سێ تێکۆشەری ڕێگای ئازادیی کوردستان لە پاریس تیرۆر کران. پاریس نەیتوانی ئەو سێ شێرەژنە بپارێزێت. ئێستا پاریس سەرشۆڕە چونکە ناخوازێ پەردە لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە لابدات.
9ی ژانویەی ساڵی 2013 لە ناوەڕاستی پاریسداو لە ئۆفیسی ئینفۆرماسیۆنی کوردستان سێ ژنی نەبەز لە لایەن دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی تورکیاوە (میت) تیرۆر کران. ساکینە جانسز (سارا) یەکێک لە دامەزرێنەرانی #پەکەکە#و سیاتوانێکی ژیر و تێکۆشەر. فیدان دۆغان (رۆژبین) بەرپرسیاری کاری دەرەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە پاریس و لەیلا شایلەمەز (روناهی) تێکۆشەری گەنج لە بزاڤی ئازادی کوردستاندا. سێ شۆڕشگێڕی دۆزی کوردستان، سێ خەباتگێڕی چالاکی بزووتنەوەی ژنانی کوردستان، سێ ژن کە هەموو تەمەنی خۆیان کردە قوربانی دۆزی کوردستان. سێ ژن کە بە بیروباوەڕو کردار نمونەی گیانفیدایی دۆزی کوردستانن.
دەوڵەتی تورکیا ئەو هێرشەی بۆسەر ژنانی کورد بە پیلان و ئامانجی کوشتن ئەنجام دا. تیرۆرکردنی ئەو شێرە ژنانە نە لە ڕووی کەسایەتی و نە لە ڕووی کات و شوێنەوە بە ڕێکەوت نەبوو. سێ ژنە تێکۆشەری چالاکی بزووتنەوەی ڕزگاریی کوردستان.
لە خەباتی ئازادیخوازی کوردستاندا ڕۆڵی ژنان زۆر لە پێشەوەیە و ساکینەش لەو بزاڤەدا سیمبوڵێکە. ڕۆژبین ژنێکە لە بواری دیپلۆماسیدا ئەکتیڤەو لەیلا ژنێکە لە خەباتی گەنجاندا دیارە. ساڵی 2013ش سەردەمی پێشکەوتنی پرۆسەی جارەسەرییە کە لە لایەن بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە-کەجەکە پێشنیاز کراوە. وەک شوێنیش پاریس شوێنێکی گرنگی کارو دیپلۆماسیی دۆزی کوردستانە.
میت لە چوارچێوەی ئەو سێ هەلومەرجەدا پلانی کوشتنی ئەو تێکۆشەرانەی داڕشت و بە کردەوەش بە ئەنجامی گەیاند. زۆر بە پلان بوو، چونکە بەکرێگیراوێکی خۆی لەناو کۆمەڵی کوردی پاریسدا چاندبوو. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەبوو کە هەر لەسەرەتاوە دەستپێشخەریی پرۆسەی چارەسەریی تێکبدات. هەڵبژاردنی پاریسیش بە مەبست بوو، چونکە ئەو کاتە فەرەنسا هاوکاری دۆزی کوردستان بوو، چ لە باشوورو چ لە ڕۆژاوای کوردستانیش.
لە دەنگدانەوەی کوشتنی ئە ژنە سیاسەتمەدارانەدا، لێکدانەوەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان و خەڵکی کور بە گشتی ڕاست دەرچوو. هەر زوو دەستنیشانیان کرد کە ئەوە دەوڵەتی تورکیایە لەپشت ئەو کارە تیرۆریستییەوە وەستاوە. هەر لەو سۆنگەیەوە بوو داوا لە فەرەنسا کرا کە تورکیا بە سەرچاوە بگرێت و لەو ڕێیەوە دەست بە لێکۆڵینەوە بکات و هەڵوێستی جدیی خۆی بەرامبەر تورکیا ڕابگەیەنێت.
ئەوا 7 ساڵ بەسەر ئەو هێرشە تێرۆریستییەدا تێپەڕی و هێشتاش دەوڵەتی فەرەنسا ئامادە نییە پەردە لەسەر ئەو تاوانە هەڵبداتەوە. مردنی ئەو کەسەش لە زینداندا کە بەکردەوە کارە تیرۆریستیەکای ئەنجامدا، گومانهەڵگرە. چونکە دوای مردنی بەکرێگیراوەکەی میت لە زینداندا، دادگای فەرەنسا ئەو دۆسییەی داخست و خستییە ناو تەپوتۆزی ئەرشیفەوە. ئەگەرچی بەردەوام لە لایەن کەس و کارو کوردەوە پشکنین و دۆکۆمێنتی نوێش سەبارەت بەو تاوانە پێشکەش کرابێت، بەڵام تا ئێستا نەکەس ئاشکرا کراوەو نە کەسیش لەسەر تاوانەکە دادگایی کراوە.
