ڕوانگەی تیئۆریک
ئێران یەک لەو وڵاتانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە که مێژووی کۆمەڵگای ئازاد لەوێ دەستی پێ کردووە بڵاو بۆتەوە. ئێران لانکەی کۆمەڵگا و تێکۆشانی ئازادی بووە و ئێستاش هەر ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت. گەلانی ئێران لە سەر ئەم بنەمایە لە ڕابردوودا ژیانێکی کۆنفەدەرەڵیان بووە و مێژووی ئەم وڵاتە پڕە لە تێکۆشەرانی ماندویی نەناس و خەباتی ئازادیخوازی، بەتایبەت گەلانی ئێران و گەلی کوردیش پێکەوە لە کاتی کۆمەڵگای سروشتی تا ڕۆژی ئەمڕۆ مێژوویەکی هاوبەشیان نووسیوە و لە دژی ئەستەم و نادادپەروەری تێکۆشان هاوبەشیان کردووە. بێگومان لە مێژوو، چاند و بیرۆکەی هاوبەشیاندا کاریگەریان لەسەر تێکۆشانی یەکدی داناوە. کۆنفدرالیسمی هۆزەکانی ئێرانی و کوردستانی لە دژی زوڵم و ئەستەمی ئاشۆریەکان لە مێژووی کۆن و شۆڕشی گەلانی ساڵی 1357 لە مێژووی هاوچەرخدا، نموونەی بەرچاوی ئەو تێکۆشانە هاوبەشەن. ئەم ژیانە کۆنفەدەراڵە نیشاندەری یەکیەتی حاشاهەڵنەگری مێژوویی گەلانی ناو ئێرانە کە لەسەر بنەمای چاندی دەوڵەمەند و هاوبەشی ئەو گەلانەیە و هێندەی یەکگرتوویی زاگرۆس و ئەلبۆرز پتەوە.
لە مێژووی هاوچەرخی ئێرانیش تێکۆشانی دیمۆکراتیک و چەپ بەردەوام بووە و بەتایبەتی ئێران وڵاتێکی هاوبەش بووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە سۆسیالیسم و خەبات بە شێوازێکی بەهێز و بە ئەساس گرتنی گەل بەرەو پێش چووە. شۆڕشی گەلان لە ساڵی 1357 کە دەرەنجامی تێکۆشانی هەموو گەلان و بزووتنەوە جیاوازەکان بوو، مێژوویەکی دەوڵەمەندی تێکۆشانە و بە هۆی پێگەی کۆمەڵایەتی بەهێزیەوە مۆرکی خۆی لە سەدساڵی بیستەم داوە. ئەوەی کە بنەمای ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتیە دەرەنجامی تێکۆشانی گەلانی سەرانسەری ئێران بوو، ڕاستی و ڕەوابوونی ئەو شۆڕشە دەردەخات کە پێویستە ئەمڕۆ لە لایەن ئەو گەلانەوە درێژەی پێ بدرێت. لە ناخی ئەم شۆڕشەی گەلانی ئێران، یەکسانی و دادپەروەری گەشەی کرد و بەو هۆیەوە باشترین هەڵوێستی لە بەرانبەر دەسەڵاتی ئەو کاتەی ئێران نیشان دا. بەڵام ئەمڕۆ لەگەڵ گەشەکردنی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری بە دڵنیاییەوە کۆماری ئیسلامی بە شێوازێکی دیکە هەنگاو هەڵدەگرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە شۆڕشی گەلان لە بەرانبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ڕاوەستا و تێکۆشانێکی بەنرخی بەڕێوە برد. کۆماری ئیسلامی هەر لە دەسپێکی گەیشتن بە دەسەڵات کەوتە ناو شەڕێکی قورس لەگەڵ ئێراق، ئارام ئارام لە ڕاستی کۆمەڵگا و گەلانی ئێران دوور کەوتەوە و لەگەڵ هێزی دەوڵەت-نەتەوە یەکانگیر بوو. ئەساسی نکۆڵی کردن لە هەبوون و جیاوازی هەموو گەلان لە ڕوانگەی ناوەندگەرایی و دەسەڵاتخوازی سەرچاوە دەگرێت. ئێران وڵاتێکە سۆسیالیسم و بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لەوێ لەدایک بووە و لانکەی گەشەکردن و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی ئەم جۆگرافیایە. لەم ڕوانگەیەوە، لە قۆناخی ئێستادا پێویستی بە سیستەمێکی دیموکراتیک هەیە کە هەموو دەوڵەمەندییەکانی چاندی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بگرێتە ناو خۆی بۆ ئەوەی کە جارێکی دیکە شۆڕشی گەلان زیندوو بکاتەوە. ئەوە بەرچاوە کە لە ناوەندی مێژووی سۆسیالیسمی ئێران، ڕۆڵی ژنان و تێکۆشانی ئەوان زۆر گرنگ و دیارکەر بووە و ئێستاش بە هەمان شێوەیە. ئەمڕۆ پێویستە بەها و نرخە دیمۆکراتیەکانی ژنان و کۆمەڵگای ئێران یەک بگرن و ببنە بناغەی دیمۆکراسی بۆ کۆمەڵگا. بۆ زیندوو کردنەوەی ئەم مێژوو، بیرۆکە و تێکۆشانە هاوبەشە شکۆمەندە، بە دڵنیاییەوە پێویستی بە ڕۆحی نەتەوەی دیموکراتیک وەک تەنها ئارمانجی مرۆڤ پەروەر هەیە.
