بە ڕەچاوکردنی دۆخی ژیان و گوزەران و کار و کاسبی و کارئاسانی هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای #هەولێر# و بۆ پێشوازیکردن لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، ئەم بڕیارانەدراوە:
1- لەژێر ڕۆشنایی بەیانی ژمارە (28)ی ساڵی (2020)ی #وەزارەتی ناوخۆ#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان، درێژکردنەوەی ڕاگرتنی هاتووچۆ تاوەکو #01-05-2020# بەردەوام دەبێت، لە کاتژمێر(6)ی ئێوارە تا (12)ی شەو قەدەخەی هاتووچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل بەتەواوی جێبەجێ دەکرێت، تەنها ڕێگە دەدرێت بە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس و ئەوانەی لە ئەرکی فەرمیدان.
2- شوێن و بازاڕ و دووکانەکان کراوە دەبن بەمەرجی جێبەجێ کردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ئەم شوێنانەش بەداخراوی دەمێننەوە، (یانە و هۆڵەکانی ئاهەنگی شەوانە، یانەکانی مەی خواردنەوە (باڕ)، کافتریا، نێرگەلەخانە، چایخانە، مەلەوانگە، گەرماو (حەمام)، سەنتەرەکانی لەش جوانی، هۆڵەکانی وەرزش، هۆڵەکانی بووک گواستنەوە، هۆڵەکانی بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، سەنتەرەکانی مەساج، گازینۆکان، کافتریا و ڕیستۆرانتی باخچەکان).
3- کارکردنی تەکسی، هەموو شوفێران دەبێت پابەندی بڕیارەکانی وەزارەتی گواستنە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن کە بۆیان دیاری کراوە:
- لە دوو سەرنشین زیاتر ڕێگە نادرێت و دەبێت لە کوشنی پشتەوە دابنیشن. بەڵام ئەگەر لەیەک خێزان بن ڕێگە دراوە ژمارەکە زیاتر بێت.
-هیچ شۆفێرێک بۆی نییە سەرنشینێک هەڵبگرێت ئەگەر ماسک و دەمامکی نەبەستبێت.
-کارکردنی تەکسییەکان ڕۆژانە بەشێوەی تاک و جووت دەبێت و بەپێی ڕۆژەکانی مانگ دیاریکراوە، بۆ نموونە 1ی مانگ ژمارە تاکەکان و 2ی مانگ ژمارە جووتەکان.
-هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان بە پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت.
-شۆفێری تەکسی دەبێت ڕۆژانە ئۆتۆمبێلەکەی بە ماددەی پاککەرەوە پاکبکاتەوە و دەبێت جامی ئۆتۆمبێلی تەکسییەکان چارەکێکی کراوەبێت ئەگەر کەشوهەوا لەبار بێت.
4- نۆڕینگەکانی پزیشکی، لەکاژێر 02:00ی دوای نیوەڕۆ تا 06:00ی ئێوارە کراوە دەبن، بەو مەرج و ڕێنماییانەی بۆیان دیاری کراوە:
-تا دەکرێت سەردانی نەخۆش بۆ (نۆرە) وەرگرتن، لە ڕیگەی ژمارەی تەلەفۆنی نۆڕینگەکان بێت.
-لەژووری دانیشتنی چاوەڕوانی نەخۆش، نابێت ژمارەی نەخۆش لە (4) کەس زیاتر بێت.
-نەخۆش نابێت لە یەک هاوەڵ زیاتری لەگەڵ بێت، دەبێت دەمامک و دەستکێشیان لەبەر بێت.
- ڕۆژانە نابێت لە 15 نەخۆش زیاتر ببینن.
-دەبێت پزیشک بۆ بینینی نەخۆش پێداویستییەکانی خۆپارێزی (ماسک، دەمامک، گاون) بەکار بهێنێت.
-هەر نۆڕینگەیەک پابەند نەبێت، بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکان دادەخرێت.
5- لە مۆڵەکان کافێ و چایخانەکان داخراو دەبن و چێششتخانەکانیش دەتوانن بە گەیاندنی (سەفەری-دلیڤەر)ی خواردن بفرۆشن، ئەو هاووڵاتییانەی دەچنە نێو مۆڵەکانیش بۆ بازاڕکردن، دەبێت دەستکێش و دەمامکیان پێ بێت.
6- چێشتخانەکان، بە پابەندبوون بەڕێنماییە تەندروستییەکان، تەنها بۆیان هەیە خواردن بە گەیاندنی(سەفەری-دلیڤەر)ی بفرۆشن.
7- پێشانگەکانی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل جگە لە ڕۆژانی هەینی ڕۆژانی دیکە کراوە دەبن.
