د. #هێرش ڕەسوڵ#
لە22ی نیسانی ئەمساڵدا، ساڵێکی دیکە دەچێتە سەر تەمەنی ڕۆژنامەنوسیی کوردیی، بەم بۆنەیەشەوە وێڕای دانەواندنی سەری ڕێز بۆ شەهید و پێشەنگانی بوارەکە، پیرۆزبایی له ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنکارانی کورد دەکەم و هیواخوازم ئەمساڵ ببێتە ساڵی هەنگاونانی ڕۆژنامەنوسیی کوردی بەره و ڕۆژنامەنوسییەکی چاودێر و کارا و دروستبونی (دەسەڵاتی چوارەم) له هەرێمی کوردستاندا.. لەپێناو هێنانەدیی ئەم ئامانجە گرنگەش، ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بە پێویست دەزانم:
کارکردن بۆ لێکجیاکردنەوەی هەرسێ دەسەڵاتەکە.
هەوڵدان بۆ نەهێشتنی ئاستەنگە جیاوازەکانی بەردەم کاری ڕۆژنامەنوسیی.
هەموارکردن و پێداچونەوە بە بەند و بڕگەی ئه و یاسایانەی کاری ڕۆژنامەنوسی له هەرێمدا ڕێکدەخەن، بە جۆرێ، لەگەڵ گیانی سەردەم و ژیانی دیموکراسیدا بگونجێن.
دادگاکانی هەرێم له بواری تاوانی ڕۆژنامەنوسییدا کار به یاساکانی پەیوەست به و بوارە بکەن، نەک پەنا بۆ دەقی دیکە ببەن.
دروستکردنی ڕایەڵی لێکتێگەیشتن و پەیوەندییەکی هاوبەرپرسیارێتی لەنێوان ڕاگەیاندن و دەسەڵاتدا له کوردستاندا.
ڕۆژنامەنوسانی هەرێم گرنگی به لایەنی ئاکار (ئێتیک)ی و پیشەیی بدەن و، پتر پەرە به پیشەکەیان بدەن، هەروەک گەڵاڵەکردنی پەیماننامەیەکی شەرەف کاریگەریی تایبەتی هەیە.
هەوڵ بدرێت چاکسازیی له بواری ڕێکخراوبونی ڕۆژنامەنوسان لە کوردستاندا بکرێت و سەندیکا بکرێتە چەتری هەمو ئاراستە جیاوازەکانی نێو دنیای ڕۆژنامەنوسیی کوردیی له هەرێمدا.
هەوڵدان بۆ پێشخستنی بەشەکانی ڕاگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمدا، لە هەمو ڕوەکانەوە.
لەپێناو کۆکردنەوەی داتای ورد و لەماوەی زو زودا لەسەر کاریگەریی ڕاگەیاندنی کوردی لەسەر ڕایگشتی و شەقام، سەنتەرێکی ڕاپرسیی چالاک و زانستیی دابمەزرێت و بەردەوام ڕاپرسیی له و بارەیەوە بەئەنجام بگەیەنێت.
گرنگە ناوەندێکی توێژینەوەی ڕاگەیاندن هەبێت و توێژەرانی بوارەکە بەردەوام توێژینەوەی هەستییار و گرنگ له بارەی ڕاگەیاندنی کوردییەوە پێشکەش بکەن.
کردنەوەی نێوەندێکی وەرگێڕانی توێژینەوە و کتێبه دەگمەنەکانی بواری ڕاگەیاندنیش یەکێکی ترە لە پێویستییە کان تاکو ڕۆژنامەنوسانی کورد، به تایبەت ئەوانەی تەنها بە زمانی دایک دەخوێننەوه، لێی سودمەند بن.
کردنەوەی خولی پێویستی ڕۆژنامەنوسی له دەرەوە و ناوەوەی هەرێم.
کردنەوەی کۆرسی فێربونی زمانی بیانی بۆ ڕاگەیاندنکاران.
#22-04-2020#