ئێران بەو دۆخەی کە ئێستا تێیدایە، دوای چل ساڵان کەوتۆته ناو قۆناخێکی گۆڕان. قەیرانی تێکدەری ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی کە لە سیاسەتی هەڵەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرکەوتوون، بۆتە هۆکار کە گەلانی ئێران و بە تایبەتیش ڕۆژهەلاتی کوردستان بکەوێتە ناو کێشەی زۆر قووڵ. کۆمبوونی سیاسەت لە دەستی ڕژێمی سەردەست، سیاسەتی ئاسمیلاسیۆنی چاندی گەلانی کورد، بەلوچ، ئازەری، عەرەب و گەلانی دیکە و ناهاوسانی ئابووری کە لە سیاسەتی هەڵە دەرکەوتووە، کرداری میلیتاریستی و سەردەستی سوپای پاسداران لە سیاسەت و دیپلۆماسی دەرەکی، هەمووی ئەوانە لە کائۆسێکی زیهنیەتی سەرچاوە دەگرن کە زیاتر لە قەیرانێک، هەڵوەشانەوەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی دەرخستۆتە بەرچاوان و تەقین و شۆڕشێکی گەلان و گۆڕانکاریەکی دیمۆکراتیک دەکاته پێویستیەکی ناچار. هەمووی ئەوانە ئەو مەترسیانەیان لەگەڵ خۆیان هێناوە: یەکەم؛ کۆمەڵگا بە قەیرانی بێکاری، برسیەتی، هەڵوەشانەوەی ئەخلاقی، فەقیری، لەناوچوونی بنەمای ئابووری، ناکۆکی دەرەکی، گەشەکردنی فاشیسم، بە دیلگیرانی کۆمەڵگا، زەخت و گوشار لە سەر ژنان بە شێوازی پیاوسالاری و دەوڵەتپەرەستی، بێناسنامە کردنی گەلان، پەرەپێدانی لیبەراڵیسم وەک چاندێکی سەردەست، دەرچوونی سەرمایە، زۆرکردنی دەڵاڵی لە جێی بەرهەم هێنان، کۆبوونەوەی دارایی وڵات لە دەستی سپاه، دەوڵەت و سازیەکانی سەر بە ئەوان. دووهەم؛ لەناوبردنی ژینگە و دارستان، دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر بەنداو بە ئارمانجی سیاسی و وشک کردنی ڕووبار و گۆلە مەزنەکان، نەپاراستنی دەوڵەمەندی ژینگە، مەزنبوونی شارەکان بە شێوازی پەنجەشێر و تەقینی ژمارەی نفووس، زۆربوونی مادەی هۆشبەر، سیستەمی پەروەردە و تناوخۆوستی هەڵە و ناڕاست. سێهەم؛ زوڵم لە نەتەوە و گەلانی ئێران، بڵاو کردنی زیهنیەتی یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا، یەک دین، یەک وڵات، یەک زمان و دژایەتی گەلانی دیکە بە شێوازی یەکدەست کردنی موزایکی چاندی، ڕوانگەی ئەمنی بۆ سەر کوردستان، بەلوچستان، ئەهواز و ناوچەی سنووری و چارەسەرنەکردنی کێشەی گەلانی ناو ئێران، پێشگرتن لە کرانەوەی سیاسی، سەپاندنی یاسا و هوقوقی دەوڵەتی لە سەر کۆمەڵگای مەدەنی و سەرکوت و توندوتیژی لە بەرانبەر ڕاپەرین و شۆڕشی گەلان بە شێوازی جۆراوجۆری فیزیکی و چاندی. بە گشتی پێویستە بڵێین ئەم قەیرانە تەنها بەرهەمی دەوڵەت و ڕژێم نییە، بەڵکو بە بەرچاوگرتنی ڕەهەندی دەرەکی، سیستەمی سەرمایەداری و زیهنیەتی لیبەراڵی جیهانییش تاوانبارە و لەپاڵ کۆماری ئیسلامیدی دژی گەلان کار دەکات و هۆکاری ئەو کێشانەیە. هەر ئەوەندەش کە سەرمایەداری لە سەرانسەری جیهان گەلانی کردۆتە کۆیلە، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش لە ئاستی ناوخۆیی هەمان ڕۆڵ دەگێڕێت. هەردوو سیستەمی کۆماری ئیسلامی و سەرمایەداری جیهانی تەوانبارن. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە زۆرکردنی قەیرانەکان هەوڵ دەدات گەلان و کۆمەڵگا ناچاری تەسلیم بوون بکات.
لە گەرمایی، شەڕی جیهانی سێهەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بە دوو زیهنیەتی جیاوازی مۆدەرنیتەی سەرمایەداری لە لایەکی و مۆدێڕنیتەی دیمۆکراتیک لە لایەکی دیکە شەڕ بەردەوامە و ناوەندی ئەم شەڕە کوردستانە. زلهێزانی جیهانی و هەرێمی لە کارتی کورد بۆ لەناوبردنی گەلانی کوردستان، ئێران، سوریا، تورکیا، ئێراق و گەلانی وڵاتانی دیکەی هەرێمی سود وەردەگرن. ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران(ڕەوتی بناژۆخواز، میانەڕه و و ڕیفۆرمخواز) لە سەر بەرژەوەندی هەم لەگەڵ سەرمایەداری جیهانی ناکۆکیان هەیە و هەم لەگەڵ بەرەی سێهەم کە گەلانی کوردستان، ئێران و هەرێمەکەن. بە ئەساسگرتنی هیلالی شیعی لە یەمەن هەتی لوبنان، پەرە بە شەڕ دەدەن. ئەو شەڕە کە مۆرکی شەڕی ئەتۆمی و ئەلیکترۆنی لەسەرە، دەچێت کە دوای ئەفغانستان و ئێراق و سوریا، ئێرانیش لەخۆ بگرێ. ڕژێمی ئێستای ئێران وەڵامی ئەو مەترسیانە بە سوپای قودس و سەرکوت کردنی گەلان دەداتەوە. ئێستا شەڕی جیهانی سێهەم لە ڕەهەندی دەرونناسی، ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی کەوتۆتە ناو ئێران و ئەگەری شەڕێکی سەربازی و دەستێوەردانی جیهانی زۆرتر کردووە و تاکە ڕێگای پێشگرتن لە ئەو شەڕە لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە قەبووڵ کردنی داخوازی گەلان و کۆمەڵگای ئێرانێیە. ڕۆژهەلاتی کوردستانیش وەک ئێران دەچێت کە ببێتە ناوەندی شەڕی زلهێزانی جیهانی و هەرێمی. نابێ کە گەلانی ئێران سیناریۆی نامرۆڤانەی دەرەکی و ناوخۆیی قەبووڵ بکەن. لە ناوخۆی ئێران، دەوڵەت نەتەوەیەک هەیە کە سەرکوتیان دەکات و فرێویان دەدات و ڕیفۆرمخوازانیش گوێ نادەنە ڕاپەڕینی گەل و لە سەر بەرژەوەندی و هێز لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دادەنیشن، لە دەروەیش زلهێزی ئامریکی و ئەوروپی دەیانەوێت ئێران وەک سوریە لێ بکەن و ناوەندی ئەنەرژی و هێزی ئێران بخەنە دەستی خۆیان. هەروەهی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنیش چ ڕاستگەری بێت یان چەپگەری تەنها دەیانەوێت کۆماری ئیسلامی بڕوخێنن و خاوەن بەرنامە و ئاڵتەرناتیڤ بۆ داهاتوو نین و ئەویش دەبێتە هۆکار کە پۆتانسیەلی گەلان بۆ شۆڕش لەناو ببەن و کۆمەڵگا بکەوێتە ناو مەترسیەکی زۆر گەورە. سەرمایەداری جیهانی بە گوشار و شەڕی تایبەت دەیەوێت چارەنووس بۆ گەلان دیار بکات. ڕۆژەڤی وەک بەرجام و پرۆگرامی مووشەکی ئێرانیش هیچ پێوەندیەکی بە کۆمەڵگا و بزووتنەوەی ئازادیخوازیەوە نیە و ئاموری سیاسی زلهێزانی جیهانی و ڕژێمی سەردەستی کۆماری ئیسلامین و نابێت کە ڕاپەڕینی گەلان بە ئەوانەوە گرێ بدرێت و چارەسەری بە ڕیگای ئەوانە پێش ناکەوێت.
