سەرەڕای ئەوەی چەندین جار بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە، مانگانە بڕە پارەیەکیان بۆ خەرجبکرێت، بەڵام تەنیا یەک مانگ پارەی بەڵێندەران خەرجکراوە، بۆیە داوا دەکەن حکومەت پارەکانیان بۆ دابینبکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا، مانگانە بڕی 10 ملیار دینار بۆ بەڵێندەران خەرج بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا یەک مانگ ئه و بڕە پارەیان بۆ خەرجکراوە، هاوکات ئەوە لەکاتێکدایە، حکومەت دووجار پارەی خستووەتە سەر ئەژماری بانکی بەڵێندەران، بێ ئەوەی ئه و پارە خەرج بکرێت، پارەکە له بانک لەلایەن حکومەتەوە ڕاکێشراوەتەوە، بەڵێندەرانیش داوای ڕوونکردنەوە له هۆکارەکەی دەکەن.
ناجی شێخ عیزەدین، سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان لقی سلێمانی دەڵێ بڕیاربوو مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو، هەموو مانگێک 10 ملیار دینار بۆ بودجەی پەرەپێدان و گەشەپێدان بدرێت. هەندێکجار پارەمان لە بانکەکاندا بۆ دانراوە، دواتر حکومەت بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەک پارەکەی کێشاوەتەوە، ئەوەش بەڵێندەرانی تووشی نائومێدی زیاتر کرد.
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگرتنی پارەی بەڵێندەران دەگەڕێنێتەوە بۆ دابەزینی ئاستی داهات، بەڵێنی پێدانی پارەش دەبەستێتەوە بە زیادبوونی داهاتەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەیەوە ڕایگەیاند ئه و پارەیە لەکاتێکدا بووە حکومەت داهاتی بەره و بەرزبوونەوە دەچوو، بەڵام بەهۆی ئه و گۆڕانکارییانەی چەند مانگی ڕابردوو ڕوویاندا، داهاتمان ڕووی له دابەزین کرد، بۆیە ئێمە ئه و پارەمان ڕاگرت، بەڵێنیش دەدەین هەرکاتێک داهاتمان ڕووی لە زیادبوون کرد، ئەولەویەت دەدەین بە بەڵیندەران و هاوکاری باشیان دەکەین.
بەپێی ئاماری بەڵێندەرانی هەرێمی کوردستان، بەڵێندەران نزیکەی یەک ملیار دۆلاریان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە، حکومەتیش لە 25-7-2016 بڕیاریدا مانگانە بڕی 10 ملیار دینار بۆ بەڵێندەران دابین بکات، ئه و بڕیارە له مانگی نیسانی ڕابردوو کاراکرا.[1]
#12-03-2018#