دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن، ڕایدەگەیەنێت: لە ڕۆژانی دەنگدانی گشتی و تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە سنوری پارێزگای #سلێمانی# چەندین چاودێری خۆبەخشیان لە چەندین بنکە داناوە، بۆ دەنگدانی تایبەتیش پڕۆسەکە بە باشی بەڕێوەچووە، بەڵام بۆ دەنگدانی گشتی لایەنی باش و خراپ هەبووە.
پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن ڕاپۆرتی کۆتایی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ ڕۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی بڵاوکردەوە: ئەو پەیمانگەیە لە ڕۆژی دەنگدانی تایبەت چاودێری خۆبەخشیان لە 31 بنکە هەبووە.
بەپێی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکە کە وێنەی بۆ دواڕۆژ نێردراوە: کۆی چاودێرەکانیان پڕۆسەی دەنگدانی تایبەت بە باش تۆمارکراوە و ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنیش لەڕووی مرۆیی و هونەری و لۆجستییەوە باش بووە.
بۆ ڕۆژی دەنگدانی گشتیش، چاودێرانی ئەو پەیمانگەیە لە سنوری پارێزگای سلێمانی لە 598 وێستگە چاودێر بوون و لایەنی ئەرێنی و نەرێنییان تۆمار کردوە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگەی کوردی، چەندین لایەنی باش لە دەنگدانی گشتی هەبووە لەوانە:
یەکەم: تۆماری دەنگدەرانی کۆتایی لەسەر دیوارەکان هەڵواسراوە.
دووەم: ڕێگە بە چاودێر و بریکاری قەوارەکان دراوە سەیری داتا و زانیارییەکانی ناو فۆرمی یەکلاکردنەوە و پاکتاوکردنی فۆرمی ژمارە 50 بکەن.
سێیەم: لە کۆی ئەو وێستگانەی چاودێری کراون شوێنی نهێنی دەنگدان گونجاو بووە.
چوارەم: قەرەباڵغی ئەوتۆ لە وێستگەی دەنگدان دروست نەبووە کە کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر ڕەوتی دەنگدان.
راپۆرتەکە سێ خاڵی وەکو لایەنی نەرێنی دەنگدانی گشتی تۆمارکردووە ئەوانیش:
یەکەم: ڕێژەی 3%ی ئەو دەنگدەرانەی سەردانی بنکەکانیان کردوە، ناویان لە تۆماری دەنگدەران نەهاتۆتەوە، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری ئەو کەسانە لە هەڵبژاردنی پێشتر لەو بنکانە دەنگیان داوە.
دووەم: شوێن و جێگەی لە 30%ی چاودێران و بریکارەکان لەناو وێستگەکان لە پشت بەرپرسی پشکنینی ناسنامە نەبوو، ئەمەش پڕۆسەی پشکنینی ناسنامەی دەنگدەرانی قورس کردبوو.
سێیەم: فشار و هەڕەشەی نهێنی و ئاشکرا لەسەر چەند بنکە و وێستگەیەکی دەنگدان هەبوو بۆ ئەوەی بەشێوەی نایاسایی دەنگ بدرێت کە بۆتە هۆی وەستانی پڕۆسەی دەنگدان بۆ ماوەیەک.
پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن چەند ڕاسپاردەیەکیان ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی کردووە کە ئەمانەن:
یەکەم: ڕاهێنانی زیاتر بە بەڕێوەبەر و کارمەندانی کۆمسیۆن بکرێت بۆ ئەوەی باشتر لە ئەرک و فەرمانی خۆیان تێبگەن.
دووەم: شەفافیەتی زیاتر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەبێت بۆ لایەنی تەکنیکی و لۆجستی و هونەریی.
سێیەم: بەهەند وەرگرتنی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕاسپاردەکان.
چوارەم: ڕێکخستنەوەی تۆماری دەنگدەران لەناوی مردووان و دوبارە ئەوەش پشتبەسبوو بە داتاکانی وەزارەتەکانی تەندروستی و بازرگانی.[1]
#17-10-2018#