نووسینی: عەبدولعەزیم فنجان
وەرگێڕانی: #زانیار عەلی# (زانیار زەینەب)
ئێمە لە کارەکانمان- هەڵبەت بە شێنەیی- بۆ شیعر و شاعیران بەردەوامین.
عەبدولعەزیم فنجان پەرتووکی دووەمیشی وەرگێڕانی تەواو بووە و خەریکی پێداچوونەوەین. پێشتر تەیب جەبار پەرتووکی #مشتێک پەپوولە#ی شاعیری بۆ وەرگێڕابووین، کە لە بازاڕدایە.
پەرتووکی دووەمی فنجان، کە عەرەبییەکەی دەکاتە یەکەمین پەرتووکی شاعیر و ساڵی 2009 بە ناوی (وەک درەختێک بیر دەکەمەوە) چاپی کردووە، زانیار عەلی بە زمانێکی باش و تێگەیشتنێکی ورد بۆ دنیای شیعریی ئەو شاعیرە، کردوویە بە کوردی.
وەک دەبینن، شاعیرە شەست وپێنج ساڵەکە گەلێ درەنگ دەستی کردووە بە بڵاوکردنەوەی شیعرەکانی و ئەمەش وای کردووە بە کاوەخۆ دنیاکەی درووست بکات.
فنجان هەندێک جار هەستە سادە و ئەویندارییەکانی ئێمە بە دەربڕینە تایبەتەکەی دەکات بە شیعر، بۆیە هەست بە ناسیاوێتیی دەقەکانی، وەک هەستێکی مرۆیی، دەکەین و هاوکاتیش سەرسام بە جیاوازیی دەربڕینەکانی، کە دەبنە دەرخەری توانا زمانییە شیعرییەکەی. هەندێک جاریش خەونئاسا ئاوێتەی شتەکان، هەستەکان و ڕووداوەکان دەبێت.
بەشێکی ئەم پەرتووکە بریتییە لەو شیعرانەی بۆ هاوڕێکانی نووسیوە. جگە لە باشیی ئەو شیعرانە، هاوکات ڕەنگە ئەمە وانەیەکی شیعرنووسینیش بێت، بۆ ئەو لێشاوە شیعرەی دنیای ئێمە، کە بۆ کەسایەتی و یاد و بۆنەکان نووسراون و بە قەولێکی فنجانی، عومریان سروەیەک بوو. کەچی فنجان لەو بوارەیشدا بە زمان و ڕوانینەکەی سەرسامت دەکات.
فنجان وەک خۆی دەڵێت بەپیری خۆشەویستیی دۆزیوەتەوە، بەڵام وەک شتێک بەپیری تەنانەت شیعری دۆزیوەتەوە. ئەو وەک پیرێکی دانا، شیعری بەرز، لە باسی زۆر ئاساییدا (هەڵبەت ئەمە تەنیا هەندێک جار) ، کە لە مێژە بۆیان دەنووسین، دەخولقێنێت. [1]