نووسینی: وەلید عومەر
کورتەیەکی کتێبەکە:
تاکێتی و تاکگەرایی, پێشوەخت مشتومڕێکی بنەڕەتیی تیۆرییە نەک ئەو وێنا کورتکەرەوەیەی دونیای ئێمە وا تاکێتی بە یەک هەڵهاتن لە یەک دادەنێت. ئاشکرایە لەو ڕووەوە مرۆڤ بەتەنیا لەدایکدەبێت, بەتەنیا نان دەخوات, بەتەنیا خەون دەبینێت و فەنتازیا لێدەدات, بەتەنیاش دەمرێت. ئەگەری هەیە ئەم زەینیەتە بشڵێت: مرۆڤ هەیە بە جمک لەدایکدەبێت, بەکۆمەڵ ناندەخوات, لە خەوندا ئەوانیتری لەگەڵە و جاریش هەیە بەکۆمەڵ دەمرێت. بەڵام لەڕاستییدا ئەم ڕاکێشانە, بەرەنجامی هەمان زەینی چەندایەتییە لە ئاستە ساکارەکەیدا (نەک چەندایەتی بە مانا مۆدێرنە زانستگەراییەکەی). ڕەنگە جۆرە تاکگەراییەک وابکات هەندێک لەم کردارە ڕۆژانەییە بەشێوەی تاکبوونەوەیەکی فیزیکی ڕووبدات, بەڵام کێشەی تاک لەبنەڕەتدا تێڕامانە لە پەیوەندیی تیۆریی نێوان تاک و تاک, یان تاک و کۆ, یان تێپەڕین بۆ ئەودیوی تاک و کۆ, یاخود سیاسییتر: تاک و دەوڵەت چ جۆرە پەیوەندییەکیان پێکەوە هەیە؟ کە باسی تاک و تاکگەرایی دەکەین, یەکسەر وێنەیەک لە زەینماندا ئامادەدەبێت: هەڵهاتن لەوانیتر, خۆخزاندنە نێو گۆشەیەکەوە, دەرهێنانی کەسێک لە قەرەباڵغییەک و قرتاندنی دەزووە کۆمەڵایەتییەکانی بەو قەرەباڵغییەوە. بەڵام ئاخۆ گەر کەسێک لە قەرەباڵغی دەرچێت و لە سووچێکدا بەتەنیا بژی, دەبێتە تاک؟ یاخود تاکبوون و تاکایەتی لەم وێنەیە ئاڵۆزترە؟ دەکرێت ئێمە تەنهاش بین و هاوکات تاک-یش نەبین؟ یاخود دەکرێت لە قەرەباڵغییدا بین و هەمان کات تاکێکیش بین؟ لە وێنە فیزیکییەکەیدا, ئەمڕۆ مرۆڤەکان بەتەنها دەبینرێن, بەتەنیا ئۆتۆمبێل لێدەخوڕن, بەسەر شەقامەکاندا بەتەنیا ڕێدەکەن و هێدفۆنێکیان لەگوێیە, لە ماڵەوە بەزۆری لە ژوورێکدان, لەپشت شاشەکانەوە هەرکەسە و سەری بەسەر تەنیایی خۆیدا شۆڕکردووەتەوە. ئاخۆ ئەم وێنە فیزیکی و بینراوانە, بەرەنجامی تاکگەراییەکن کە دونیای گرتووەتەوە یان پرسی تاکگەرایی و تاکێتی لەم وێنانە ئاڵۆزترن؟ ئەم نامیلکە بەرایی و تیۆرییە, تۆمارکردنی کۆمەڵێک ئایدیا و خاڵی جیاجیایە لەسەر کێشەی تاک. نامیلکەکە, توێژینەوەیەکی باوی ئەکادیمی نیە کە لەسەرەتاوە تا کۆتایی بگاتە یەک ئەنجامی یەکانگیر, یان تێزێک بکاتە دەسمایەی خۆی و بڕێک کڵێشە داڕێژێت و دیسپلینەکانی زانکۆ بەرهەمبێنێتەوە. بەپێچەوانەوە, هەڵڕژاندنی کۆمەڵێک بیرۆکەی تیۆری و خاڵی جیاجیایە کە چەشنی کێشەی تاک لەمڕۆدا پەرتەوازەیە.