بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە هاوڕێ ئاباجی (عەزرا ئادەمی)، ژنە کۆمۆنیستێکی جەسورو شۆڕشگێر، کەسایەتیەکی خۆشەویست و ناسراوی جوڵانەوەی کۆمۆنیستی لەئێران وکوردستان، چەند ڕۆژ لەمەوبەر دڵی گەره و میهرەبانی لەلێدان کەوت و کاروانی خەباتی کۆمۆنیستەکان وتێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی و یەکسانی و سۆشیالیزمی بەیەکجاری جێهێشت.
هاوری ئاباجی لەماوەی چەند دەهەی ڕابردودا وەک کۆمۆنیستێکی خەباتگێرو چاونەترس لە ڕیزەکانی جولانەوەی کۆمۆنیستی ئێراندا بەدژی ڕژێمی شا و دواتریش لەدژی جمهوری ئیسلامی ئیران بێوچان تێکۆشاوه و بەگژ هەرجۆرە ستمەگەری و چەوسانەوە وجیاکاریەکدا چۆتەوە کەیەخەی بەکۆمەڵانی کرێکارو زەحمەتکێش گرتووە و لەم پێناوەشدا تەواوی ژیانی خۆی بەخشیوە. بەرادەیەک کەژیان و بەسەرهاتی ئه و داستان وئەزمونێکی پربایەخە بۆ کۆمۆنیستەکان وخەباتگێرانی ڕیگای ئازادی و سەرفرازی. میهرەبانی و گیانفیدایی و کۆڵنەدەری وراوەستاوی لە قۆناغ و سەنگەرە جیاکانی خەباتدا، گۆشەیەکی سەرەکین لەناسینەوەی کەسایەتی هاوڕی ئاباجیدا، هەربۆیەش یادی ئه و هەمیشە وەک سەرمەشقێک بۆ کۆمۆنیستەکان و هاوڕێبازانی دەمێنیتەوە. بەم بۆنەیەوە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان هاوخەمی و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی هاوریان ئەسەد ویەدێ وفتی گلچینی و سەرجەم کەسوکارو دۆستانی ئاباجی و هاوڕێیانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران حیکمەتیست- خەتی ڕەسمی دەکات.
یادی ئاباجی لە دڵی هەمواندا بە زیندو دەمێنێتەوە
بژی ئازادی و یەکسانی
سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
#08-05-2018#