بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی بارینی باران، ساڵ لەدوای ساڵ بەرهەمی ئەو زەوییانەی بەشێوەی دێمی لە ناوچەی بارانی نامسۆگەر و نیمچەمسۆگەر دەچێندرێن ڕوو لە کەمی دەکات، بەجۆرێک ئەگەر ئەم دیاردەیە بەردەوام بێت و زەوییەکان بەراو نەکرێن، لەوانەیە لە داهاتوودا سوودی چاندنی دانەوێڵەیان نەمێنێ.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ساڵانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 3.3 تاوەکو 3.5 ملیۆن دۆنم زەوی بە گەنم و جۆ دەچێنرێن، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کەمیی بارانەوە لە وەرزی چاندن، نزیکەی ملیۆنێک دۆنم زەوی لەو ناوچانەی بارانیان نامسۆگەر و نیمچە مسۆگەرە، بە بەیاری ماونەتەوە، ئەو ڕووبەرەشی کە چێنراوە بەهۆی دواکەوتنی بارینی باران، وەک پێویست نەڕواوە، بۆیە =KTML_Red=❞پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنم و جۆی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 40% کەم ببێتەوە❝=KTML_End=.
فاروق عەلی، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و پەسەندکردنی بنەتۆ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە (رووداو)ی گوت: لەکۆی ئەو ڕووبەرەی ساڵانە دەکرێتە دانەوێڵە، تەنیا 1.3 ملیۆن دۆنم دەکەوێتە ناوچەی بارانی مسۆگەر و پێویستیان بە دانانی سیستەمی ئاودێری نییە، بەڵام نزیکەی دوو ملیۆن دۆنم زەوی دەکەونە ناوچەی بارانی نامسۆگەر و نیمچە مسۆگەر، بۆیە بۆ ڕزگاربوون لە هەڕەشەی وشکەساڵی و زیادکردنی بەرهەم پێویستمان بە دانانی سیستەمی ئاودێری لەم ناوچانە هەیە.
ئەو ناوچانەی ساڵانە 350 تاوەکو 400 ملیمەتر بارانیان لێدەبارێت بەناوچەی بارانی نیمچە مسۆگەر دادەنرێن، لەو بڕەش کەمتر بە ناوچەی بارانی نامسۆگەر دادەنرێ. فاروق عەلی دەڵێ ئەگەر دۆنمێک زەوی بەگەنم لەم دوو ناوچەیە بچێنرێ، گرفتی کەمبارانی نەبێت نزیکەی 400 کیلۆ بەرهەم دەدات، بەڵام ئەگەر هەمان ڕووبەر سیستەمی ئاودانی بۆ دابین بکرێت، بەرهەمەکەی بۆ 800 تاوەکو 1000 کیلۆ بەرز دەبێتەوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لەکۆی ڕووبەری ئەو 3.5 ملیۆن دۆنمەی ساڵانە بە دانەوێلە دەچێنرێت، تەنیا 502 هەزار دۆنمی بەراوە، لەم ژمارەیەش تەنیا 270 هەزار دۆنمیان بۆ سیستەمی ئاودان ئاوی بیر بەکار دەهێنن، ئەوانی دیکە پشت بە ئاوی ڕووبارەکان دەبەستن.
فاروق عەلی دەڵێت: بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، پێشنیازمان بۆ جووتیارانی ناوچەی بارانی نامسۆگەر کردووە، ساڵێک زەوییەکانیان بکەن بە وەرد و ساڵی دووەم بیچێنن، لەچاندنیش پەینی کیمیاوی بەکارنەهێنن و جۆ یان ئەو جۆرە گەنمانە بچێنن کە پێویستیان بەئاوی زۆر نییە.
هەروەها دەڵێت: بەهۆی کەمیی باران بەتایبەت لە ناوچەی بارانی نامسۆگەر و نیمچە مسۆگەر، بەباشی دەزانم ڕێگە بە جووتیاران بدرێت بیری پایل لە زەوییەکانیان لێبدەن بەو مەرجەی ئاوی بیرەکە تەنیا بۆ مەبەستی ئاودانی زەوییەکانیان لەنێوان 15/11 تاوەکو 21/3 بەکاربهێنن، ئەگەرنا دڵنیام لە چەند ساڵی داهاتوودا بەهۆی کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەواوە زیاتر لە یەک ملیۆن دۆنم زەویی گونجار بۆ چاندنی دانەوێڵە لەدەست دەدەین.
