دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای #سلێمانی# ڕایدەگەیەنێت، لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەوە نووسراویان بۆ #وەزارەتی پەروەردە# کردووە کە ڕێگە لەبەکارهێنانی مەلزەمە بگرن، چونکە بەپێی خەمڵاندنیان، ساڵانە بایی نزیکەی 900 هەزار دۆلار مامەڵە بە کڕین و فرۆشتنی مەلزەمەوە دەکرێت.
بەمەبەستی ڕێگەگرتن لە بەکارهێنانی زیاتری مەلزەمە لە ناوەندەکانی خوێندن، ئەمڕۆ هێمن فەریق، بەرپرسی لقی سلێمانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان و بەکر کەریم، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییان سازکرد.
هێمن فەریق ڕایگەیاند، دروستکردنی مەلزەمەو ساغکردنەوەی بەسەر خویندکاراندا کاریگەری خراپی کردۆتەسەر لایەنی دەروونی خویندکاران و نیگەرانی لا دروستکردوون، لەڕووی داراییشەوە بارگرانی بۆ کەسوکاری خوێندکاران دروستکردووە.
هێمن ئاماژەی بەوەکرد: مامەڵەکردن بە مەلزەمەوە لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردەو مەترسیشی ئەوەیە بەگشتی خوێندکارانی لە بەکارهێنانی کتێبی وانەکان دوورخستۆتەوەو ئێستا لە بری کتێب، مەلزەمە بەکاردەهێنن، لە کاتێکدا ساڵانە وەزارەتی پەروەردە پارەیەکی زۆر لە چاپکردنی ئەو کتێبانە سەرف دەکات، بۆیە پێویستە ڕێگە چارەیەکی بۆ بدۆزرێتەوە.
هەروەها بەکر کەریم، بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی ڕایگەیاند: پێشتر مەلزەمەکان بەهۆی کەمیی کتێبەوە باشبوون، بەڵام ئێستا حکومەت دەتوانێت کتێب چاپ بکات و ساڵانە بە ملیارەها دینار بۆ کتێب سەرفدەکرێت.
ناوبراو ڕوونیکردەوە: لەڕێگەی بەڕێوەرایەتی گشتی پەروەردەوە نووسراویان بۆ وەزارەت کردووە بۆ ڕێگری لە بەکارهێنانی زیاتری مەلزەمە، چونکە ئێستا بۆتە جۆرێک لە بازرگانیکردن لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستا کە ناوەڕۆکی کتێبەکان دەکرێنە مەلزەمەو لەگەڵ چاپخانەکان بۆندی نافەرمی دەکەن.
بەکر کەریم وتیشی: بەپێی خەمڵاندنی ئێمە هەر خوێندکارێکی پۆلەکانی 12ی ئامادەیی زانستی و وێژەیی ساڵانە 180 تا 250 هەزار دینار دەداتە مەلزەمە، لە کوردستانیش ساڵانە نزیکەی 900 هەزار دۆلار کڕین و فرۆشتن بە مەلزەمەوە دەکرێت.
پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد[1]
#18-11-2018#