چنارۆک
چنارۆک چنارۆک، چنارۆکی کۆیەی خۆش
سەیرانگەکەی چنارۆک، غەم لێی دەبی فەرامۆش
به بای شەماڵی کوێستان، لەم دیوی هەیبەسوڵتان
دێته سەما درەختان، دەبزوێنێ هەست و هۆش..
سولی پاشا، خاڵه بڵباس، له ساردی لێی ناکرێ باس !
دەتەزێنێ کەللەی کاس، له هاوین که دەکەی نۆش
ڕەزی هەنجیر و مێوی، میوەی دەخورێ به لێوی
گەر باش بیکا به خێوی، ڕەزەوانی به پەرۆش !
گوتیان : ئەمڕۆ بەهاره، ئه م هاوینەهەواره
جێی چاوبازی دڵداره، پڕه له مەست و مەدهۆش
لایێ بەزم و ئاهەنگه، لایێ شایی قەشەنگ
به بەرگی هەمەڕەنگه، هەموی بێ باده سەر خۆش !
ڕەشبەڵەکی چاو مەستان، دەست دەنێنه ناو دەستان
له دەم جۆگه و ڕۆخ بێستان، به گۆرانی پڕ له جۆش !
(جەلال جۆبار)