە. لە بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکان بە بودجەی ئەمریکادا هاتووە، پێنتاگۆن لە بودجەی ساڵی 2018 دا نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوپەیمانانی خۆی لە سووریا تەرخانکردبوو. ئەم ژمارەیە بۆ ساڵی 2019 بەرزکرایەوە بۆ 550 ملیۆن دۆلار.
هەسەدە دەیان هەزار شەڕڤانی هەیە و لە شەڕی سووریا بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمریکایە. شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG بڕبڕەی پشتی هێزەکەن و هەم زۆرینەی هێزەکە پێکدێنن، هەم سەرکردایەتیشی دەکەن. هەسەدە و یەپەگە زۆربەی خاکی ڕۆژئاوای کوردستان و بەشێک لە ناوچەکانی سووریا، بەگشی زیاتر لە 25% ی خاکی ئەو وڵاتەیان لەژێر دەستە.
پێنتاگۆن لە بودجەی ساڵی 2018 دا بە کۆی گشتی داوای 606 ملیار دۆلاری کردبوو. بۆ ساڵی 2019 داوای زیادکردنی 80 ملیار دۆلاری دیکەی کرد و بەمەش بۆ ساڵی 2019 حکومەتی ئەمریکا پێویستی بە 686 ملیار دۆلارە.
ئەمریکا لە بودجەی ساڵی 2018 دا نزیکەی 65 ملیار و 800 ملیۆن دۆلاری بۆ بودجەی وەزارەتی بەرگریی دابینکردبوو، ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2019 دا بۆ 89 ملیار دۆلار بەرزکراوەتەوە.[1]
#13-02-2018#