بەلام کوردان هەر لە سەرەتاوە زۆر بە جدیی لەسەر ئەو کەیسە وەستان و پلانی کردەوەکەی دەزگای میتیان ئاشکرا کرد. دواجار کەجەکە لەسەر ناوی سارا ساکینە لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیدا دوو بەرپرسی باڵای میتی دەستگیر کرد. لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەو کەسانەدا بەڵگەو دانپێدانانی میت سەبارەت بە ئەو تاوانە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا کران. ئەو ڕاستییە دەرکەوت کە دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی ئەردۆگان فەرمانی ئەو کردە تێرۆریستیەیان دەرکردووەو ئەرکی بە ئەنجامدانیشیان بە دەزگای میت سپاردووە.
دەوڵەتی فەرەنسا، بەتایبەتیش لەم پرسەدا لە هەڵەیەکی گەورەدایە. دەزگای سیخوڕیی فەرەنسا، حکومەتی فەرەنسا و دادگای فەرەنسا زۆر بە ڕوونی دەزانن کە میت و دەوڵەتی تورکیا ئەو کارەیان ئەنجام داوەو دەولەتی تورکیا بەرپرسە. ئەم کارە لە دژی سەروەری دەسەلاتی فەرەنساشە، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی ئابووری لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، فەرەنسا هیچ هەڵوێستێکی ڕوون سەبارەت بەو کارە تیرۆریستیەی لەسەر خاکی ئەو کراوە، بەرامبەر تورکیا ناگرێتە بەر.
سەبارەت بە کوردان، تاوانبار لە هەموو ڕوویەکەوە ئاشکرایە. کوردان هەموو بەڵگەو زانیاریەکانیان لەسەر ئەو کردەیە داوە بە دەوڵەتی فەرەنسا.
لە ماوەی ئەم 7 ساڵەدا دەوڵەتی فەرەنسا لە پراکتیکدا هیچ ڕافتارێکی وای سەبارەت بە ئەم کەیسە پیشان نەدا کە شایانی دیموکراسییەکەی خۆی بیت. تا ئێستاش نە لەهیچ ڕوویەکەوە ئەم تاوانی کوشتنەی ڕوون کردۆتەوە، نە کارێکی وای کردووە دەولەتی تورکیای پێ مەحکوم بکات. بۆیە ئەم هەڵوێستە نێگەتیڤەی فەرەنسا زۆر دڵی کوردانی ئێشاندووە.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە حەوتەمین ساڵوەگەڕی کۆمەڵکوژیی ژنانی سیاسەت مەدار و چالاکوانی کورد لە پاریس، زۆر بە بایەخەوە داوا لە دەوڵەتی فەرەنسا دەکات کە کەیسی تیرۆکردنی ساکینە، فیدان و لەیلا بە ڕوونی ئاشکرا بکرێت و، بە پێی بنەماکانی دادو دیموکراسی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. هەروەها دادگای پاریسیش بڕیارێکی دادپەروەرانە بدات و دەوڵەتی تورکیا لەسەر ئەم تاوانە سزا بدرێت.
پێویستە وەک هەر ساڵێک کوردان لە هەموو ولاتانی ئەوروپاوە بچنە پاریس و داوای دادپەروەریی بکەن. ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوا لە خەڵکی کوردستان ئەکەین، ئەمساڵ لە هەر ساڵێک زیاتر ڕۆژی 11.01.2020 لە پاریس ئامادە ببن و دەنگی خۆیان بگەیەننە ڕای گشتیی جیهان.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جارێکی تر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە کە ڕێبەرانی دەولەتی تورکیان، بە توندی شەرمەزار و مەحکوم دەکات.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان تا ئەو کاتەی دادپەروەریی و ماف سەبارەت ب ئەم دۆسییەیە ئەچەسپێ لەسەر خەباتکردن بۆ ئەو پرسە بەردەوام ئەبێت.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ئەو سێ تێکۆشەرەی دۆزی کوردستان بە حەسرەتەوە بەبیردێنێتەوە. ئەوان بۆ هەمیشە لە دڵی ئێمەدان و هەرگیز لەیاد ناکرێن.
#08-01-2020#