کوردستان لەو شەڕەدی لە مەترسی کۆمەڵکوژیدایە و بووەتە ناوەندی شەڕی هێزەکانی ڕۆژئاوایی و دەوڵەتە بەرژەوەندی پارێزەکانی هەرێمەکە. گەلی کورد لە ناو شۆڕشێکدایە بۆ پێک هێنانی نەتەوە و خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک و بە دوای گۆڕانکاری هێز، ڕووخاندنی ڕژێم و بێدەنگ بوونەوە نیە، بەڵکو بە شێوازێکی ڕادیکاڵ لەگەڵ گەلانی ئێران کەوتۆتە ناو شۆڕشی گەلان. بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد گۆڕانکاری و چارەسەریەکی ڕادیکاڵ و بنگەیی دەوێت، بەڵام دەوڵەتی ئێران، ئۆپۆزسیۆن و زلهێزانی جیهانی خاوەن پرۆژەیەکی دیمۆکراتیک و بێ شەڕ نیەن و گەمارۆی ئابووری و هەڕەشەی سەربازی بۆ کۆمەڵگای مەدەنی تەنها مەترسیەکان زۆرتر دەکەن. ئۆپۆزسیۆنی کلاسیک تەنها بەشی خۆی لە دەوڵەت نەتەوەی ئێران دەوێت و نوێنەرایەتی گەلان ناکەن و هیچ ڕەخنەیەکی توندیش قبووڵ ناکەن.
شۆڕشی دیمۆکراتیکی گەلان
ا – گەلان: بۆ چارەسەری قەیرانی ئێران و کوردستان پێویستی به پرۆژەی ناوخۆیی و هەروەهی دەرەکیش هەیە، ئەوە لەکاتێکدایە کە نابێت کۆمەڵگا و بزووتنەوەی ئازادیخواز پرۆژەیەک قبووڵ بکەن کە چارەسەری لەگەڵ خۆی ناهێنێت. نابێت ناوەندگەری و نادیمۆکراتیکبوونی ناوخۆیی و دەرەکی قبووڵ بکەن. لە پرۆسەی گۆڕانکاری لە ئێران، فاکتۆری ناونەتەوی، ڕژێمی ئێستای کۆماری ئیسلامی و لە سەرووی ئەوانەش فاکتەری گەلان پێویست و گرینگن و دەبێت تێکۆشان و سیاسەتی گەلان لە پێش هەموو شتیک بێت. دەوڵەتی ئێستای ئێران کە وەک لایەنی میانڕه و خۆی باشتر لە لایەنی بناژۆخواز نیشان دەدات، تەنها ڕۆڵی ئاستەنگ کردنی شۆڕش و ڕاپەڕینی گەلان دەگێڕێت. قەیرانی زۆر و جۆراوجۆر بۆتە هۆکار کە پۆتانسیەلی خەڵکی ئێران بۆ چارەسەری دیمۆکراتیک بکەوێتە بواری کرداری بەڵام دەوڵەتی میانڕه و لەگەڵ بناژۆخوازانی ڕژێم هەوڵدانی ڕاوەستاندنی دەدەن. بۆ گەلانی ئێران، نەتەوەی دیمۆکراتیک و خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک سەرەکی ترین پێداویستیە، دیمۆکراسی بە بنەماگرتنی کۆمەڵگا و دیمۆکراسی گەلان تەنها لە چوارچێوەی دیمۆکراسی خۆجێیی جێگای قبووڵ کردنە.
ب ڕاپەڕینی خەڵک؛ هەنگاوێکی کرداری بۆ دەمۆکراتیزاسیۆن: ڕاپەڕینی سەرانسەری لە سەرماوەزی ساڵی 1396ی هەتاوی کە ئێستایش بە شێوازی مانگرتن و خۆپیشاندنیئ خەڵک و چینە جیاوازەکان، کرێکار، ژنان و جەوانان بەردەوامە، سیاسەتی دیمۆکراتیک و تێکۆشانێکی گرنگە کە بەردەاومی تێکۆشانی دەیان ساڵەی خەڵکی ئێرانە و ئێستا بە شێوازێکی ڕادیکاڵ گەشەی کردووە و بەرز بۆتەوە. ئەو ڕاپەڕینەی خەڵک نیشانی داوە کە کێشەکە هەم زیهنیەتی دەوڵەتە و هەروەهی زیهنیەتی ئۆپۆزسیۆنیش، هەر بۆیە لە تێکۆشاندایە بۆ ژیان و ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی. هیچ هێزێکی ناوخۆیی و دەرەکی ناتوانێت ئەو ڕاپەڕینەی گەلان ڕاوەستێنێت. ئەو ڕاپەڕینە، ڕاپەڕینێکی هاوبەشە بۆ گەیشتن بە زیهنیەتێکی هاوبەش و ئازاد لە نێوان گەلانی کورد، فارس، بەلوچ، ئازەری، عەرەب و … ڕێخستنی مەدەنی، ژنان و جەوانان پێشەنگایەتی ئەو ڕاپەڕینه دەکەن. بۆ سەرخستنی ئەو ڕاپەڕینەش نابێت خەڵک، ئۆپۆزسیۆن و بزووتنەوەی ئازادیخوازی و لایەنی ناونەتەوی لەگەڵ دەوڵەتی ئینکارگەر و سەکوتکار هاوکاری بکەن، بەڵکو پێویستە لە بەرانبەریدی تێکۆشانێکی ڕادیکاڵ بەڕێوە ببەن. هەروەهی ئەگەر دەوڵەت و سیستەمی ئێستای ئێران بۆ قبووڵ کردنی داخوازی خەڵک و گەلان ئامادەیی نیشان بدات، نابێت کە بۆ گەیشتن بە هێز و بەرژەوەندی تەنگ و بچووک هەوڵدانی ڕووخاندنی دەوڵەت و سیستەم بدەن و لە ئەگەری قبووڵ نەکردنی داخوازیەکانیش پێویستە تێکۆشانێکی هەمەلایەنە و کرداری بەڕێوە ببەن. قەیران بە ئاستێکی زۆر مەترسیدار گەیشتووە و کۆمەڵگاش هۆشیار و سیاسی بۆتەوه، بۆیە دەبێت ئەو کۆمەڵگا لەگەڵ ڕێخستنێکی خۆڕاگر کار بکات کە خاوەنی زیهنیەت، تێکۆشان و بیرۆکەی ڕاست بێت. هەڵبژاردەی گەل پێویستە ڕادیکاڵ بێت، چونکو نه ڕژێمی ئێران دەتوانێت وەک ڕابردوو بمێنێت و نه ئۆپۆزسیۆن. تەنها گەل و گۆڕەپانی تێکۆشان دەتوانن کێشە و قەیرانی کۆمەڵایەتی سیاسی لە ئێران چارەسەر بکەن. ئەگەر کرانەوەیەکی سیاسی بکرێت، تەنها بە دەستی کۆمەڵگی دەبێت. ڕەتکردنەوە یان قبووڵکردنی داخواز، ماف و ئازادی گەلان لە لایەن ڕژێمی سەردەست ئێرانەوە گرێدراوی هەبوونی کرداری گەلان لە گۆڕەپانی تێکۆشانێیە. ئیدی نه دەوڵەت دەتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی بدزێتەوە و نه گەلیش دەتوانێت ئەرکی شۆرشگێڕانەی خۆی بەجێ نەهێنێت. نه ناڕەزایەتی خەڵک بە تەنها دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات و نە بەڵێنە درۆیینەکانی دەوڵەت. دەوڵەت و ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بۆ چارەسەری قەیرانی ئابووری، جارێکی دیکەش وەک ڕابردوو خۆیان بە ناوەندی هەموو شتێک دەبینن، هەروەهی بۆ چارەسەری قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسیش هەوڵدەدەن زۆرتر لە بەرێ کۆمەڵگا بە خۆیانەەوە گرێ بدەن کە نەتوانێت سەرهەڵدان و ڕاپەڕین بکات. ئاشکرایە کە سەرهەڵدانی ئەم دواییانە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەمکورت نیە و بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوام دەکات. ئەگەر ڕاپەڕینی گەل لە لایەنی ڕژێمەوە قبووڵیش بکرێت، پێویستە تی کاتێک کە دەگاتە ئامانجەکانی خۆی بەردەوام بێت. نابێت کە ڕژێم و ئۆپۆزسیۆن بە دووڕویەتی و ڕێکەوتن هەوڵی بێکاریگەر کردنی گەل بدەن.
