#داعش#، ئەو ناوە ترسناکەیە کە ئێستا لەزەینی هەمووماندا وشەیەکە پەیوەستە بەکوشتن و سەربڕین و دەستدرێژیی کردنە سەر ژنان و...هتد، بەڵام لەکاتێکدا ئێمە ئەو هەموو هەواڵە تۆقێنەرو قێزەونە لەسەر داعش دەبیستین و دەبینین. ڕاستییەک هەیە کە هەموو لەناخماندا درکمان پێی کردووە هەر ئەو ڕاستییەشە وای کردووە هیچ هێرشێک تا ئێستا بۆ سەر نەتەوەکەمان لەم هێرشە ترسناکترو مەترسیدارتر نەبووبێت لەلای تاکی کورد، هۆکاری ئەمەش ئەوەیە داعش هێزێک و ئایدۆلۆژیایەک نییە لەهەسارەیەکی ترەوە یان لەوڵاتێکی دوورەوە هاتبێت. داعش دەکرێت هەر یەکێک لەئێمە بێت. دەکرێت ئەو دراوسێ ڕیشنە مڕومۆچەت بێت کە هەرچەند بەسفووری دەتبینێت مۆڕەت لێدەکات، یان ئەو هاوپۆلە دیندارەت بێت لەزانکۆ کە نایەتە هیچ وێنەیەکەوە کە کچی تێدا بێت و لەژیانیدا بۆ یەک سەیران و ئاهەنگ نایەت، ئەمە مانای ئەوە نییە کە ئەو جۆرە کەسانە داعشن یان فیکری داعشیان لا پەسەندە، نەخێر دەکرێت هەر یەکێک لەوانە ئامادە بێت لەپێناوی برایەکی مەسیحی یان ئێزیدیدا بکوژرێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوەیە متمانە لەناو خەڵکدا کەمی کردووە، چونکە هەموو دەزانین داعش کوردوعەرەب و تورک و فارس و هەموو نەتەوەکانی دراوسێمانیانی تێدایە، هەروەها لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام کەسانێک دەبینین کۆمێنت دەنووسن لەبەرژەوەندی و پشتگیریی داعش، دەزانین کە خانەی خەوتووی داعش لەنێوانماندا هەیە یان هیچ نەبێت کەسانێک لەنێوانماندان کە هەر کاتێک داعش هێرش بهێنێت ئەوانیش دەچنە پاڵیان و دەست دەکەن بەشەڕو کوشتارو ڕێ نیشاندەریان دەبن بۆ ماڵی ئەو کەسانەی کە موسوڵمان نین یان هەر ڕۆژێک لەڕۆژان ڕەخنەیان لەئیسلام گرتووە، بۆیە ئەوەی داعش کردوویەتی ئەوەیە متمانەی خەڵکی بەیەکتر کەمکردۆتەوە، دراوسێ مەسیحییەکەمان چیتر متمانەی بەوە نەماوە کە لەنێوانماندا ژیانی پارێزراو بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی بەسەرهاتی مەسیحییە ئاوارەکانی #موسڵ#ی بیستووە، جاران کە ئەو دراوسێ موسوڵمانەی بەجەژن دەچوو بۆ سەردانی و پێی وتبوو: وڵڵا من هیچ مەسیحییەکم خۆش ناوێت ئێوە نەبێ (ئەمە لای خۆی حاجی ژن بوو) ئەمە ئەوسا قسەیەکی ئاسایی بوو لەلای دراوسێ مەسیحییەکەمان و بەدڵێکی فراوانەوە وەری گرتبوو، بەڵام لەمەودوا خوێندنەوەی زۆری بۆ دەکات، هەمان شت ڕاستە بۆ ئێزیدییەکانیش کە لەڕاپۆرتێکی (بی بی سی)دا وتبوویان چیتر ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، چونکە متمانەمان بەدراوسێ عەرەبە موسوڵمانەکانمان نەماوە، چونکە ئەوان یارمەتی داعشیان داوەو ڕێ نیشاندەریان بوون، بەڵام کێشەی گەورەتر ئەوەیە داعش متمانەی لەنێوان موسوڵمانانیشدا نەهێشتووە، موسوڵمانێکی میانڕەو چیتر متمانەی تەواوی بەهیچ موسوڵمانێک نەماوە کە یەک تۆز ئاینەکەی تووندتر لەخۆی گرتبێت.
ئەوەی ڕاستی بێت داعش گورزێکی هێندە قورسی لەئایینی ئیسلام داوە کە هەستانەوە لێی پێویستی بەهەوڵ و هیلاکییەکی زۆر هەیە، چونکە لەکاتێکدا قاعیدەو تاڵیبان ئیسلامیان لەبەرچاوی خۆرهەڵات و وڵاتانی ئەورووپادا شێواندو متمانەی خەڵکەکەیان پێی نەهێشت، داعش متمانەی موسوڵمانان خۆیانی بەیەکتر نەهێشت و گومانی لادروستکردن بۆ ئاینەکەیان.
چیتر زۆرێک لەئێمە هەرچەند وشەی(جیهاد، فەتح، سەربڕین...تاد) لەقورئاندا دێتە بەرچاوی خێرا وێنەی کوشتارو زوڵم و خوێن ڕشتنەکەی داعش و وێنەی برا ئێزیدییە برسی و تینوو و دەربەدەرەکانی دێتەوە پێش چاو، من نامەوێت بڵێم چیتر هیوا نەماوە بۆ ئێمەی موسوڵمان، بەڵام پێموایە یەکەم شت دەتوانین بیکەین و لایەنە پەیوەندیدارەکان بیکەن ئەوەیە چاودێرییەکی تەواو بخەنە سەر جموجۆڵی ئیسلامییەکانی هەرێم و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تا بتوانن ڕێگریی لەهەموو مەیلێک بکەن، کە بەلای دەمارگیریی و تووندڕەویداو کەسایەتییە ئاینییە پۆزەتیڤەکانیش ڕۆڵی کاریگەری خۆیان ببینن و قسە بۆ ئەو گەنجانە بکەن، کە گومانی دەمارگیرییان لەسەرە، ئەوانەش کە مێشکی گەنجان پڕ دەکەن لەفیکری تووندڕەوانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و ڕێگریان لێبکرێت، بەڕای من ئەمە هەنگاوی دووەمی دوای شەڕی سەنگەرەکانە دژی داعش، چونکە ڕاستە درەنگ یان زوو داعش تێکدەشکێت، بەڵام فیکرو ئایدۆلۆژیایان لەناوماندا وەک خانەی شێرپەنجەیی دەمێنێتەوەو ئەگەر بنبڕ نەکرێت دیسان بەشێوەیەکی ترو لەلایەکی ترەوە سەر هەڵدەداتەوە[1].