دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
پارێزگای #هەڵەبجە# ئاشکرایکرد، لە دوای سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە بە بڕی زیاتر لە 11 ملیار دینار، کارکردن لە 15 پرۆژەی گرنگ و ستراتیژی لە هەڵەبجە دەستیانپێکردوەتەوە.
عەلی عوسمان، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە ڕووی لە هەرێمی کودستان کردبوو ماوەی سێ ساڵە هیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێ نەکراوە و زۆرێک لەو پڕۆژانەشی کە جێبەجێکرابوون کارکردن تیایاندا ڕاگیرابوو، بەڵام لە کاتی سەردانەکەی قوباد تاڵەبانی بۆ هەڵەبجە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بڕیاردرا بە دابینکردنی بڕی 11 ملیار و 211 ملیۆن دینارکارکردن لە چەند پرۆژەیەکی گرنگ دەستپێبکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆی ئەو پرۆژانەی کە کارکردن تیایاندا دەست پێدەکاتەوە پێکدێن لە 15 پرۆژەی خزمەتگوزاری لەڕووی تەواوکردنی بینای سەرۆکایەتی زانکۆی هەڵەبجە قیرتاوکردنی چەند گەڕەک و کۆلانێکی ناو شاری هەڵەبجە تەواوکردنی پرۆژەی ئاو ئاوەڕۆی چەند کۆڵانێکی هەڵەبجە هاوکات درێژەدان بە کارکردن لە ڕێگای ستراتیژی دوو سایدی هەڵەبجە #سلێمانی#.
پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی وت، بە تەواوکردنی ئەو پرۆژانە قۆناغێکی باش لە ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە دەچینە پێشەوە و گرفتی نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری لە زۆرێک لە کۆڵان و گەڕەکەکانی هەڵەبجە چارەسەر دەبن، بەڵام هێشتا هەڵەبجە پێویستی بە بودجە و پرۆژەی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی ببێت بە پارێزگایەکی نمونەیی.[1]
#28-08-2018#