لاپەڕە نادیارەکانی ژیانی تۆڵستۆی
ئەم کتێبە ڕاو بۆچوونی چەندین نووسەری گەورەی ڕووسی و جیهانە سەبارەت بە لایەنە نادیار و شاراوەکانی ژیانی تۆڵستۆی گەورە نووسەری ڕووسه.
ڕۆمانی جەنگ و ئاشتی، ئاناکارینیا، حاجی مراد، چیرۆکەکانی منداڵی و مێردمنداڵی و گەنجی و دەسەڵاتی تاریکی و دەیان ڕۆمان و چیرۆک و وتار و بابەتی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی لە بەرهەمەکانی تۆڵستۆی ئه و گەورە نووسەرەی ڕوسیا و جیهانە.
چیرۆکەکانی منداڵی و مێردمنداڵی و گەنجی هەریەک گوزارشت لە ژیانی منداڵی و مێردمنداڵی و گەنجی نووسەر دەکەن، باس لە نەهامەتی و چەرمەسەری ئه و نووسەرە دەکەن کە خۆی لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند بووە، بەڵام کە فامی کردۆتەوە ئه و ژیانە خۆش و پڕ لە خۆشگوزەرانیەی جێهێشتووە و ڕەتیکردووە و چوەتە پاڵ چینی هەژار و نەدار و هەست بە نەهامەتییەکانی ئەوانی کردووە.
تۆڵستۆی دەچێتە بەرەی گەل و بە توندی لە ڕێگەی ئەدەب و هەڵوێستی شۆڕشگێڕانەی بەرەنگاری زوڵم و غەدر و ستەمکاری دەبێتەوە و له و ڕێگەیەوە هەرچەند زۆر سووکایەتی و بێ حورمەتی پێدەکرێت و دوور دەخرێتەوە و تەنانەت گیانی دەکەوێتە بەر مەترسی، بەڵام ئه و کۆڵنادات و پشتگیری وپاڵپشتی چینی هەژار و کرێکار و جوتیار دەکات.
ئەم کتێبە باس لە دەیان وتار و ڕاڤە دەکات کە تێدا گەورە نووسەرانی ڕوسی و جیهان ڕاو و بۆچوونی خۆیان لەسەر ژیان و ڕوانین و جیهان بینی تۆڵستۆی دەخەنەڕوو.
پێمان وانەبێت کە تۆڵستۆی تەنها نووسەر بووە و بەس، ئه و هەندێ جار جوتیار بووە و لە سەر زەمین و لە مەزرا کاری کردووە و هەندێک جار بۆ بەرگری لە نیشتمان و وڵات سەرباز و ئەفسەر بووە و هەندێک جاریش وەک توێژەرێکی کۆمەڵایەتی باسی لە نەهامەتی و کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگەی ئه و کاتی ڕوسیای کردووە.
بەرهەمەکانی ئه و نووسەرە مەزنە بە تایبەتی ڕۆمانی جەنگ و ئاشتی بوونەتە گەنجینە و سەرمایەکی لەبن نەهاتوو بۆ ئەدەبی ڕووسی و تەنانەت جیهانیش، بەشێوەیەک کە لینین یەکێک لە سەرکردە گەورەکانی ڕوسیا، تۆڵستۆی بە ئاوێنەی شۆڕش دەزانێت و فەرمان دەدات کە پەیکەری بۆ دروست بکرێت.
بەڕای ڕەخنەگران و ئەدەیبان هیچ کەسێک لەسەدەی ڕابردوو وەک تۆڵستۆی نەیتوانیوە به و هێز و فراوانییەوە خۆی بگەیەنێتە قوڵایی ژیانی هاوچەرخەوە، هیچ کام لە نووسەرە بەناوبانگەکانی ڕوسیا و تەنانەت جیهانیش نەیانتوانیوە بەڕادەی تۆڵستۆی کاریگەرییان لەسەر ئەدەبی جیهان هەبێت، بەرهەمەکانی ئه و سنوورەکانی تێپەڕاندووە و بۆتە ئەدەبی جیهانی و هەموو کەس و وڵاتێک خۆی لەناو بەرهەمەکانی تۆڵستۆیدا دەدۆزێتەوە.
