شەمال ڕەعد، دانیشیتووی #خورماتوو# بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەرەبەیانی ئەمڕۆ برایەکم بەناوی هونەر ڕەعد ئەکبەر لەگەڵ هاوسەر و سێ کچ و کوڕێکی لەدەریای ئیجەوە بە ڕێکەوتوون بۆ ئەوەی بگەنە یۆنان لەوێشەوە بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا.
وتیشی بەهۆی وەرگەڕانی یەختەکەیانەوە هاوسەری براکەم بەناوی #شەیما عەزیز#ی تەمەن 34 ساڵ لەگەڵ سێ کچی بە ناوەکانی #نەغمە هونەر# تەمەن 10 ساڵ، #فەرەح هونەر# تەمەن 8 ساڵ و #دەلال هونەر# تەمەن 6 ساڵ خنکاون، خۆی و کوڕەکەی بەناوی محەممەد کە تەمەنی چوار ساڵە لەگەڵ شۆفێری یەختەکە ڕزگاریان بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ برازا و ژنی براکەم، گەنجێکی دیکە و خێزانێکی خەڵکی پارێزگای بەسرە کە لە دایکێک و سێ کچ پێکهاتوون خنکاون و هەر سێ کچەکەش نابینا بوون.
بە وتەی مامی ئه و قوربانییانە، هونەر ڕەعد ئەکبەر لە خورماتوو، دوکاندار بووە و وەکو خێزانە کوردەکانی دیکەی خورماتوو لە 16ی ئۆکتۆبەر، ئاوارەی ناوچەی #گەرمیان# بووە، دواتر گەڕاوەتەوە خورماتوو و لە بەر خراپیی بارودۆخی ناوچەکە بڕیاریداوە لەگەڵ هاوسەر و منداڵەکانی بچێتە دەرەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.
رونیشیکردەوە، لەگەڵ هونەری برام قسەم کردووە، ئێستا لای هێزە ئەمنییەکانی تورکیایە و تەرمی خنکاوەکانیش دۆزراونەتەوە و داواکارن لە ڕێگەی کونسڵخانەی تورکیا و عێراق و فەرمانگە پەیوەندیدارە کوردییەکان لە تورکیا ئاسانکارییان بۆ بکرێت، بەڵکو بتوانن تەرمەکان بگەڕێننەوە.
باسی لەوەشکرد، براکەم لە تورکیا سکاڵای لەسەر قاچاخچیەکان تۆمارکردووە، چونکە بە زۆر ناچاریان کردوون لەگەڵ ئه و یەختە سەربکەون، لە ئێستا پۆلسی تورکیا لە لێکۆڵینەوەدان بۆ دەستگیرکردنی ئه و قاچاخچیانە.
هاوکات ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ئاگاداری ڕووداوێکی لەوشێوەیەین کە ئەمڕۆ لە دەریای ئیجەدا ڕوویدوە و چەند کەسێک خنکاون، بەڵام هیچ وردەکارییەکمان لا نییە کە ئه و کەسانەی بوونەتە قوربانی کورد بن.[1]