ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (#هەپەگە#) ڕایگەیاند، هێزەکانی گەریلا 25ی تشرینی یەکەم\3ی گەڵاڕێزان لە #سیدەکان# و چەلێ لە چوار قۆڵەوە چالاکییان دژی هێزەکانی تورکیای داگیرکەر ئەنجام داوە. هەپەگە ڕاشیگەیاند، لە دەڤەری چیای جوودیی شرناخ گەریلاکان 2 چالاکییان کردوون، بەڵام هێشتا ئەنجامەکەی ڕوون نەبووەتەوە.
لە سیدەکان 5 ڕەبایە تێکدران و 14 سەرباز کوژران
دەربارەی چالاکییەکەی سیدەکان هەپەگە ڕایگەیاند: (25ی تشرینی یەکەم\3ی گەڵاڕێزان کاتژمێر 9 هێزەکانمان دۆڵی عەلی درێژ-ی سیدەکان لە باشووری کوردستان، دژی سوپای تورکیای داگیرکەر چالاکییان کردووە. لە چالاکییەکەدا گورزی سەرکەوتوانە لە ڕەبایەکانی دوژمن دراوە. لەم چالاکییەدا 5 ڕەبایە ڕووخێنران و ڕوون بوویەوە کە 14 سەربازی دوژمن کوژراون. هەروەها دڕۆنێکی داگیرکەران لە لایەن هێزەکانمانەوە خرایە خوارەوە. سوپای تورکیای داگیرکەر لە دوای چالاکییەکە بە فڕۆکە جەنگییەکان بۆمبارانی ناوچەکەی کرد و بە کۆپتەری جۆری سکۆرسکی-ش کوژراو و بریندارەکانی هەڵگرتەوە.)
لە چەلێ 3 ڕەبایە تێکدران و 4 سەرباز کوژران
لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بە 3 چالاکیی گەریلاکان کراوە لە هەمان ڕۆژدا کە لە گردی خەرەگۆل-ی چەلێ ئەنجام دراوە و 3 ڕەبایەی سەربازی تێکدراون و 4 سەرباز کوژراون.
هەپەگە ڕایگەیاند: (25ی تشرینی یەکەم\3ی گەڵاڕێزان لە گردی خەرەگۆل-ی سەر بە ناوچەی چەلێی جۆلەمێرگ کاتژمێر 10:30 و 12:45 سێ چالاکی لە دژی یەکینەکانی دوژمن ئەنجام دراوە. لە چالاکییەکاندا 3 ڕەبایەی دوژمن بوونە ئامانجی هێرشی هێزەکانمان و تێکدران، هەروەها ڕوون بوویەوە کە 4 سەرباز کوژراون.)
چالاکی لە جوودی
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەپەگە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هێزەکانی تورکیای داگیرکەر ڕۆژی 23ی تشرینی یەکەم\1ی گەڵاڕێزان ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی دەڤەری کورسێ کەچا، یڵدز تەپەسی و گوندی ئاکێتێی چیای جوودیی سەر بە شرناخ دەستپێکردووە.
(24ی تشرینی یەکەم\2ی گەڵاڕێزان کاتژمێر 13 هێزەکانمان لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕیی شەهید دەلال و شەهیدانی بەستادا چالاکییەکیان لە دەڤەری یڵدز تەپەسی دژی یەکینەکانی دوژمن ئەنجام داوە. لەم چالاکییەدا لە 2 قۆڵەوە گورزی سەرکەوتوانە لە پەناگەکانی دوژمن دراوە، ژمارەی کوژراو و بریندارەکان ڕوون نەبووەتەوە. سوپای تورکیای داگیرکەر دوای چالاکییەکە کاتژمێر 14:30 بەبێ ئەنجام لە ناوچەکە کشاوەتەوە.)[1]
#26-10-2018#