ماکسیم گورگی کە خۆی یەکێک لە نووسەرە مەزنەکانی ڕوسیا سەبارەت بە تۆڵستۆی دەڵێت: هەموو دانیشتوانی جیهان هەر لە چین و هیندستانەوە هەتا ئەمریکا، لە هەر شوێنێک ژیانی لێ بێت چاویان بڕیوەتە تۆڵستۆی.
ئەدەبی تۆڵستۆی
تۆڵستۆی بە نووسەری چینی ڕەش و ڕووت و هەژاران لە قەڵەمدەدرێت، تۆڵستۆی سەرەڕای ئەوەی کە ناودار بووە بەڵام هەرگێز بەم ناودارییەی خۆی سەرسام نەبووە.
ڕۆمان ڕۆلان لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی ژیانی تۆڵستۆی دەڵێت: هەرگێز تۆڵستۆی لە نووسینەکانی دا بۆ بیرمەندان و گەورە پیاوان قسەی نەکردووە و نەدواوە، بەڵکوو هەمیشە قسەی بۆ خەڵکی ڕەش و ڕووت و ئاساییەکان کردووە.
تۆڵستۆی لە نووسینەکانی خۆیدا باس لە ژیانی ئه و سەردەمی کۆمەڵگەی ڕوسیا دەکات هەروەک چۆن گورگی لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی مێژووی ئەدەبی ڕووسی سەبارەت بە کتێبەکانی تۆڵستۆی دەنووسێ: کارەکانی تۆڵستۆی ژیانی کۆمەڵگەی ڕووسی بە درێژایی سەدەی 19 و سەرەتای سەدەی 20 دەخاتەڕوو.
ژیانی ئابڕوومەندانە
تۆڵستۆی لە نامەیەکیدا بۆ هاوڕێییەکی بە ناوی ئا.ئا. تۆلیتانا نووسیویەتی: مرۆڤ بۆ ئەوەی ئابڕوومەندانە بژی پێویستە ئازار بچێژێ و دژەباو بێت، هەڵە بکات، دەستپێبکاتەوە، واز بێنێ، دیسان دەست پێبکاتەوە، دووبارە دەست هەڵگرێ واتە کۆڵنەدات و بەردەوام تێبکۆشێ و بدوێت و وازهێنان و خاو بوونەوە نەفس نزمییە.
ژیان بە لای تۆڵستۆییەوە
ژیان لەلای ئه و نووسەرە مەزنە جۆرێکی تر و بە شێوەیەکی تر بیر لە ژیان دەکاتەوە، تۆڵستۆی پێی وایە ژیان هیچ نییە جگە لەکارکردن و تێکۆشان و هەڵەکردن.
تۆڵستۆی بە چی سەرسام بووە؟
تۆڵستۆی سەبارەت بەوەی لە منداڵی بە چی سەرسام بووە، دەڵێت: لە منداڵییەوە بە چیرۆک سەرسام بووە، چونکە چیرۆک بیر و بۆچوونێکی گەورەی لای ئه و دروستکردووە.
نازناوی نامۆی پێدەبەخشرێت
تۆڵستۆی هەمیشە دژە باو بووە و بەپێچەوانەی ئەوانی تر بیرکردۆتەوە بە شێوەیەک بەهۆی تێڕامان و بیرکردنەوەی جیاواز و بەردەوام، لەلایەن هاوڕێییەکانیەوە نازناوی نامۆ -یان پێداوە.
نایەوێت لە کەس بچێت
تۆڵستۆی حەزی نەکردووە لە کەس بچێت و ئەمەشی لە بیرەوەرییەکانی ساڵی 1852 نووسیوە کە دەڵێت: لەناخمدا شتێک هەیە، هەر ئه و شتە وام لێ دەکات بڕوام وا بێت من نەهاتوومە ژیان تا لە خەڵکی دیکە بچم،نازانم ئه و هەستم لە کوێوە بۆ دێ؟
تۆڵستۆی و ڕای سەبارەت بە هاوڕێکانی
لەبارەی هاوڕێکانییەوە دەڵێت: من زۆر خۆم هەڵخەڵەتاندووە، وامدەزانی هاوڕێم زۆرە، وای بۆ دەچووم خەڵکێکم هەیە لێم تێبگەن، دیارە ئەمە قسەیەکی بێمانایە، من کۆمەڵگایەک ناناسم کە بە دەستییەوە تووشی نەهامەتی و چەرمەسەری نەبووبم، وا دەزانم ئەوان بیرۆکەکانی من بە درۆ دەزانن هەر بۆیە هیوابڕاو بووم لێیان وتەریک بوون و دوورە پەرێزی بە پێویست و سوودمەند دەزانێت و دەڵێت: تەریکبوون بەکەڵک و پێویستە بۆ مرۆڤێک کە لەناو کۆمەڵگادا بژی. هەروەک ئەوەی کە چۆن پێویستە بۆئه و کەسە لە دەرەوەی کۆمەڵگە دەژی.
