بەپێی ڕووپێوییەکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەرە چێندراوەکانی بەروبوومی زستانە، پاشەکشەیەکی گەورە لە چاندنی نۆک و نیسک و جۆدا هەیە، لە بەرامبەریشدا چاندنی گەنم زیادی کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئەم بەرهەمانە ڕوو لە کەمی بکەن و زۆربەی ئەو بەرهەمانە لە دەرەوە هاوردە بکرێن.
بەئامانجی کۆکردنەوەی داتا و زانیاری لەسەر ڕووبەرە چاندراوەکانی بەربوومی زستانە، بەتایبەت گەنم و جۆ و نیسک و نۆک و سەوزە لە هەرێمی کوردستان، دەستەی ئاماری هەرێم بەهاوکاریی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ساڵی ڕابردوو ڕووپێوییەکی مەیدانی بۆ 5070 گوند لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و ئیدارەی گەرمیان کردووە.
بەپێی ڕووپێوییەکە، لە کۆی 3.890.250 دۆنم زەوی بەردەست بۆ چاندن، 3.047.030 دۆنم بە بەروبوومی زستانە چێندراوە، زۆرترینیشی بۆ چاندنی گەنم تەرخان کراوە کە 2.659.086 دۆنم بووە، دوای ئەویش جۆ بە پلەی دووەم دێت کە 348.088 دۆنمی بۆ تەرخان کراوە، سەوزە بەپلەی سێیەم دێت کە 27.125 دۆنمی بۆ تەرخان کراوە و نۆکیش بە پلەی چوارەم دێت کە 12.259 دۆنمی بۆ تەرخان کراوە، هەروەها نیسک بەپلەی پێنجەم دێت کە تەنیا 472 دۆنمی لێ چێندراوە.
هەر بەپێی ڕووپێوییەکە زۆرترین ڕووبەری چێندراوی گەنم لە پارێزگای هەولێر بووە کە 948.983 دۆنم بووە. زۆرترین ڕووبەری چێندراوی جۆ و نۆک لە پارێزگای سلێمانیە کە 152.753 دۆنم بۆ جۆ و 5.357 دۆنمیش بۆ چاندنی نۆک تەرخان کراوە، پارێزگای دهۆکیش بەچاندنی 248 دۆنم نیسک لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە چاندنی نیسک لەپلەی یەکەمدایە.
سیروان محەممەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئامانجمان لەو ڕووپێوییە ئەوە بوو ڕووبەری چێندراو و نەچێندراو و بڕشت و بەرهەمی بەروبوومە زستانییەکانمان دەستبکەوێت و بەراودی بکەین لەگەڵ ساڵانی پێشتر بۆ ئەوەی بزانین جووتیاران ئاراستەی چاندنیان زیاتر ڕوو لە چ بەرهەمێکە و چاندنی چ بەرهەمێکیان پشتگوێ خستووە.
ئامانجێکی دیکەی ڕووپێوییەکە وەک سەرۆکی دەستەی ئامار ئاماژەی پێدەدات، نەهێشتنی گومانی بەغدا بوو لەسەر گەنمی کوردستان کە دەڵێن هەرێمی کوردستان گەنمی هاوردەکراوی تێکەڵی بەرهەمی خۆی کردووە.
سیروان محەممەد گوتی: لە ئەنجامی ڕووپێوییەکە بۆمان دەرکەوت جیاوازی زۆر لەنێوان ڕووبەرە چاندراوەکانی بەروبوومی زستانەی ساڵانی 2016 – 2017 لەچاو ساڵی 2012 – 2013 هەیە، بۆ نموونە چاندنی گەنم بەڕێژەی 18% زیادی کردووە، بەڵام بەرهەم تەنیا 2% زیادی کردووە. ڕووبەری چاندنی جۆ 15% کەمی کردووە و بەرهەمەکەشی بەڕێژەی 32% کەمی کردووە. ڕووبەری چاندنی نۆک 60% کەمی کردووە و بەرهەمەکەی بەڕێژەی 20% کەمی کردووە. ڕووبەری چاندنی نیسک بەڕێژەی 38% کەمی کردووە و بەرهەمەکەی بەڕێژەی 11% کەمی کردووە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، گەنم، جۆ، نیسک و نۆکی لە چوارچێوەی بەرهەمە ستراتیژییەکان داناوە. بەپێی پلانی پێنج ساڵەی ستراتیژیی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کە لە ساڵی 2013 کۆتایی هات، دەبووایە هەرێمی کوردستان لەم بەرهەمانە بگاتە ئاستی خۆبژێوی، بەڵام بەپێچەوانەوە جگە لە گەنم، چاندن و بەرهەمی ئەم بەرهەمانە بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
د.غازی فایەق، بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆراک، ئێمە گەشەپێدانی گەنممان لە پێشینەی بەرهەمە ستراتیژییە کشتوکاڵییەکان دانابوو، بۆیە لە چەند ساڵی ڕابردوودا زۆرترین توێژینەوە بۆ گەشەپێدانی گەنم کراوە، بەهۆی ئەم گرنگیدانەی ئێمە و بە بازاڕکردنی لەلایەن بەغداوە، زۆربەی جووتیاران ڕوویان لە چاندنی گەنم کردووە و کەمتر نۆک و نیسک و جۆ دەچێنن.