چارەسەری و گۆڕانکاری دیمۆکراتیک بێ دەوڵەت و هێزی دەرەکیش دەبێت؛ ئەگەر ڕژێمی ئێستا ڕازی نەبێت کە ماف، ئازادی و داخوازی گەلان قبووڵ بکات و ئەوانە پێک بێنێت، ئەو کاتە پێویستە گەلان خۆیان بۆ دەمۆکراتیزەکردنی وڵات هەنگاو بنێن. دەوڵەت بۆ گەل دیمۆکراسی ناهێنێت، بەڵکو گەل بە زەحمەت و تێکۆشانی خۆی دیمۆکراسیێ بەدەست دەخات.
ج کۆمیسیۆنی دەرخستنی ڕاستیەکان: ئەگەر کێشەی ناوخۆی وڵات بە ڕێگای ئاشتیانە چارەسەر ببن، کۆمەڵگا پێویستە ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و لایەنەکانی ناونەتەوی ناچار بکات کۆمیسیۆنی دەرخستنی ڕاستیەکان ساز بکەن. سازکردن و بەڕێوەبردنی کۆمیسیۆن چارەسەری قەیرانی سیاسی، ئابووری، دیپلۆماتیک و سەربازی لە نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەتدا، کارێکی سەرەکی کۆمەڵگا بۆ خۆیەتی. ئەو کۆمیسیۆنە بۆ چارەسەری دیمۆکراتیکی قەیرانەکانی ئێستا و ڕێگا نەدان بە دەستێوەردانی سەربازی دەرەکی پێک دێت و ناهێڵێت کە لە ئێران دۆخێکی وەک سووریا بێتە ئاراوە. ڕۆژەڤی وەک بەرجام و تیرۆریسم بە دەستی دەوڵەت ساز کراون و کێشەی دەوڵەتە نەک کۆمەڵگا. دەستێوەردانی دەرەکی مەترسیەکە لە سەر تێکۆشانی خەڵک و ئێران بەرەو دۆخێکی وەک سووریا دەبات.
د ڕێخستنی مەدەنی-دیمۆکراتیک: لەو پرۆسەیەدا، ڕێخستنی مەدەنی-دیمۆکراتیک، بەشێکن لە ئۆپۆزسیۆنی کۆمەڵگا. ڕێخستنی مەدەنی لەپاڵ کۆمەڵگای مەدەنی نابێت کە بەدوای بەدەستهێنانی بەشێک بن لە دەوڵەتدا، لەبەر ئەوەی کە بۆ خۆیان ناوەند و ئەساسی گۆڕانکارییەکانن و بەشێک لە ڕژێم یان لەگەڵ ڕژێم نین، بەڵکو هەبوونێکی سەربەخۆ و کاریگەرن. کۆمەڵگای سیاسی دیمۆکراتیک نەک مەترسی بەڵکو دەرفەت بەدی دەهێنێت. کۆمەڵگایەک کە گرێدراوی دەوڵەت بێت، کۆمەڵگایەکی نەخۆشە. یەکێتی گەلان لە گۆڕەپانی تێکۆشان، زۆر دیارکەرە و خۆپیشاندان و مانگرتن، سەرەتای ئیرادەی دیمۆکراتیک و خۆبەڕێوەبەری کۆمەڵگایە لە بواری کرداریدا. تێکۆشانی کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێران، لێگەڕینی گەیشتن بە مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیکە لە بەرانبەر مۆدێرنیتەی سەرمایەداری ناوخۆیی و دەرەکیدا. کۆمەڵگا لە بەرانبەر ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و سەرمایەداری جیهانی، هێزی سێهەمە و هیچ یەک لەوانە بۆ خۆی ئەساس ناگرێت. ئەساس گرتنی هێزی دەرەکی بە واتای چارەنووسێکی وەک سوریا، ئێراق، ئەفغانستان و … دەبێت. تەنها یەک ڕێ هەیە، ئەویش خۆبەڕێوەبردنی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران و کوردستانە. پۆتانسیەلی سەرەکی خۆپێشاندانی گەل تەنها ئەوە نییە بەڵکو زۆر زیاتر و ڕادیکاڵترە و لە ڕێدایە. نەتەوەپەرەستی، دین پەرەستی و شەڕی مەزهەبی تەنها دەتوانێت گەلان و ئایینەکان بکاتە دژبەری یەکتر و لەناویان ببات. سەربەخۆیی فکری دەتوانێت کۆمەڵگا و گەلان لە قوربانی بوونی دووبارە لە پرۆسەی وەک بەرجام، گەمارۆی ئابووری، بەرنامەی مووشەکی و ڕکابەری ئەنەرژی و هێز بپارێزێت.
ه ژنان: ژنان کە لە سەرهەڵدانی زستانی 1396دا خاوەن ڕۆلێکی گرنگ بوون، ناوەندی تێکۆشانی دیمۆکراتیکی کۆمەڵگای ئێرانن. چیتر دژایەتی ژنان لە لایەنی ڕژێمەوە گەیشتۆتە ئاستی تەقین و پێدەچێت کە ئازادی ژنان لە چاندی کۆنەپەرەستی ناوخۆیی و دەرەکی مسۆگەر ببێت و بە دەستی ژنان کۆمەڵگا ڕزگار بکرێت. مێژووی شۆڕش لە ئێران هێزی ژنانی ڕادەخاتە بەر چاوان و داهاتوویەکی دیمۆکراتیک و ئازاد بێ ئازادی ژنان هیچ کاتێک پێک نایەت.