هۆکاری چارەڕەشی مرۆڤ
تۆڵستۆی دەڵێت: با ڕێگە بە عەقڵ بدەین بۆ خۆی چۆن دەیەوێ ڕێ بکات و بەره و ئامانجەکانت بەڕێ و پێگەیەکی بەهێزت بۆ دارێژێ، دابڕان لە وشە و کردار، تیور و پراکتێک هۆکاری سەرەکین بۆ کڵۆڵی و ڕۆژی ڕەشی خەڵک.
چاکە و چاکەداری لەلای تۆڵستۆی
تۆڵستۆی داوا لە مرۆڤ دەکات باش بێت و چاکەکاری بکات لەوبارەیەوە دەڵێت: باش و چاکەکار بە، با کەسیش بە چاکەکانت نەزانێت، هەمیشە هەوڵبدە لایەنە جوانەکانی خەڵکی دیکە بدۆزیتەوە و بە شوێن لایەنە خراپەکانی کەسدا مەگەڕێ. خۆم دەکوژم ئەگەر بۆ خەڵکی سوود و کەڵکم نەبێت.
زۆر پێویستە پێش هەموو شتێ بە باشی خۆم بناسم و کەم و کورتییەکانی خۆم دیاری بکەن و هەوڵی چاکسازی و ڕاستکردنەوەیان بدەم. زۆر هەڵەیە چەند ئەرکێک بۆ خۆم دیاری بکەم بۆ گەیشتن بە بەختەوەری، بەڵام توانای جێبەجێکردنیانم نەبێت. ئەوەی لە توانام دایە بیکەم بۆ باشکردنی کەم و کورتییەکانم.
هەرکەسێک مرۆڤ لە خودی خۆیەوە نەخوێنێتەوە هەرگیز ناگاتە زانیاری قووڵ و تەواو لەبارەی خەڵکەوە.
ڕۆمانی جەنگ و ئاشتی
ناوی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی تۆڵستۆیە، بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەدەبی ڕوسیا و جیهاندا کەسێک هەڵدەکەوێت کە جەنگ بە شێوەیەکی واقیع باس بکات، تۆڵستۆی ڕووپۆش و دەمامکەکانی لەسەر جەنگ هەڵماڵیوە و ڕووی ڕاستەقینەی جەنگی دەرخستووە و کاتێک کە باسی جەنگمان بۆ دەکات جەنگ وەک خۆی دەخاتەڕوو لە کاتێکدا خوێنەر ناترسێنێت، جەنگەکە چۆنە ئاوا دەیخاتەڕوو. ئه و لەوبارەیەوە دەڵێت: ئه و کێشە و گرفتانەی کە گرانە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر بکرێت زۆر گرانترە بە ئاگر و خوێن چارەسەر بکرێن. دەڵێت دوو شت لەبارەی جەنگەوە هەیە، جەنگ شێتییە یان ئەوەی کە شەڕ دەکات بوونەوەرێکی عاقڵ و ژیر نییە. ئاماژەی بەوەشکردووە جەنگ و ئاشتی دوو شتن کە زۆر لە مێژە شان بە شانی یەکتر هەنگاو دەنێین.
تۆڵستۆی: ئەدەب چێژە
ئه و نووسەرە مەزنە ڕای خۆی سەبارەت بە ئەدەب ڕادەبڕێت و دەڵێت: ئامانجی سەرەکی ئەدەب چێژ و خۆشییە بۆ خەڵک، بەڵام بە داخەوە من ناتوانم لەڕێگەی نووسینەکانمەوە ئەوچێژە پێشکەشی خەڵکی بکەم.
