8ی مارسی هەموو ساڵێک وەبیرهێنەری مێژوویەک لە تێکۆشانی بێ وچانی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ دابینبوونی مافەکانیان و گەیشتن بە یەکسانیی ڕاِستەقینەی نێوان مرۆڤەکانە.
ژنانی کۆمەڵگای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا خەبات و تێکۆشانێکی ماندوویی نەناسانەیان بۆ پاشەکشەکردن بە سیستمی کۆماری ئیسلامی و یاساکانی کە لەسەر بناغەی چەندین جۆر هەڵاواردن و یەک لەوانەش ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزی دژ بە ژنان بنیات نراوە، بەڕێوە بردووە.
ئه و سیستمە سیاسییەی کە ئێستا وەکوو وەیشوومەیەک باڵی بەسەر وڵاتەکەماندا کێشاوە، هەم میراتگری کۆمەڵێک داب و نەریتی پیاوسالارانەیە کە خۆبەخۆ دژ بە ویستی ڕەوا و ئەمڕۆیی ژنانی یەکسانیخواز کار دەکات و هەم بۆ خۆی بەرهەمهێنەری کولتوور و عەقڵیەتێکی ئیدئۆلۆژیکە کە ژن له و کولتوورەدا خاوەنی هیچ مافێک و هەڵگری هیچ بایەخێکی مرۆیی نیە و تەنیا وەکوو ئامراز و کاڵا و کۆیلەیەک بۆ خزمەتکردن بە پیاوان و دەزگای بەرهەمهێنانی حەشیمەتێکی گوێڕایەڵ و پەروەردەکردنی سەرباز بۆ بەردەوامی و مانەوەی سیستم چاوی لێ دەکرێت.
لە دیارییەکانی ئه و سیستمە بۆ ژنان دەتوانین ئاماژە بۆ هەڵاواردن لە بواری میرات، یاسای فرەژنی و یاساکانی دیکەی تایبەت بە پێگەی ژن لە بنەماڵە و ژیانی هاوبەشدا، قەساس و حەد و تەعزیر و خوێنبایی، ڕەواییدان بە قەتڵی نامووسی، دەستدرێژیی سێکسی لە زیندانەکاندا، بەردبارانکردن، گەشتی ئیرشاد، حیجابی زۆرەملی و بەربەست دانان بۆ بەشداریی چالاکانە و ئازادی ژنان لە بوارەکانی ژیانی سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتیدا بکەین کە لە دووتوێی هەواڵەکانی پێوەندیدار بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کارەساتەکانی پێوەندیدار بە ژیانی ژنان وەکوو تووشبوون بە مادە سڕکەرەکان، خۆکوژی و خەمۆکیدا خۆی دەنوێنێت و بەشێکی زۆر کەم له و ڕاستییانە لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا ڕەنگ دەداتەوە.
لە وەها کۆمەڵگا و سیستمێکدا ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز ئەرکێکی زۆر قورسیان بۆ هەڵگرتنی بەربەستەکان لە ئەستۆیە و لەگەڵ هەڕەشە و گوشاری سیستمی سیاسی و توێژی کۆنەپارێز و دواکەوتووی کۆمەڵگا بەرەوڕوو دەبنەوە کە چاوی بە دیتنی پێناسەیەکی نوێ و مرۆڤسالارانە بۆ پێگەی ژن و پێکهێنانی هاوسەنگییەکی ڕاستەقینە لە نێوان ژن و پیاودا هەڵنایەت.
لەگەڵ ئەوەشدا ژنانی خەباتکاری ئێران و کوردستان بوێرانە بۆ داکۆکی لە مافەکانی خۆیان ڕاوەستاون و تێچووی قورسی ئه و خەباتە هەرگیز نەبۆتە هۆی ئەوەی کە ژنان لە داوا ڕەواکانی خۆیان پاشگەز ببنەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا خەباتی ژنان بۆ لابردنی کۆسپەکانی سەر ڕێگای وەدیهێنانی مافەکانیان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر بۆتە بەشێکی دانەبڕاو و پێشەنگی خەباتی هەموو چین و توێژە ماف پێشێلکراوەکان بۆ بە چۆکداهێنان و ڕووخاندنی سیستمی سەرەڕۆ و دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامی.
لە خۆپیشاندانە تابۆشکێنەکانی زستانی ئەم ساڵیشدا ژنان بە بەشداریی خۆیان لە ڕێکخستن و بەهێزکردنی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی خەڵکدا توانیان ڕۆڵێکی ئازایانە بگێڕن و ببنە هێما و پێشەنگی بەشێک لە ناڕەزایەتییەکان. نموونەی هەرەدیاری ئه و هەوڵانەی ژنان، ڕووداوی لابردنی حیجابی زۆرەملی وەکوو یەکێک لە هێماکانی دەسەڵاتی ژنکوژی کۆماری ئیسلامییە کە لە هەنگاوی بوێرانەی کچێک لە شەقامی ئینقلابی تارانەوە دەستی پێکرد و سەرەڕای ئەوەی کە ڕێژیم هەوڵی داوە بە هەڕەشە و سەرکوت و گرتن و لێدان، پێش بە پەرەسەندنی ئه و جۆرە ناڕەزایەتییانە بگرێت، لە ماوەیەکی کورتدا چالاکیی کچانی شەقامی ئینقلاب بوو بە نەریتێکی گشتی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی ژنان دژ بە کۆماری ئیسلامی و یاساکانی.
ئێمە وەکوو ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی 8ی مارس لە هەموو ژنانی جیهان بەتایبەتی ژنانی یەکسانیخوازی وڵاتەکەمان، پشتیوانیی خۆمان لە هەموو داوا ڕەواکانی ژنان بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی بەختەوەر و ژیانێکی مرۆیی کە لە ڕاستیدا داواکاری و ویستی هەموومانە، دەردەبڕین، لە هەر دەرفەتێکدا و لە هەر تریبوونێکەوە کە لە بەردەستماندا بێت، دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی هاواری مافخوازانەی ژنانی بەندکراوی وڵاتەکەمان و خەبات بۆ دابینبوونی ماف و داخوازییەکانیان بە ئەرکی لەپێشینەی خۆمان دەزانین.
سڵاو لە ژنانی مافخواز و خەباتگێڕی وڵاتەکەمان
سەرکەوتوو بێت خەباتی یەکسانیخوازانەی ژنان
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
پێکهاتوو لە :
کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستان
حیزنی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
#08-03-2018#