پارێزگای هەولێر لەڕووی ڕووبەرەوە پشکی شێری بەرکەوتووە لەو زەویانەی دەکەونە ناوچەی بارانی نامسۆگەر و نیمچەمسۆگەر. سەرجەم زەوییەکانی سنووری بنکە کشتوکاڵییەکانی بنەسڵاوە، قوشتەپە، عەنکاوە، شەمامک و خەبات دەکەونە ناوچەی بارانی نیمچەمسۆگەر، زەویی ناوچەکانی مەخموور، گوێر و دیبەگەش دەکەونە ناوچەی بارانی نامۆسگەر، ڕووبەری گشتیی ئەو ناوچانە نزیکەی ملیۆنێک و 244 هەزار دۆنمە و تەنیا 30%ی بەراوە.
ئەمین ڕەئوف پیرداود، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەڵێت: لەڕووی زانستییەوە ئاوی بیر ناتوانێ جێگەی ئاوی باران بگرێتەوە، چونکە بەپێی ڕێنماییەکان نێوانی دوو بیری ئیرتیوازی نابێت لە 500 مەتر کەمتر بێت، بۆیە هەموو جووتیارێک ناتوانێت لە زەوییەکەی بیر لێبدات، لێدانی بیریش بە پایل قەدەغەیە، چونکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاوی ژێر زەوی دەبێ، بۆیە باشترین چارەسەر ئەوەیە کە زەوییەکان بە ئاوی ڕووبار بەراو بکرێن.
بە ئامانجی بەراوکردنی یەک ملیۆن و 223 هەزار دۆنم زەوی لە دەشتەکانی پارێزگای هەولێر، وەزارەتی کشتوکاڵ لە کۆتایی ساڵی 2004 بیرۆکەی سێ پرۆژەی ئاودێری ئاراستەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی بەغدا کرد، وەزارەتی ناوبراویش دوای لێکۆڵینەوە ڕەزامەندی لەسەر پرۆژەکە دا و خستییە پلانی ستراتیژیی خۆی. لە کۆتایی ساڵی 2006 دەستکرا بە توێژینەوە و نەخشەسازی بۆ پرۆژەکە، بڕیار بوو ساڵی 2010 جێبەجێ بکرێت، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2009 بەبیانووی ئەوەی پرۆژەکە ئابووری نییە، وەزارەتی پلاندانانی بەغدا ڕەتیکردەوە.
دوای ڕەتکردنەوەی پڕۆژەکان لەلایەن بەغداوە، بەهۆی گرنگیی پڕۆژەی شەمامک کە نزیکەی 80 هەزار دۆنم بەراو دەکات، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2010دا 50 ملیۆن دۆلاری وەک قۆناغی سەرەتا بۆ پرۆژەکە دابین کرد، لێژنەیەکی پەیوەندیداریشی بۆ پێکهێنرا. لێژنەکە داوای توێژنەوەکانی لەبارەی پرۆژەکە لەبەغدا کرد، بەڵام بەغدا ڕازی نەبوو توێژینەوەکان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێ، بۆیە پڕۆژەکە پشتگوێ خرا.
ئەمین ڕەئوف دەڵێت: ئەگەر ئەم پرۆژانە تەواو بکرانایە زۆربەی ئەم ناوچانە گرفتی کەمبارانییان نەدەما و بەرهەمی ئەم ناوچانە بۆ دوو بەرامبەری ئێستا زیاد دەبوو، زۆربەی گوندەکانی ناوچەکەش ئاودان دەبوونەوە.
وەک هاندن بۆ بەراوکردنی زەویەکانیان، وەزارەتی کشتوکاڵ لە چوارچێوەی قەرزی کشتوکاڵی لەساڵی 2009 تاوەکو 2013 پێشینەی کشتوکاڵی دەبەخشی بە جووتیاران بۆ لێدانی بیر و ڕاکێشانی کارەبا و دانانی ئامێری پرژاندن، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، پێشینەکان وەستان، ئێستا بەشێک لە جووتیاران خۆیان سیستەمی ئاودێری بۆ زەویەکانیان دادەنێن.[1]
#27-02-2018#