لەبەرنامەی (ڕوداوی ئەمڕۆ) ی تەلەفزیۆنی ڕوداو , کەسێک بە ناوی #مەسعود حەیدەر# ئەندامی خولی پێشووی پارلەمانی عیراق / فراکسیۆنی گۆڕان , کە ئێستا ئەندامی وەفدی دانوستانکاری پارتیە لە بەغداد , باسی لەوە کردوە کە گوایە لە نێوان هەردوو وەفدی پارتی و یەکێتی ڕێکەوتن لەسەر دیایکردنی کاندیدی پارتی کرابێت وەک تاکەکاندیدی فراکسیۆنە کوردیەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بەڵام دواتر , وەفدی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# لە ڕێکەوتنەکە پاشگەز بووبێتەوە و ڕێکەوتنی لابەلای لەگەڵ فراکسیۆنە کانی تری عەرەبی لە برایانی (شیعە و سونە) کردبێت بۆ پشتیوانی کردنی کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێز کاک دکتۆر #بەرهەم ساڵح# سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عێراق , ئێمە هەم ئه و برادەرە و هەم ڕای گشتی گەلەکەمان لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە سەر لە بەری قسه و زانیاریەکانی ئه و بەڕێزە دوورن لە ڕاستیەوە و مەبەست لێ ی بێجگە لەچەواشەکردنی ڕای گشتی لە سەر ووردەکاری چۆنیەتی بەڕێوە چوونی پرۆسەکە هیچ ئامانجێکی تری لە پشتەوە نیە, لەکاتێکدا وەفدی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی جەنابی کاک کۆسرەت جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی کە کەسی یەکەمی ناو یەکێتیە ئامادە بووە لەگەڵ چەند بەڕێزێکی ترلە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی, هیچ جۆرە ڕێکەوتنێک لەگەڵ هیچ لایەک نە لەگەڵ شاندی برایانی پارتی و نە لەگەڵ کوتله و فراکسیۆنە کانی تر لە برایانی شیعە و سونە ئەنجام نەدراوە هەتا پاشگەزبوونەوە لێیان ڕووی دابێت. وەک وەبیرهێنانەوەیەکیش بۆ ئه و بەڕێزه و بۆ ڕای گشتیش کە شێوازی بڕیادان لە ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا بڕیاردانی بەکۆمەڵە , بۆیە ئەگەر هەرجۆرە ڕێکەوتنێک بەناوی یەکێتیەوە ئەنجام بدرێت جا لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسی بێت چ لەناوەوەی هەرێمی کوردستان یان هەر لایەنێکی دەرەکی پێویستە بە ئاگاداری هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی سەرکردایەتی بێت و پاشان هەڤاڵ جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی ڕەزامەندی خۆی لەسەر نیشان بدات و بە واژۆی بەڕێزیان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەدەر لەوە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ناچێتە ژێر باری هیچ جۆرە ڕێکەوتنێکی لابەلا و تاکە کەسی یەوە.
راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی (ی ن ک)
#04-10-2018#