و جەوانان: جەوانان وەک قوربانی سەرەکەی سیاسەتەکانی ڕژێمی سەردەست، هێزێکی بنگەهینن لە تێکۆشان و ڕاپەڕینی دژی قەیران و زوڵمی کۆماری ئیسلامی. ئیدی باوەڕ بە ساختەکاری هەندێک لایەنی فێڵباز ناکەن کە دەیانەوێت ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بڕوخێنن بەڵام خاوەنی هیچ پرۆژەیەکی چارەسەری بۆ داهاتووی ئێران نین. لە چارەسەری کێشەی سیاسی، ئابووری، تەندرووستی و پەروەردە و لە بەدی هێنانی وڵاتێکی دیمۆکراتیک، هێزی سەرەکی خودی کۆمەڵگایە، پێشەنگایەتی کۆمەڵگاش جەوانان دەیکەن و نابێت کە سیناریۆی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ خۆیان ئەساس بگرن.
رێگاچارەی کۆدار و پەژاک بۆ چارەسەری
کۆمەڵگای دیمۆکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) وەک بەشێک لە هێزی شۆڕش لە ئێران و کوردستان، بە هۆشیاری دۆخی نالەبار و زەحمەتی کۆمەڵگا، دەرفەت و مەترسییەکانی سەر ئێران و کوردستان دەبینێت. کۆدار سیستەمێکە کە جەستە و پەیکەرەکەی کۆنفەدەرالیسمی دیمۆکراتیکە و ڕۆحەکەشی نەتەوی دیمۆکراتیکە. خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک و دیمۆکراسی خۆجێیی بەم سیستەمە دەرفەتی بەکرداری بوون پەیدا دەکات. کۆدار بۆ ئازادی گەلان، بەتایبەتی گەلانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێکۆشان دەکات. کۆدار سەربازێکە کە خاوەنی پرۆژەیەکی دیمۆکراتیک و ئاشتیانەیە. ئێمە دانپێدانانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی بە هەبوونی کێشەی گەلان، بەتایبەتی کێشەی کورد بەس نابینین و بە شێوازێکی ڕادیکاڵ دەمانەوێت هەنگاوی کرداری لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە هەڵبگیرێت، لە هەمان کاتدا خاوەنی پرەنسیپێکی تێکۆشانین کە لە مارژیناڵبوون بە دوورە و هیچ کرانەوەیەک لە دەوڵەتان، ڕژێمی سەردەست و لایەنەکانی سیاسی و سەربازی داواکاری ناکات. پەژاک وەک پێشەنگی بەدی هێنانی کرداری سیاسەتی دیمۆکراتیک لە سیستەمی کۆدار، بە مەبەستی ئازادی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ هەرجۆرە چارەسەری دیمۆکراتیک ئامادەیە. کۆدار و پەژاک دەیانەوێت کرانەوەی سیاسی لە لایەن دەوڵەتی ئێران ئەنجام بدرێت و کێشەی کورد و هەموو گەلانی ئێران لە چوارچێوەی پرۆژەی نەتەوەی دیمۆکراتیک و خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک چارەسەر بکرێت.
ا هێڵی سووری کۆدار، کۆمەڵگایە
هەرجۆرە پاشەکشێ لە سەر ئازادی، دیمۆکراسی و بەرژەوەندی کۆمەڵگا وەک خیانەت لە شۆڕش و خۆڕاگری گەلان دەبینێت و هێزی سەرەکی خۆڕاگری بە هێزی کۆمەڵگا دەزانێت. کۆدار نەخشەڕێگای خۆی نەک دەوڵەت، بەڵکو بۆ پێشکەش کردن بە کۆمەڵگا و گەلان و نیشاندانی ڕێگای ڕاستی تێکۆشان پێشنیار دەکات. خاڵی گرینگ بۆ چارەسەری، ڕێکخستنی خەڵک و کۆمەڵگا دەبینێت و لە پلەی دووهەمدا گرنگی دەدات بە پرۆژەی چارەسەری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی یان دەرەوە، ئەویش ئەگەر ئەو پرۆژانە ئاشتیانە بن. هەرجۆرە پرۆژەیێک کە گەلان وەک هێزی سەرەکی ئەساس نەگرێت بە هەڵە دەزانێت. کێشەکانی کۆمەڵگا وەک دوازدە کێشەی سەرەکی بەناو دەکات کە بریتین لە: (دەوڵەت و دەسەڵات، سیاسەت و ئەخلاق، زیهنیەت، ئابووری، پیشەسازی، ئیکۆلۆژی و ژینگە، کێشەکانی ماڵبات، ژن، هەژماری نفووس و جنسیەت پەرەستی، کێشەی شارگەرایی، چین و بورۆکراسی، پەروەردە و تەندرووستی، ملیتاریسم(ئارتەش سالاری) و ئاشتی و دیمۆکراسی) کە لە ئاستی ئێران، کوردستان و جیهاندا هاوبەشن و لە سەر ئەو بنەمایە گرنگی بە پرۆژەی ئاشتیانه و دیمۆکراتیکی ناوخۆیی، دەرەکی و کوردستانی دەدات. ئیسلامی چاندی لە بەرانبەر ئیسلامی دەوڵەت-نەتەوەدا لە ناو کۆمەڵگای ئێران بەردەوام نرخی تایبەتی خۆی هەبووە و ئەم نرخە لەگەڵ بنەماکانی کۆدار کە دیمۆکراسی خۆجێیی و ئازادیخوازی دەکاتە ئامانج، یەک دەگرێەوە.
ب پرۆژەی نەتەوەی دیمۆکراتیکی کۆدار
تێکۆشانی نەتەوەیەک کە ئاماجی پێکهێنانی دەوڵەتە و دەوڵەتێک کە دەیەوێت نەتەوە ساز بکات، فاکتۆری سەرەکین لە شەڕە خوێناویەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆدا. پێناسەی ڕاستەقینەی نەتەوە ئەوەیە کە لەگەڵ زیهنیەت، هۆشیاری و باوەڕدا لە پێوەندیدا بێت. لەم دۆخەدا، نەتەوەی دیمۆکراتیک بە واتای کۆمەڵێک مرۆڤە کە لە جیهانێکی فکری هاوبەشدان. لەم نەتەوەیەدا، بابەتی وەک زمان، دین، چاند، بازاڕ، مێژوو، هەروەها سنوورە سیاسیەکان دیارکەر نین و تەنها ڕۆڵێکی سەرەتایی بۆ یەکگرتوویی دەگێڕن و لەسەر ئەم بنەمایە هاوبەشی جیهانی فکری گرنگیەکی تایبەتی هەیە. هۆشیاری سەبارەت بە “ئازادی و یەکگرتویی” بنەمای هەموو شتێکە، فکری هاوبەش پێویستی بە پەیکەرێک هەیە و لە نەتەوەی دیمۆکراتیکدا پەیکەری ئەم جیهانبینیە خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکە. ئەو کۆمەڵانەی کە بە ئەساگرتنی ئیرادەی ئازاد و فکری هاوبەش، خۆیان بەڕێوە دەبەن، ئۆتۆنۆمی دیمۆکراتیکیان بەدەست هێناوە. ئۆتۆریتەی سیاسی سیستەمی بەڕێوەبەری گەل، بەڕێوەبەری ئۆتۆنۆمی دیمۆکراتیکە و کۆدار نموونەی ئەم مۆدێلەیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە نەتەوەی دیمۆکراتیک نۆ ڕەهەندی: چاندی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، حقووقی، دیپلۆماتیک، کۆمۆنی دیمۆکراتیک و تاک-هاووڵاتی ئازاد، ژیانی هاوبەشی ئازاد و پاراستنی جەوهەریە.