تایبەتمەندییەکانی کەسێتی تۆڵستۆی
بەڕای خزمان و برادەر و هاوڕێ و کەسە نزیک و تەنانەت ڕەخنەگران تۆڵستۆی پیاوێکی زۆر سادە و ساکار و ڕوح سووک و ئێسک سووک و خاکی و قسەخۆش، هەمیشە خۆشییەکانی لەگەڵ دەوروبەری دا دابەشکردووە، توانایەکی زۆری لە بۆ نواندن هەبووە و بە دەگمەن باسی خۆی کردووە، لە لاویدا لەدەربڕینی ڕاوبۆچوونی خۆی زۆر توند و توڕە بووە و زۆر جار ئەم توڕەبوونە کێشەی بۆ دروستکردووە، هەندێک کەس ئەم توڕەبوونەوە بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە لەکاتێکدا کە لە سوپای ڕوسیادا بووە فێری توڕەبوون بووە. کەسێکی ڕاستگۆ بووە لە دەربڕینی بیروڕای خۆی، لە تەمەنی گەنجیدا زۆر لە خۆی ڕازی بووە، سەرەڕای ئەمانەش کەسێکی سەرڕاست و ڕەوان و جوان و ئابڕوومەند بووە، لەبۆچوونەکانی خۆی هەرگیز پەشیمان نەبۆتەوە و هاوکاتیش زۆر پیاوێکی هەست ناسک و شەرمن بووە و زۆر جار لە شەرمنی دا سوور هەڵگەڕاوە. خۆشەویستییەکی جەماوەری هەبووە و هەندێک جار نووسەرە گەورەکانی سەردەمی خۆی لێی ترساون.
ژنان و تۆڵستۆی
تۆڵستۆی بە ژنەکەی دەڵێت: ئێوەی ژنان پێویستە هەموو لایەنە ناشیرینەکانی ژیان پراکیتزە بکەن تا لە ژیان تێبگەن و ئینجا بگەڕێنەوە بۆ ناو واقیعی ژیانی ڕاستەقینە و پشت بە هیچ کەسێکی دیکە نەبەستن و باوەڕی پێ نەکەن.
گەل و تۆڵستۆی
گەل هەمیشە خاوەنی وشیاری خۆیەتی، وشیارییەکی ڕاستەقینە، ئه و وشیارییە زۆر زیاترە لە وشیاری چینی دەسەڵاتدار و دەسەڵاتدار کەمینە و گەل زۆرینە، هەر بۆیە دەبێت دەسەڵات ڕێز لە زۆرینە بگرێت و گوێڕاڵی گەل بێت.
خزمەت لە ڕوانگەی تۆڵستۆی
تۆڵستۆی دەڵێت: خۆشترین ساتەکانی ژیانم ئه و ساتانە بووە کە لە پێناو خزمەت بە خەڵکی دا بەخشیومن.
نووسەر و تۆڵستۆی
نووسەر نابێت هیچ شتێک بشارێتەوە و نابێت درۆ بکات و پەیمانیش بدات لەسەر هیچ شتێک بێدەنگ نەبێت. خۆی دەڵێت من وام نەشت دەشارمەوە و نە درۆ دەکەم و نە لەسەر شتەکان بێدەنگ دەبم.
تۆڵستۆی و بەختەوەری
ئه و نووسەرە مەزنە سەبارەت بە بەختەوەرەکان و بەدبەختەکان بۆچوونێکی جوانی هەیە و دەڵێت: خۆشبەختەکان هەموویان بەیەک شێوە خۆشبەخت و بەختیارن، بەڵام بەدبەختەکان و هەژارەکان هەریەکەیان بەشێوەیەکی تایبەت بەدبەختن.
تۆڵستۆی گەورە نووسەری ڕووس ساڵی 1826 لەدایکبووە و ساڵی 1910 کۆچی دوایی کردووە. کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەدەبی ڕووس بە تایبەت و ئەدەبی جیهان بە گشتی داناوە.
ناوی کتێب/ لاپەڕە نادیارەکانی ژیانی تۆڵستۆی
ناوی نووسەر/ ک. لۆمۆنۆف
ناوی وەرگێڕ/ عەبدولستار شارباژێڕی
بابەت/ ژیاننامە
هەڵەبڕ/ وەرگێڕ
بەرگ/ ئاسان کەمال
تیراژ/ 500 دانە
چاپخانە/ چوارچرا
نۆبەتی چاپ/ چاپی یەکەم
نرخ/ 9000 دینار
PUKmedia ناساندن/ جەواد حەیدەری