دەقی پەیامەکه بە کوردی:
بەر لە هەر شتێک بە دڵ و گیان سڵاوی خۆم ئاراستەی هەموو ئه و کەسانە دەکەم کە دەنگی من دەبیستن.
20 مانگە بەشێوەیەکی ناقانوونی و لە دەرەوەی حقووق، وەک دیلێکی سیاسی ڕادەگیرێم. هەتا ئێستا نە من و نە هەڤاڵەکانم بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دادگەیی نەکراوین. زەختی سیاسی لە هەموو دادگەکان کرا و پێوەری سەروەری حقووق بە ئاشکرا پێشێل کرا.
هەرچەندە زیندانیم، بەڵام بەرپرسانی حکوومەت هەموو ڕۆژێک لە تەلەفزیۆنەکان و ڕۆژنامەکان بوختانم بۆ دەکەن. لەم بارودۆخەدا کە ناتوانم مافی وەڵامدانەوەش بەکاربێنم، بە فرتوفێڵی سیاسی هەوڵدەدەن من بەخراپی پیشان بدەن. بەڵام ئێوە هەمووتان ئاگاتان لە ڕاستییەکان هەیە.
من بەمە دەزانم و دەبینم. دۆخی ئێستا تەنیا نموونەیەکە. ئەمڕۆ تەواوی وەڵات، تەواوی هاوڵاتیانی ئێمە بوونەتە مەغدووری نادادپەروەری. نادادپەروەری نەک تەنیا لە کۆشکەکانی دادپەروەری ڕوو دەدەن. بەڵکو لە نەخۆشخانەکان، زانکۆکان، لەنێو زەوییەکان، کارگەکان، فەرمانگەکانی دەوڵەت و کۆڵانەکان هەموو ڕۆژێک لە هەموو شوێنێک هەموو کەس مەغدوور دەبن و مامەڵەی نادادپەروەرانەیان لەگەڵ دەکرێت.
(کۆمەڵگەی تورکیا بەهۆی ئاکەپە ڕەشبین و بێ هیوا بوو)
بەداخەوە تورکیا بەتەواوی بووەتە زیندانێکی نیوەکراوە. بەم شێوەیە دەیانەوێت ترس بخەنە دڵی هەموو کەسێک، ترس بخەنە دڵی تەواوی کۆمەڵگە. بەڵام کاری دەوڵەت ترساندنی هاوڵاتییان نییە، کاری دەوڵەت خزمەتکردنە. بەڵام ئه و کردەوە دژەدیموکراتییانەی کە لە ساڵانی ڕابردوو ڕوویاندا، کۆمەڵگەی تورکیایان کردووەتە نیگەرانترین و ڕەشبینترین گەل. وەڵاتی ئێمە لەنێو خۆیدا لە یەکتر جیاکرایەوە و لە دەرەوەش بەتەنیا و بەبێ قیمەتی هێڵدرایەوە.
(ئێمە ناچار نین، بەڵکو دەتوانین تورکیایەکی دیموکراتی بونیاد بنێین)
حەق نییە کە ئێمە بە حکوومەتێکی وەها خراپ بژین. وەک ئه و هاوڵاتیانەی کە لەسەر جوانترین و دەوڵەمەندترین خاکی جیهان دەژین، حەق نییە کە ئێمە بێ هیوا و هەژار بین. ئەمە چارەنووسی ئێمە نییە، ئێمە ناچار و مەحکوومی ئەمە نین.
ئێمە دەتوانین دەستی یەکتر بگرین و پێکەوە تورکیایەکی دیموکراتیی ئایندە، ژیانی نوێ، ژیانێکی شادمان و خۆش، ژیانێکی ئازاد بونیاد بنێین.
خوشک و برایانی هێژای من، کات کاتی ئەوە نییە کە بێ هیوا بین و بترسین. بە ڕێککەوتن، پشتیوانی و یەکێتی، ئێمە دەتوانین هەموو کێشەکانی وەڵاتی خۆمان چارەسەر بکەین. بەبێ ئەوەی هاوڵاتییەکی خۆمان وەک دوژمن ببینین و خۆی لێ دووربخەینەوە، دەتوانین پێکەوە بە دڵ ببینە وەڵاتێکی گەورە و خوشک و برایەتی.
