حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی 106 ملیۆن دۆلار دەداتە حەقدەستی هەر سێ کۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆ، گۆڵف کیستۆن و تاقە، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن.
$دی ئێن ئۆ: 62 ملیۆن دۆلار$
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی ڕایگەیاند، 56 ملیۆن و 440 هەزار دۆلاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، ئەوەش وەک حەقدەستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی تاوکێ لە مانگی یەکی ئەمساڵدا.
لەدوای وەرگرتنی شایستە داراییەکانیشی، کۆمپانیاکە بەپێی پشکەکانیان شایستەکە لەنێوان خۆی و کۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی دابەشدەکات.
کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ڕاشیگەیاندووە، بڕی پێنج ملیۆن و 240 هەزار دۆلاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، کە دەکاتە لە 3%ی داهاتی مۆڵەتی کارکردنی کێڵگەی تاوکێ لە مانگی یەکی ئەمساڵدا.
$گۆڵف کیستۆن: 23 ملیۆن دۆلار$
هاوکات کۆمپانیای گۆڵف کیستۆنی بەریتانی ئاشکرایکرد، بڕی 23.1 ملیۆن دۆلار لە حکومەتی هەریمی کوردستان وەرگرتووە، ئەوەش لە بەرامبەر حەقدەستی فرۆشتنی نەوتی مانگی یەکی ساڵی 2018 لە کێڵگەی شێخان.
سەرەتای ئەم مانگە گۆڵف کیستۆن، کە لە کێڵگەی شێخان لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیای سەرکارە، ڕایگەیاند لەو کاتەی هاتووەتە کوردستان و دەستی بەکارکردووە، بۆ یەکەمجار قازانجی کردووە.
بەپێی زانیاری گۆڵف کێستۆن، توانای بەرهەمهێنان لە کێڵگەی شێخان بۆ 40 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بەرزبووتەوە.
$تاقە: 25 ملیۆن دۆلار$
لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای نەوتی کەنەدی شاماران-یش، کە لە کێڵگەی ئەترووش کۆمپانیای هاوبەشە ڕایگەیاند، کۆمپانیای تاقەی ئیماراتی کۆمپانیای سەرکار لەو کێڵگەیە بڕی 25 ملیۆن دۆلاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە.
بەپێی زانیاری کۆمپانیای شاماران، لەو بڕە 20 ملیۆن و 100 هەزار دۆلاری بۆ حەقدەستی هەناردەکردنی نەوت بووە لە کێڵگەی ئەترووش و بڕی 4 ملیۆن و 900 هەزار دۆلاریش بۆ تێچووی دامەزراندن و بەکارخستنی بۆری نەوت بووە، کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە قەرەبووکراوەتەوە.
کۆمپانیای شاماران ڕایگەیاندووە، ئەو پارەیە لەنێوان خاوەن پشکەکانی کێڵگەی ئەترووش دابەشدەکرێت.
لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی ئەترووش دەستیپێکردووە و ئەو کێڵگەیە هێشتا لە قۆناخی پەرەپێدانە.[1]
#19-04-2018#