دەزگای دواڕۆژ بۆ ڕوناکبیری و ڕاگەیاندن بەرگی دووەمی کتێبێکی فرانسیس فۆکۆیامای بیرمەندی ئەمریکی وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی. (سیستمی سیاسی و داڕمانی سیاسی.. لە شۆڕشی پیشەسازییەوە بۆ بەجیهانیکردنی دیموکراسی) ناونیشانی کتێبەکەیە، کە لەلایەن دەزگای دواڕۆژەوە لە دوو توێی 922 لاپەڕەدا بڵاوکرایەوە.
ئاوات ئەحمەد سوڵتان کتێبەکەی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. لە بەشی یەکەمی کتێبەکەیدا ئه و بیرمەندە باس لە (دەوڵەت) و پەرەسەندنە سیاسییەکان و ڕەهەندەکانی پەرەسەندن و گرفت و ئاستەنگەکانی وەک بیرۆکراسی و گەندەڵی دەکات، لە بەشی دووەمدا دێتە سەر باسی (دامەزراوە بیانیەکان) و چەند وڵاتێکی ئەفریقی وەک نمونە دەهێنێتەوە، بەشی سێیەم باسی (دیموکراسیەت) و لە بەشی چوارەم و کۆتایی ئەم بەرگەشدا تاوتوێی (داڕمانی سیاسی) و سەربەخۆیی و پاشکۆیەتی و سیستمی سیاسی دەکات. پێشتر لە 24ی کانونی دووەمی 2016 دواڕۆژ بەرگی یەکەمی کتێبەکەی لەژێر ناوی ڕەگوڕیشەی سیستمی سیاسی.. لە سەردەمە پێش مرۆییەکانەوە تا شۆڕشی فەڕەنسا لە دوو توێی 720 لاپەڕەدا بە زمانی کوردی بڵاوکردەوە. فرانسیس فۆکۆیاما بیرمەندی ئەمریکی لە ساڵی 1952 لە شیکاگۆ لەدایکبووە، لە بوارەکانی زانستی سیاسی و ئابووریی سیاسی دا دەنوسێت و بە کتێبی کۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ لە ساڵی 1992 دا ناوبانگێکی زۆری پەیداکرد. [1]