کردەوە تیرۆریستیەکانی تورکیا بۆ سەر سەروەری خاکی عێراق و باشوری کوردستان، ڕیسواو شەرمەزار دەکەین، وەکو هێماو نیشانەی هێرش و پلانگێڕیەکی گشتگیر و مەترسیدار لەسەر باشووری کوردستان دەیبینین و بەهیچ شێوازێک قبوڵی ناکەین.
هەموو لایەک باش دەزانن گەلەکەمان لە باشوری کوردستان کەوتۆتە ڕەوشێکی زۆر مەترسیدار و نابێت لێی بێدەنگ بین بەتایبەتی برسی کردن و بێ موچەیی و بێ کاری تەواو گەلەکەمانی تەنگاو کردووە، لەکاتێکدا هەموو ئیمکانیەتەکان لە بەردەستدایە، هەر لە بوجە و نەوت و داهاتەکانی تر، پرسیارەکە لێرەدایە بۆچی گەل برسی و تەنگاو دەکرێ ؟
سەرەڕای ئەمانەش دەوڵەتی تورکیای فاشیست لە داگیرکاری و بۆردومانکردن و کوشتن و سوتاندنی ژینگەی کوردستان هیچ دەستی نەپاراستوە و بەردەوام بەبێ ڕەچاو کردنی یاسا نێو دەوڵەتیەکان سنورەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبەزێنێ و بە هەزاران سەربازی خۆی لە گەلێک ناوچەدا بڵاوە پێکردوە و زۆر بێباکانە لە ڕێگای فڕۆکەکانیەوە بە سەدان کیلۆمەتر لە قو ڵایی عیراق و هەرێم دا هەر لە مەخمور و شەنگاڵ و #هەولێر# و #سلێمانی# #دهۆک# بۆردومان دەکات وتا یٔێستا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی سفیلی شەهید و بریندار کردوە و ژینگەی ناوچەکەی سوتاندوە، داخۆ بۆچی وەڵامی ئەم دەستدرێژی و سنوربەزاندن و بۆردومانانەی تورکیا لەلایەن حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە نیە و بێ هەڵوێستن؟ ئێمە دڵنیاین ئەم هێرشانە بێ هەماهەنگی و هاوکاری حکومەتی هەرێم نەکراوه و ناکرێ وە دیارە دەوڵەتی عێراقیش بێ ئاگا نیە لەم هێرشانه و گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردوه.
هێرشەکانی #داعش# بۆسەر ناوچەکانی #خانەقین# و #داقوق# و کۆمەڵکوژی کاکەییەکان و هەڵمەتی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی تەعریب لە #کەرکووک# و گەلێک ناوچەی تر لەم کاتەدا بەشێکە لە و پیلانگێڕیانه بۆ سەر گەلەکەمان، گەلێک کە هەموو کۆمەڵکوژی و ئەنفال و کیمیایی بینیبێت هەرگیز دەست لە ئازادیەکانی خۆی بەرنادات و بەرخۆدانی دەکات، پێویستە لە سەر ڕای گشتی و نێو دەوڵەتی و حکومەتی عێراق بێ هەڵوێست نەبن بەرامبەر دەستدرێژیەکانی دەوڵەتی تورکیا، ئەم مەترسیانەی لە باشوری کوردستان بەتایبەتی و گەلەکەمان لە تەواوی کوردستان بەگشتی نابێت بێ وەڵام بمێنێتەوە، بۆ دەربازبوونیش لەم دۆخە هەرچی زووە هەموو لایەنە ئازادیخواز و سیاسی و ڕۆشنبیرەکان دەستبەجێ بێینە لای یەکتر و بە کۆ دەنگی هەڵوێست و فشارەکانمان چڕبکەینەوە.[1]
#16-06-2020#