کۆدار پێکهێنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک وەک پرۆژەیەک بە شێوازی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک و دیمۆکراسی خۆجێیی پێشکەش دەکات و لە سەر بنەمای شێوازی هەڵسوکەوتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆمەڵگای جیهانی لە بەرانبەر ئەو پرۆژەیە، هەڵوێستی کۆتایی خۆی دیار دەکات. مێژوو نیشانی داوە کە زوڵم و ستەمی نەتەوەیی لە سەر کوردان و گەلانی ئێران و کرداری نادادپەروەرانە و ئەمنی چارەسەری لەگەڵ خۆی ناهێنێت. کۆدار چارەسەریەکی دیمۆکراتیک و بێ شەڕی دەوێت و ڕێگا نادات کە هیچ لایەنێک بە بەڵێن و پەیمان و ڕاگەیەندراوی بێ بنەما و ناڕوون لە سەر کێشەی وەک کێشەی کورد، ئەوانە بچووک بکاتەوە و گرنگیان پێ نەدات. پرۆژەی نەتەوەی دیمۆکراتیک بۆ ئازادی و ژیانی هاوبەشی گەلانە، نەک بۆ بەدەستهێنانی هێز، پارچەکردنی خاکی وڵات و سەپاندنی ئاڵا، دین، نەتەوە و ڕەگەزی لایەنێک لەسەر لایەنی دیکە. ئازادی ژنان ئەوەندەی ئازادی گشتی کۆمەڵگا گرنگ دەبینێت و وەک شۆڕشێکی دیمۆکراتیک بەناوی دەکات. ژنان، جەوانان و ئەکۆلۆژی(ژینگە) وەک سێ ڕەهەندی شۆڕش دەزانێت و پرۆژەیەک کە ئەو سێ ڕەهەندانەی تێدا نەبێت، وەک کلاسیک، بێ بایەخ و پاشکەوتوو دەبینێت.
ج کۆدار و هەڵوێستی بۆ تێکۆشان
ئارمانجی سەرەکی کۆدار گەیشتن بە دیمۆکراسی خۆجێیی و دیمۆکراسی لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکە، بەو هۆیەوە ئێران و ڕژێمی کۆماری ئیسلامیش بە شێوازی ئێستا قبووڵ ناکات. کۆدار ئاستی تێکۆشانی خۆی بەپێی داخوازی دەسەڵاتداران دیار ناکات. خەبات بۆ گەلان دەکات و ئەوان ناکاتە قوربانی ڕێکەوتن یان شەڕی بەرژەوەندی. پاراستنی ڕەوا و هەڵوێستی دیمۆکراتیک لە ئەگەری شەڕەنگێزی و نکۆڵی ڕژێمی سەردەست، یەکێک لە پرەنسیپ و بنەماکانی تێکۆشانی کۆمەڵگایە و ئەگەر دەوڵەت و کۆماری ئیسلامی بە گشتی ئامادە نەبن چارەسەریەکی ئاشتیانە قبووڵ بکەن، کۆمەڵگا بۆخۆی پێویستە دەست بە کار ببێت و سیستەمی خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیکی خۆی پێک بهێنێت و دیمۆکراسی لە وڵات پێش بخات، لە سەر ئەو بنەمایە پێویسته ڕژێم بزانێت کە چارەسەری بێ ئەویش دەتوانێت پێش بکەوێت. کۆدار سیستەمە و لە حیزب بەرفراوانترە، پرۆژەی کۆداریش ئێرانی کوردستانیە و بۆ هەموو گەلانە.
د چارەسەری کۆدار بۆ کێشەی کورد
نه ڕژێمی سەردەستی کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت لە دۆخی ئێستا خۆی بدزێتەوە و نه ئامەریکا و بلۆکی ڕۆژئاوایش دەتوانن نکۆڵی لە کورد و ڕۆڵی گرینگی ئەو گەلە بکەن و بەرچاوی نەگرن. گەلی کورد بۆ سەرخستنی مۆدێڕنیتەی دیمۆکراتیک لە بەرانبەر مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری، پۆتانسیەلێکی مەزنی هەیە و کۆدار نایەوێت هیچ حیزب و ڕێخستنێکی مەدەنی کوردی بێبەش بکات. بە پێک هێنانی یەکێتی نەتەوەیی کوردان و لە هەمان کاتدا یەکێتی گەلانی ئێران، هاوپەیمانیەکی بەرفراوان پێشنیار دەکات. کۆدار داخوازی دیمۆکراتیکی کۆمەڵگا ئەساس دەگرێت؛ لە سەر ئەو بنەمایە هیچ کاتێک پرۆژەی ئەو هێزە کوردیانە قبووڵ ناکات کە کۆمەڵگا پارچە دەکەن و بەشداری دیمۆکراتیکی گەلان ئاستەنگ دەکەن بەڵام لە هەمان کاتدا پشتگری پرۆژەی چارەسەری دەکات. کۆدار گۆڕانکاری بنگەهینی دەوێت نەک ڕیستۆراسیۆن(گۆڕانکاری بە ڕەواڵەت)، میانەڕەوی، ڕیفۆرماسیۆن و بناژۆخوازی. سیاسەتی کۆدار بە دەرباسبوونی کات کۆنە و بێکاریگەر نابێت، پێشبینیەکانی ئێمە ڕاست دەرکەوتوون و هەڵوێستەکانی کۆدار بەجێ و بە بەرچاوگرتنی داهاتوو بوون. یەکێتی نەتەوەیی کوردان و یەکێتی گەلانی ئێران بۆ چارەسەری کێشەی مێژوویی، هەردوو لە ڕوانگەی کۆدارەوە یەک پرۆژە، یەک فەلسەفە و زیهنیەتی هەوبەشیان دەوێت. کۆدار لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنها خۆی ئەساس ناگرێت و ڕێگا نادات کە لایەنەکانی دیکەش تەنها خۆیان ئەساس بگرن. ئەساسی بەشداری دیمۆکراتیکی کۆدار بۆ هێزی کوردی و هێزی ئێرانیە. کۆدار ڕۆڵ و گرنگی ڕێخستنی مەدەنی کەمتر لە حیزبە سیاسیەکان نابینێت و دەیەوێت لە یەکێتی نەتەوەیی دیمۆکراتیک و پرۆسەی چارەسەری کێشەکان بەشداری بکەن و ئەوان وەک بەشێک لە ئۆپۆزسیۆن دەبینێت، نەک دەروەی ئۆپۆزسیۆن یان لایەنی دەوڵەت. ڕێخستنی مەدەنی وەک بنگەی کۆنفەدەراسیۆن دەزانێت و کۆمەڵگای مەدەنی لە بەرانبەر ڕێکخراوەی دەوڵەتی دێنێتە هەژمار.
