دەزگا ئەمنییەکانی ئێران بەردەوامن لە دەستگیرکردنی چالاکانی ژینگەپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەو چوارچێوەیەدا، دوو کەسی دیکە دەستگیرکران، بەمەش ژمارەی ژینگەپارێزە دەستگیرکاروەکان گەیشتە 14 کەس لە یەک مانگدا.
بەپێ ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارشەممەی ڕابردوو 16-1-2019، لە پارێزگای #سنە# دوو چالاکی ژینگە پارێز لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنیکی نادیار.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا دووکەس بە ناوەکانی 'ئاوات کەرەمی' و 'ئدریس محەمەدی' خەڵکی گوندی 'نگڵ'ی سەر بە #مەریوان# و ئەندامی 'ئەنجومەنی سەوزی چیا'، لەلاین هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سەرەڕای هەوڵدانی بنەماڵەکانیان، تا ئێستا نەیانتوانیوە هیچ زانیارییەکیان لەسەر شوێنی دەستگیرکردن و هۆکارەکەیان بەدەستبێنن.
ئەوە لە کاتێکدایە، دەستپێکی ئەم مانگەش لە شارەکانی سنە و کامیاران و بانە، 12 کەس لە چالاکانی ژینگەپارێز بە هۆکاری نادیار دەستگیرکراون و گوازراونەتەوە بۆ زیندانەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری سنە.
ئەوکەسانەی دەستگیرکردبوون بریتیبوون لە: ئامانج قوربانی، بەختیار کەمانگەر، زانیار زەمیران، مەهدی کانی سوری، بەرزان بابەکری، فەرهاد محەمەدی، فازل قەیتاسی، ڕەزا ئەسەدی، هادی کەمانگەر، ڕەشید مونتەزری، عیسا فەیزی و حسێن کەمانگەر.
دەستگیرکردنی ئەو ژینگە پارێزانە، جیاوازە لەو کەسانەی لەم ماوەی مانگێکدا کە چالاکوانی مەدەنی و سیاسیی بوون و دەستگیرکراون.
هەروەها هاوینی ڕابردووش بەهۆی تۆپبارانەکانی سوپای پاسدارانەوە ئاگر لە دارستانەکانی شاری مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەوتەوە، بە شێوەیەکی گوماناوی کە هێشتاش ڕوون نەکراوەتەوە چوار ژینگەپارێز لەناو گڕی ئەو ئاگرە سووتان و گیانیان لەدەستدا، هەر ئەو کاتەش چەندین ژینگەپارێزی دیکە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران.
ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵات چەندین جار ڕایانگەیاندووە، کە ئەندمانی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە ئەنقەست ئاگر لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەدەن و ژینگەی کوردستان لەناو دەبەن.[1]
#21-01-2019#