دکتۆر فایەق ڕەتیکردەوە کە ئەم بەرهەمانەیان پشتگوێ خستبێ و گوتی: بەر لە شەش مانگ نووسراوێکمان ئاڕاستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی کشتوکاڵی پارێزگاکان کردووە بۆ ئەوەی هانی جووتیاران بدەن، نیسک و نۆک و جۆ بچێنن، هەوڵ بدرێت بازاڕ بۆ بەرهەمەکانیان بدۆزرێتەوە و ئاسانکاری بۆ کەرتی تایبەتیش بکەن بۆ وەبەرهێنان لەم بەرهەمانەدا.
بەپێی ئەو پێوەرەی وەزارەتی کشتوکاڵ دایناوە، هەر تاکێکی هەرێمی کوردستان ساڵانە پێویستی بە 10 کیلۆ نۆک و دوو کیلۆ نیسک هەیە، ساڵانەش 600 هەزار تۆن جۆ پێویستە بۆ ئالیکی ئاژەڵان.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان 5 ملیۆن و 755 هەزار کەس بووە، بەپێی پێوەرەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ بێ، ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە57 هەزار و 550 تۆن نۆک و 11 هەزار و 510 تۆن نیسک هەیە.
بەپێی ڕووپێوییەکەی دەستەی ئامار، ساڵی ڕابردوو 96%ی ئەو نۆکەی لە کوردستان بەکاربراوە و 99%ی نیسک و 85%ی جۆ هاوردە کراون.
جووتیار عومەر، خاوەنی کۆمپانیای نەوڕەس کە مانگانە زیاتر لە 6000 تۆن خۆراک لە تورکیاوە هاوردە دەکات، دەڵێت: لە کوردستان بەهۆی کاریگەریی قەیرانی دارایی فرۆشی کەلوپەلی خۆراکیش بەڕێژەی نزیکەی 40% دابەزیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشتا هێشتا خواستێکی باش لەسەر بەرهەمی نۆک و نیسک هەیە، ساڵانە نزیکەی دوو هەزار تۆن نیسک و نۆک دەفرۆشین.
جووتیار عومەر کە خۆراک و بەتایبەتی پاقلەمەنییەکان لە زۆر وڵاتەوە هاوردە دەکات و لە کارگەیەکی خۆی لە تورکیا لە قوتوو و نایلۆنیان دەنێت، دەڵێت: نۆکی ورد لە ڕووسیا هاوردە دەکەین کە زیاتر بۆ فلافل بەکاردێت. نۆکی درشتیش لە مەکسیک و هیندستان هاوردە دەکەین، نیسکیش لە تورکیا و کەنەداوە هاوردە دەکەین.
ئەو بازرگانە پێشتر بۆ کڕینی بەشێک لە بەرهەمەکانی پشتی بە بەرهەمی خۆماڵی دەبەست، بەڵام ئێستا هەموو بەرهەمەکانی لە دەرەوە هاوردە دەکات و دەڵێت :پێشتر نۆکی ناوچەی بەردەڕەش و ئاکرێ و هەریرم دەکڕی و زۆریش لە نۆکی مەکسیکی و هیندی باشتر بوو، بەڵام چەند ساڵێکە بەرهەمی ناوخۆ زۆر کەم بووە، بۆیە زیاتر پشت بەنۆکی ڕووسی و هیندی و مەکسیکی دەبەستین.[1]
#08-03-2018#