بە باوەڕی کۆدار، هێزی پاراستنی ڕەوا، هێزێکە لە خزمەتی پرۆژەی دیمۆکراتیزاسیۆن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هێزێکی شەڕخواز نیە، تەنها بۆ پاراستن و خزمەتی گەل کار دەکات و نەک وەک مەترسیەک بەڵکو وەک بەشێک لە دەرفەتەکانی کۆمەڵگایە.
ه ڕەهەندی کرداری نەخشەڕێگای دیمۆکراتیکی کۆدار
کۆدار بۆ هەڵگرتنی هەنگاوی کرداری و کرانەوەی سیاسی بۆ چارەسەری کێشەی کورد و کێشەکانی ئێران، بە شێوازێکی ڕوون و ئاشکرا و ڕادیکاڵ ڕەهەندی زۆر گرینگ باس دەکات کە بێ ئەوانە هیچ یەک لە کۆمەڵگا، ڕژێمی ئێران و کۆمەڵگای ناونەتەوی ناتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن. لە بەرئەوەی کە تاکە ڕێگای ڕاست (کێشەی دیمۆکراسی و دیمۆکراتیزەکردنی ئێران، یاسای بنەڕەتی و دیمۆکراتیزەکردنی نەتەوە و گەیشتن بە نەتەوەی دیمۆکراتیک)دەبینێت. کۆدار ئامادەبوونی خۆی ڕادەگەیەنێت بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان لە چوارچێوەی دەوڵەتێک کە دیمۆکراسی قبووڵ بکات و مۆدێلی کۆداریش چوارچێوەی سیاسی-چاندی ئێران دەپارێزت. مسۆگەری دیمۆکراتیزاسیۆن بە هەڵێنانی هەنگاوی کرداری و ئەو ڕەهەندانە دەبینێت کە بریتین لە:
1 ڕەهەندی حقوقی: بۆ ڕەهەندی حقوقی پێویستە یاسای بنەڕەتی ببێتە یاسایەکی دیمۆکراتیک و مافی گەلان، باوەڕەکان، ژنان و ڕەنگەکانی دیکەی ناو کۆمەڵگا بگرێته ناو خۆی و بیانپارێزێت. هەروەها مافی تاکەکەسی و کۆمینال لە کۆمەڵگا پێویستە بەرچاو بگیرێن و دەبێت مافی تاکە کەسی و کۆلەکتیو لە یاسای بنەڕەتی دیمۆکراتیکدا بە شێوازێکی ڕوون پێناسه بکرێن.
2 ڕەهەندی وڵاتی ناوچەیی: وڵاتی هاوبەش و یەکێتی ئەو وڵاتە پێویستە بە شێوازێک پێناسە بکرێت کە هەموو گەل و نەتەوەکان لە خۆ بگرێت و تاکی ئازاد، هاووڵاتی دیمۆکراتیکی ئەو وڵاتە بن. هەروەها ئەو وڵاتە هەوبەشە، جێگای ژیانی کۆمەڵگای ئەکۆلۆژیک و دیمۆکراتیکە و هەموو تایبەتمەندیەکان پێویستە بتوانن ئازادانه تێیدا سیاسەت بکەن و لە بەڕێوەبەری ئەو وڵاتەدا بەشدار بن.
3 ڕەهەندی کۆمەڵایەتی: کۆمەڵگا خاوەن پێداویستی ژیانی و گرینگی وەک (پەروەردە، تەندرووستی، وەرزش، چاند و حقوق)ە. بۆ ئەو پێداویستیانە کۆمەڵگا و دەوڵەت دەکەونە ناو پێوەندی و ڕکابەرێتی و دیارە کە دەوڵەت بە شێوازی ئێستا ناتوانێت ئەرکی خۆی پێک بێنێت. گەلی کورد بە گەشەپێدانی زمانی کوردی، لە چوارچێوەی نەتەوەی دیمۆکراتیک ڕێکخراوەی پەروەردە و چاندی خۆی بەرفراوان دەکات. گەلانی ئێران و بە تایبەت کورد بەشێکی گرنگ لە یەکپارچەبوونی چاندی ئێران و کوردستانن کە بێ ئەوان هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت و به و هۆکارە پێویستە بۆ چارەسەری بە بنەمابگیرێن.
4 ڕەهەندی ئازادی ژن: لە ئێراندا لە حقوق، سیاسەت، ئابووری و بەڕێوەبەریدا لە دژی ژنان زەخت و زوڵم هەیە و هۆکاری ئەویش زیهنیەتی پیاوسالاری کۆمەڵایەتی و هەروەها دەوڵەتە. بێ ئازادی ژنان، دیمۆکراسی ناتوانێت پێش بکەوێت. ماف و ئازادی ژنان وەک ئازادی ڕێخستن، ئازادی ڕادەربڕێن و داخوازەکانیان پێویستە لە یاسادا بەرچاو بگیرێن و مسۆگەر ببن. بابەتی سەرەکی ئەوەیە کە بێ چارەسەری کێشەی ژنان، باس کردنی چارەسەری بێ واتایه و بە هیچ ئەنجامێک ناگات.
5 ڕەهەندی ئەمنیەتی: ئەو ڕەهەندە، پرۆسەی چارەسەری، دیارکردنی یاسا و پێویستیەکانی ئەو پرۆسەیە دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. کورد بە مەترسی لەناوچوون ڕووبەڕوو ماوەتەوە و لە ئازادی بێبەش کراوە. لە ئەمنیەتی کۆمەڵگاییدا بەتایبەتی بۆ کوردان گەرەنتی یاسایی پێویستە بەڵام تەنها ئەوە وەڵامدەرەوە نیە. لە ئەگەری پرۆسەی چارەسەری کێشەی کورد، دەبێت ڕێکخراوە و هێزی ئەمنی و سەربازی ئێران بە شێوازێکی بنەڕەتی گۆڕانکاریان بەسەردا بێت و لە هەمان کاتدا هێزی پاراستنی ڕەوا بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگا، وڵات و دیمۆکراتیزاسیۆن لە ئێران و کوردستان دەرفەتێکە بۆ ژیانی هاوبەش و ئاشتیانە و ئەم هێزە نابێت وەک مەترسی بۆ هیچ لایەنێک ببینرێت.