ئێمە خەڵکی خۆمان بەگوێرەی پارتی، ناسنامە، مەزهەب و زایەند لە یەکتر جیاناکەینەوە. ئێمە سەروەری حقووق و دیموکراتی بەسەر دەوڵەتدا دەسەپێنین. ئەگەر دەوڵەت دەوڵەتی هەموومانە، وەڵات وەڵاتی هەموومانە، کەواتە ئه و کاتە ئەرک و بەرپرسیارەتیی ئێمەیە کە بۆ هەموو کەس حکوومەتێکی دادپەروەر و یەکسان بونیاد بنێین.
بۆ ئەوەی کەس خۆی وەک منداڵی زڕدایک نەبینێت، بۆ ئەوەی کەس ناحەقی نەبینێت، ئێمە سیاسەتێکی نوێ کە 81 ملیۆن کەس لەخۆ بگرێت، دەخەینەگەڕ.
(گەل لە وەڵاتێکی دەوڵەمەند بەهەژاری دەژی)
ئێمە بەباشی سوود لە خاک، دەریا، مێژوو و میراتی کولتووریی خۆمان وەردەگرین. قورسایی ناخەینە سەر چیمەنتۆ و بیناسازی ناپەسەند، ئێمە گرینگی بە خاک، ڕەنج، بەرهەمهێنان و زانست دەدەین و بەدڵنیاییەوە کۆتایی بە هەژاری دێنین. لە وەڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک تورکیا، مرۆڤ ناچار کراوە کە بەشێوەیەکی هەژار بژی. ئەمە شەرمەزارییە بۆ کاربەدەستانی ئەم وەڵاتە. ئێمە وەڵاتی خۆمان لەم شەرمەزارییە ڕزگار دەکەین.
(ئێمە هیوادارین، بەجۆشین)
ئێمە ئێستا زیاتر بەهیوا، بە تامەزرۆیی و بەجۆشەوە خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەکەین. من لێرە لەنێو چوار دیواردام. بەڵام پێدەزانم کە ئێستا هەزاران دەمیرتاش لەنێو زەوییەکان، لە کاری جووتکردن، لە زەوییەکانی فندکن. دەمیرتاش ئێستا لە مەیدانەکانە، لە کارگەکانە، لە وانەدایە، لە پۆلەکانی زانکۆیە، لە کرێکارییە، لە بەرخۆدانی مانگرتوانە. لە کار دەرکراوە، بێکارە، هەژارە. گەنجە، ژنە، منداڵە. تورکە، کوردە، چەرکەسە، پۆماسە، بۆشناکە. عەلەوییە، سوونییە، بەڵام بەر لە هەر شتێک هیوادارە و بەجۆشە. گۆڤەند دەگرێت و لە هەڵپەڕکێکی هۆرۆن دایە.
(سەربەرز بن، دەنگ بدەنە هەدەپە و دەمیرتاش)
دەمیرتاش لە قاوشی زیندانی ئەدیرنە نییە، دەمیرتاش ئێوەن. باوەڕتان بەخۆتان هەبێت. سەربەرز بن. دەنگ بە خۆتان بدەن. بڵێن؛ دەنگێک بۆ هەدەپە، دەنگێک بۆ دەمیرتاش.
لەبیرنەکەن، تەنیا یەک دەنگ دەتوانێت زۆر شت بگۆڕێت. تۆ دەتوانی ئەمە بکەی، خوشک و برایانی ئازیزی من. لەپێناو ڕۆژی خۆش و گەش، کات کاتی گۆڕینە. ئێمە پێکەوە ئەمە دەکەین، پێکەوە سەردەکەوین.
بە دڵ و گیان سڵاو لە هەمووتان دەکەم.
بەدڵنیاییەوە ئێمە سەردەکەوین و ڕۆژی ئازاد دەبینین. بمێنن لە خێر و خۆشیدا.[1]
#06-06-2018#