رۆژی دووشەممە ڕێکەوتی #31-12-2018# پێشمەرگە و فەرماندەی دێرێنی ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هاوڕێ سەید کەماڵ بەدری دوای ماوەیەک نەخۆشی، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری لەندن دڵە نەسرەوتووەکەی کە هەردەم بە هیوای ڕزگاری و سەربەستیی کوردستان لێیدەدا، لە لێدان کەوت و ماڵاوایی یەکجارەکی لە بنەماڵە و کۆڕی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی کرد. سەید کەماڵی بەدری کوڕی سەید کەریم، ساڵی 1341ی هەتاویی لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەری شاری #مەهاباد# لەدایک بوو. سەید کەماڵ تا پۆلی دووی ناوەندی لە قوتابخانەکانی فەرهەنگیان و ڕەزا پەهلەوی ئەوسەردەمی شاری مەهاباد خوێند. ساڵ 1359ی هەتاویی دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و وەدەرنانی بنەماڵەی پەهلەوی، لە تەمەنی حەفدە ساڵیدا وەک هەستەی تشکیلاتی لەنێو شاری مەهاباد کاری دەکرد و بەهۆی ئاشکرا بوونی پاییزی 1359 بەرگی پیرۆزی پێسمەرگایەتی دەبەرکرد و بۆ ماوەی 6 مانگ لە شوڕای نیزامی شاردا لەژێر فەرمانی شەهید سەرگورد عەبباسیدا ئەرکی بەڕێوەبرد. پاشان لە هێزی شەهید پێشەوا و لکی سێی ئەو هێزەدا درێژەی بە ڕاپەڕاندنی ئەرک و کاری حیزبی و پێشمەرگایەتیدا. سەید کەماڵ لە بنکەی پەلی شەهیدانی کوردستان لە ئاوایی'' لاچین '' دەبوو کە مەودای لەگەڵ شاری مەهاباد تەنیا چەند کیلۆمیترێک بوو و لەوێرا ئاگاداری جم و جۆڵەکانی دوژمن دەبوون و هەروەها بۆ بەڕێوەبردنی چالاکیی ناو شار سەید کەماڵ بەڵەد و شارەزای ڕێی چوونە ناو شار بوو.
سەید کەماڵ بەهۆی هەڵسوکەوتی باش و قاڵب سووکی زۆر زوو بووە خۆشەویستی هاوڕێیانی و هەروەها ئەو خەڵکەی ڕۆژانە پێوەندیی لەگەڵیان هەبوو. ئەو پلەکانی پێشمەرگایەتی تا سەردەستە تێپەڕکرد و لەهەر چالاکییەک سەید کەماڵ بەشدار بووایە، هێز و ورەی دەبەخشییە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی. دواتر بەهۆی لێوەشاوەیی و کارامەیی بووە کادری سیاسی و لەو ئەرکەشدا وەک بەشە نیزامییەکی سەرکەوتوو بوو. سالی 1363 نێردرا نەخۆشخانەی حیزب و بۆ دیتنی دەورەی دەرمانی و پاشان گەڕایەوە ناوچەو بوو بە بەرپرسی دەرمانی لکی 3
پێوەندیی کۆمەڵایەتی سەید کەماڵ دەگەڵ خەڵکی ئەو ئاواییانەی بنکەی ئەوانی لێ دەبوو، گەرموگوڕ بوو، زۆر جاران لە بنکە ڕا نان و پێخۆری بۆ ئەو ماڵانە دەنارد کە دەست تەنگ و نەدار بوون.
سەید کەماڵ هاوکات کە کادری سیاسی و ئەمنیەتی و دواتر دابینکەری پێداویستیی بنکەکان بوو، لە ئاشکرا کردنی پیلان و ڕایەڵکە سیخوڕییەکانی ڕژێمی ئیسلامیی ئێرانیش خافڵ نەبوو و زۆر چالاکانە توانی دەیان نەخشە و پیلانی تیڕۆر و بۆمب دانانەوەی بەکریگیراوانی ڕژێم بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزب لە دۆڵەرەقە پووچەڵ بکاتەوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە سالی 1358سەید هیدایەت بەدری پێشمەرگەی هێزی شەهید پێشەوا کە بۆ مەئموریەتی حیزبی چوبوونە سەقز لەشەری کورەخانەی جادەی سەقز بۆکان دوای شەرێکی قارەمانانە چووە نێو کاروانی شەهیدانی گەلەکەمان و هەروەها سالی 1962 نادر شێخ مەجیدی کوری پوری سەید کەمال لە هێرشی بۆ سەر پایەگای گراوی و قۆرخەتەپە شەهید بوو.
سەید کەماڵ ساڵی 1997ی زایینی بەهۆی نائەمنی کوردستان باشوورو هەرەشەی تیرۆرکردنی بەناچار ڕێی هەندەرانی گرتەبەر و سەرەتا لە وڵاتی نۆڕوێژ و دواتر لە ئینگلیستان و شاری لەندەن گیرسایەوە. دوای چەند ساڵ ژیان لە لەندەن، نەخۆشی بەرۆکی گرت و بەداخەوە دوای ماوەیەک بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشییەکەی، دوانیوەڕۆی ڕۆژی 31ی دسامبری 2018 دڵە نەسرەوتووەکەی کە هەموو کات بە هیوای ڕزگاریی و سەربەستیی کوردستان لێێدەدا، لە لێدان کەوت و درێژەی ڕێگای خەباتی بە هاواڵ و هاوسەنگەرانی سپارد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکاریان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکاو هاوبەشی خەمیانە.
1ی جانیوێری 2019
http://www.kurdistanukurd.com/?p=39327