8- لەمانگی ڕەمەزانی پیرۆز، سنی سنیانێ و کڵاو کڵاوێن و هەموو یارییەکانی دیکە و گردبوونەوەیەک بەمەبەستی ئەنجامدانی یاری شەوانی ڕەمەزان بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە.
9- شوێنەکانی فرۆشتنی تورشیات و شەربەت و شوێنەکانی دیکەی هاوشێوەیان، بەهیچ جۆرێک نابێ ڕێگەبدەن لەبەردەم شوێنەکانیان قەرەباڵخی و گردبوونەوە دروست ببێ، هەر شوێنێک قەرەباڵخی لەبەردەمی دروست بێت، شوێنەکەی دادەخرێت.
10- بازاڕی گەورەی هەولێر لەکاژێر 06:00ی ئێوارە تا 06:00ی بەیانی دادەخرێت و لەکاتەکانی دیکە کراوەیە.
11- دانانی پرسە و ڕێوڕەسمی ماتەمینی، لە (هۆڵ، ماڵ، ژێرخێوەت) لەگەڕەک و شوێنە گشتییەکان، بەهەموو شێوەیەک قەدەخەیە و هەرکەسێک پابەندی ئەو بڕیارە نەبێت ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
12- هەموو ئەو شوێنانەی کە ڕەزامەندی کارکردنییان پێدراوە و کراوەن، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن لە بەستنی دەمامک و دەستکێش و دروستنەکردنی قەرەباڵخی، بۆ ئەو مەبەستە تیمەکانی شارەوانی و قایمقامیەت ڕاسپێردراون، هەرکەس و لایەک پابەند نەبێت، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکانیان دادەخرێت.
13- دەسەڵات دراوتە قایمقامەکان بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بڕیارانە و بارودۆخی ناوچەکەیان، بەپێی سنووری جوگرافی شوینەکانی خۆیان بڕیار لەسەر داخستن و کردنەوەی شوێنەکان و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان بدەن، بەمەرجێک کۆبوونەوە و بەریەککەوتن دروست نەبێت.
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیێنێت: ئەگەرچی لەسنووری ئیدارەی پارێزگاکەمان و هەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کۆنترۆڵکردنی ئەو ڤایرۆسە قۆناخی زۆر سەرکەوتوو و پێشکەوتوومان تێپەڕاندووە و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەکێک لە نموونە سەرکەوتووەکانی خۆپارێزیی لە جیهان دادەنرێت، بەڵام هێشتا مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆتایی نەهاتووە، بۆیە داواکارین لە هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکەمان، لەپێناو ئەوەی هەموو لایەک سەلامەت و تەندروست بن و ئاسایشی تەندروستی شارەکەمان پارێزراو بێت، داواکارین کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و بڕیارەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر و قایمقامییەتەکان بن.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها سوپاسی خۆڕاگری و پابەندبوونی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێرکرا کە هاوکاربوونە لە هەڵمەتی خۆپارێزی و پابەندبوون بە ڕێنماییە تەندروستییەکان و هەروەها سوپاسی تیمەکانی تەندروستی و هێزەکانی (پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، ئاسایش، زێرەڤانی، پێشمەرگە، پاسەوانی سنوور، بەرگری شارستانی، سەرجەم هێزەکانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە کە هاوکار بوون لەگەڵ پارێزگای هەولێر.
هەروەها سوپاسی تیمە خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی و تیمەکانی پاککردنەوەی شار و باخچە و پارکەکان و ئاو و ئاوەڕۆکان، تیمەکانی کارەبای کراوە.
#23-04-2020#
=KTML_Bold=روونکردنەوەیەکی تر لە پارێزگای هەولێرەوە=KTML_End=
دوای بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، کۆمەڵێک سەرنج هەبوون لەسەر ناڕوونی چەند خاڵێک، بۆیە بەپێویستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە بڵاو بکەینەوە.
1- لە کاتژمێر(6)ی ئێوارە تا (12)ی شەو قەدەغەی هاتووچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل بەتەواوی جێ بەجێ دەکرێت، تەنها ڕێگە دەدرێت بە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و ئۆتۆمبێلی ئەمبولانس و ئەوانەی لە ئەرکی فەرمیدان.
2- بازاڕی گەورەی هەولێر لەکاتژمێر (6)ی ئێوارە تا (6)ی بەیانی دادەخرێت و لەکاتەکانی تر کراوەیە.
3- سەبارەت بە تەکسییەکان، لە دوو سەرنشین زیاتر ڕێگە نادرێت، بەڵام ئەگەر لەیەک خێزان بن ڕێگە دراوە ژمارەکە زیاتر بێت.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
23-04-2020