دیلان دیرایەت تاشدەمیر وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە ڕایگەیاند، لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپەدا توندوتیژیی دژ بە ژنان گەیشتە بەرزترین ئاست و وتی، هۆکاری دەستدرێژی، توندوتیژیی دژی ژنان و منداڵان، سیاسەتی حکومەتە، کە پیاوان دەیپارێزن.
لە تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژی لەدژی ژنان زیاتر دەبێت. بەپێی ئامارەکانی پلاتفۆرمی ئێمە کوشتنی ژنان ڕادەگرین (کەجەدەپە - KCDP) لە ساڵی 2013 دا 237 ژن، لە ساڵی 2014دا 294 ژن، لە ساڵی 2015دا 303 ژن، لە ساڵی 2016 دا 328 ژن، لە ساڵی 2017دا 409 ژن و لە ساڵی 2018دا 440 ژن لە تورکیا کوژراون. هەروەها لە 7 مانگی ساڵی 2019دا 245 ژن کوژراون. لە 8ی ئابدا ژنێک بە ناوی ئەمینە بولوت کە کوژرا و وتبووی 'من نامەوێ بمرم' ئەوەش جارێکی دیکە هەبوونی توندوتیژیی ئاشکراکرد. بێجگە لە ئەمینە بولوت لە هەفتەیەکدا 3 ژنی تر کوژران. 2 ژن بە قۆرسی بریندارکران. ژنان دەستیان بە خۆپیشاندانکرد و ڕایانگەیاند، پێویستە پەیمانی ئەستەنبوڵ و یاسای ژمارە 6284 جێبەجێبکرێت.
'توندوتیژی لە دژی ژنان لەگەڵ دەسەڵاتی ئاکەپە زیایکرد'
دیلان دیرایەت تاشدەمیر وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی هەدەپە لەبارەی توندوتیژی لەدژی ژنان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاند، لە تورکیا ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژی لەدژی ژنان زیاتر دەبێت. لە تورکیا هەموو ڕۆژێک ئێمە بە هەواڵێکی کوشتنی ژنان لەخەوهەڵدەستین. لە تورکیا شێوەی توندوتیژی لەدژی ژنان گۆڕاوە و مرۆڤ دەتوانێت وەک وەحشیگەری لە قەڵەمی بدات. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپەدا توندوتیژی لە دژی ژنان گەیشتە بەرزترین ئاست. هۆکاری دەستدرێژی، توندوتیژی لەدژی ژنان و منداڵان سیاسەتی حکومەتە کە پیاوان دەیپارێزن. ئەو دۆخە توندوتیژی لەدژی ژنان ئاسایی دەکاتەوە. کوشتنی ژنان لەهەمانکاتدا ڕووی ڕاستی سیاسەتی ئاکەپە دەردەخات.
'دەوڵەت دەیەوێت ژنان لە ماڵەوەدا زیندانی بکات'
تاشدەمیر وتیشی، دەوڵەت نایەوێت ژنان لە ناو کۆمەڵگادا ببنە خاوەنی پێگەی خۆیان. قەیرانی ئابووری، یاسای چەوت، سیاسەتی شەڕ، سیاسەتی پەروەردە و تەندروستیی چەوت، توندوتیژی لە دژی ژنان زیاد دەکەن. لەهەمانکاتدا پیاوی دەسەڵاتداریش هەوڵدەدات، هەموو مافێکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژنان کۆنترۆڵ بکات و ژن لە ماڵەوە زیندانی بکات. دۆخەکە توندوتیژی زیاتر دەکات. بەرپرسانی حکومەت بە ناوی ژنانەوە بڕیار دەدەن، کە دەبێت چەند منداڵیان هەبێت. ئیرادەکەیان لێدەستێنن. مەحکومی ژیانی ماڵەوە و بێدەنگییان دەکەن. لە لایەک توندوتیژی زیاتر دەبێت و لە لایەکی دیکە بەرپرسیارانی توندوتیژی سزانادرێن. ئەمەش ڕێگە بۆ زیادبوونی توندوتیژی دەکاتەوە.
'ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە'
تاشدەمیر ئاماژەی بەوەشدا، بەرپرسیاری هەموو جۆرەکانی توندوتیژی کە لەدژی ژنان بەکاردەهێنرێت پیاوی دەسەڵاتدارە. ژنان ڕووبەڕووی زۆر جۆری توندوتیژی دەبنەوە و وتی، ژنان ڕووبەڕووی توندوتیژی دەروونی، ئابووری، فیزیکی و جۆرەکانی دیکە دەبێتەوە. پیاوان کاتێک تووشی قەیرانی ئابووری دەبنەوە، توندوتیژی لە دژی ژن و منداڵەکانی بەکاردەهێنن. پێویستە بەرلەهەموو شتێک کۆمەڵگا لە ڕووی زایەندییەوە پەروەردە بکرێت. بەرپرسانی حکومەت نایەکسانیی زایەندی دەپارێزن. دەسەڵاتی پیاو ڕەوا نیشاندەدەن و وەک بەشێک لە ئایینی ئیسلام نیشانی دەدەن. لە دژی ئەو عەقڵیەتە پێویستی بە پەروەردەیەکی بنەڕەتی هەیە. بەپێی عەقڵیەتی دەسەڵات، ژنی باش، دایکی باش و منداڵی باش، ئەو کەسانەن کە لە دژی توندوتیژی لەماڵەوە خۆیان بێدەنگ کردووە. لە لایەکی ترەوە لەناو کۆمەڵگادا بێئەخلاقی بڵاودەکەنەوە. پێویستە عەقڵیەتی پیاوسالاری و زایەندپارێزی بگۆڕدرێت. پێویستە پیاوان لە سەر بناغەی یەکسانی ژن و پیاو خۆیان بگۆڕن.
'پەیمانی ئەستەنبوڵ بە خەباتی ژنان بوو بە ڕۆژەڤ'
تاشدەمیر ڕاشیگەیاند، پێویستە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە دژی ژنان، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، ژنان خۆیان ڕێکبخەن. پێویستە ژنانی فیمینیست، ڕێکخراو و بزوتنەوەکانی سەر بە ژنان لە هەموو ڕوویەکەوە لە دژی عەقڵیەتی توندوتیژ خەبات بکەن و وتی، وەک بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا - TJA) لە کوردستان و تورکیا دەستمان بە کەمپینێک کرد و ژنان لە هەموو جێگەیەک لە دەوری کەمپینەکەمان کۆبوونەوە. پێویستە ئۆپۆزسیۆن و حکومەتیش ئەرکی خۆیان جێبەجێبکەن. سیاسەتی حکومەت نەک ناتوانی توندوتیژی لە دژی ژنان کەم بکاتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی زیادبوونی توندوتیژی. ئاستی توندوتیژی لە دژی ژنان لەساڵی 2002 و تا ئێستا لە زیادبووندایە. حکومەت پەیمانەکانی پاراستنی مافەکانی ژنان پێشێل دەکات کە خۆشی ئیمزایکردووە و پەلاماری دەستکەوتەکانی ژنان دەدات. لە ساڵی 2014دا بە ڕەنجێکی گەورەی ژنان، پەیمانی ئەستونبوڵ بوو بە ڕۆژەڤ و بەهۆی بە هێزیی ژنانەوە پەیمانەکە قبوڵکرا، بەڵام لە ئێستادا حکومەت پەیمانەکە پێشێل دەکات و بەپێی بەرژەوەندیی خۆی یاساکان دەگۆڕێت[1].