6 ڕەهەندی ئابووری: کۆدار بە ڕێبازی کۆمۆنی ئابووری، لە بەرانبەر تاڵانی سیستەماتیک پاراستنی کۆمەڵگا و ژینگە دەکات. بڵاوکردنی چاندی کاری هاوبەش بۆ پێکهێنانی پێداویستیەکان وەک ئابووری ڕاستەقینە دەبینێت و گرنگی دەدات بە پێوەندیەکی ئابووری کە لەباتی بەرژەوەندی تەنگ و کورت خایەن، پێویستی کۆمەڵگا ئەساس بگرێت. پێویست دەبینێت کە دارایی و سەرچاوەکانی وڵات لە هەموو بەش و ناوچەکان و لەناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بە شێوازێکی هاوسان و دادپەروەرانە دابەش بکرێت.
7 ڕەهەندی ئەکۆلۆژیک: پیشەسازی، سەرمایەپەرەستی و تاڵانکردنی سەرچاوەکانی سروشت بە شێوازی جۆراوجۆری وەک سازکردنی بەنداو و خراپ کردنی ژینگە و ئەکۆسیستەم بۆتە هۆکاری کێشەی ژینگەیی وەک قەیرانی ئاو، بۆیە پێویستی بە هەوڵدانی دیمۆکراتیک و هاوکاری کۆمەڵایەتی دەوڵەتی لە سەر بنەمای ئەخلاقی هەیە. پارادیگمای کۆدار دیمۆکراتیک و ئەکۆلۆژیکە و دەیەوێت لەو ڕەهەندەدا گۆڕانکاری بنەڕەتی پێک بهێنێت.
8 ڕەهەندی دیپلۆماتیک: کۆدار گونجاوترین نموونەی چارەسەریەکی دیمۆکراتیکی لە ئاستی ئێراندا پێشکەش کردووە. بێ بەرچاوگرتنی جیاوازی ئەتنیکی و نەتەوی کێشەکانی ئێران چارەسەر نابن. دەمێکی زۆر درێژە کە دەسەڵاتداری ئێران بە چاوێکی ئەمنی و پارچەکەر لە کورد و کوردستان دەڕوانێت، ئەو ڕوانگەیەکی هەڵەیە و به پێچەوانەی ئەوە سیستەمی کۆدار کە بێ گۆڕانکاری سنوورەکان و بێ ئەساس گرتنی هێزی سەربازی و شەڕ، بۆ چارەسەری هەوڵدانی پێک هێنانی کۆمەڵگایەک دەکات کە هەموو گەلانی کورد، بەلوچ، عەرەب، تورک(ئازەربایجانی)، فارس و … لە ناو خۆیدا قبووڵ بکات. ئەو مۆدێلەی چارەسەری کۆدار نە لە دژی دەوڵەتان، بەڵکو بۆ کۆنفەدەرالیسمی دیمۆکراتیک و یەکێتی کۆمەڵگای مەدەنیە و لە ئەو باوەڕەدایە کە هەوڵدانی دیپلۆماتیکی دەوڵەتەکان بە تەنها ناتوانێت چارەسەری پێش بخات.
ئەنجام
بۆ چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا پێویستە بەڕێوەبەری کۆمەڵایەتی بە شێوازێک بێت کە دەسەڵاتخوازی و خۆبەڕێوەبەری دیمۆکراتیک بە چاوێک سەیر نەکات. بەڕێوەبەری دیمۆکراتیک و هێزی هەژمۆنیک دو پارادیگمای بەڕێوەبردنی جیاوازن. بەڕێوەبەری دەسەڵاتخواز بە ڕێگای بڵاوکردنی فەردپەرەستی هەوڵ دەدات کۆمەڵگا پارچە بکات و قەیرانەکان قووڵتر دەکات. پارادیگمای نەتەوەی دیمۆکراتیکی کۆدار یەکسانی لە سەر ئەساسی بەرچاوگرتنی ڕەنگە جیاوازەکان و ئازادی کۆمەڵگا دەکاتە ئامانجی تێکۆشانی خۆیی. هەر هاووڵاتی و ئەندامێکی نەتەوەی دیمۆکراتیک خاوەن سێ ئەرک و مسیۆنە:1 ئەرکی ڕووناکبیری. 2 ئەرکی ئەخلاقی. 3 ئەرکی سیاسی. کۆدار بە سوودوەرگرتن لە ئەو سێ ئەرکانە، دوازده کێشەی کۆمەڵگا چارەسەر دەکات. دەرەوەی ئەوانەش، گۆڕانکاری یاسای بنەڕەتی ئێران بە یاسایەکی دیمۆکراتیک، زۆر گرنگ و ژیانی دەبینێت. پێویستە یاسای بنەڕەتی بە شێوازێکی ئاشکرا ئێران وەک وڵاتی هاوبەشی هەموو گەلان، جنسیەت، باوەڕمەندی و ناسنامەی جیاواز پێناسە بکات و گەرەنتی پراکتیکیش پێشکەش بکات. بەردەوامی دۆخی ئێستا نابێت. هەنگاوی کرداری بۆ پشتگری گەلانی ئێران و مافەکانیان، ڕەوا و پارێزراوە. تەنها بە ئەساس گرتن و قبووڵ کردنی داخوازی کۆمەڵگا، چارەسەری پێش دەکەوێت.
کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێوازێک لە پێک هاتنی نەتەوەیە بە پێشەنگایەتی چینە جیاوازەکانی گەلان و بەتایبەتی ڕووناکبیران. کێشەی کۆدار لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەی سەردەست، کێشەی”یاسایی بوون و دانپێدانانی فەرمی”ە. هەرچەند گرنگی بە تێکۆشان و کاری یاسایی و ڕێکخستنی دیمۆکراتیک دەدات، بەڵام ڕێگا پێنەدانی ئەم ڕەوتە لە لایەن دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانەوە دەبێتە هۆکاری هاتنە ئارای شێوازێک لە ئۆتۆریتە و بەڕێوەبەری دوولایەنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاڵۆزی و پێکدادانی لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر ئەم داخوازیە دیمۆکراتیانەی کە لەم پرۆژەیەدا هاتوون و هەروەها داخوازی وەک ڕێگا پێدرانی یاسایی و ناسینی کۆدار بە فەرمی، لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە وەڵامی ئەرێنی پێ نەدرێت و بە پێچەوانەوە بەردەوامی بە “نکۆڵی، لەناوبردن و شێوازی نامرۆڤانە” بدرێت، بە دڵنیاییەوە کۆداریش بۆ پەرەپێدانی یەک لایەنەی ئۆتۆریتە و بەڕێوەبەری خۆی لە هیچ جۆرە تێکۆشانێک واز ناهێنێت.
#12-07-2018#